تاريخ: ۱۴۰۲ جمعه ۲۲ دي ساعت ۱۳:۴۰ بازدید: 1505      نظرات: 0      کد مطلب: 22483

شەوەشێعری وەفایی لە مەهاباد بەڕێوەچوو


به پێی هەواڵی هاژه، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، شەوەشێعرێک لە ژێر ناوی وەفایی لە تالاری وەحدەتی شاری مەهاباد بە بەشداری شاعیرانی پێنج پارێزگا بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕە لە لایەن بنکەی فەرهەنگی، هونەری، ئەدەبیی موکریانی مەهاباد بە هاوکاری شووڕا و شارەداریی ئەم شارە و بە بەشداری بەرچاوی جەماوەری بەڕێوە چوو.

نەرمین ئیبڕاهیم ئازەر، وتەبێژی بنکەی موکریانی مەهاباد به هاژەی گووت: سێ مانگ لەمەوبەرە بانگەوازی شەوەشێعری وەفایی بڵاو کراوە و لەم ماوەیەدا لە پێنج پارێزگا، ۱۲۰ شاعیر پتر لە ۵۶۳ بەرهەمیان بۆ ئێمە بەڕێکرد.

ئەو زیادی کرد: لەنێو ئەم بەرهەمانەدا، بەرهەمی ۲۲ شاعیر لە لایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە هەڵبژێردرا و لەم شەوەشێعرەدا خوێندرانەوە.

لەم کۆڕەدا حەسەن عەباسی فەرمانداری شارستانی مەهاباد، بابەک ڕۆستەم‌پوور شارەداری مەهاباد، کەریم ڕەحیمی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد، جەلال وەتمانی بەرپرسی کۆمیسیۆنی فەرهەنگی شار، سالار پوورمەند بەڕێوەبەری بنکەی موکریان و قادر نیازی نوێنەری لێژنەی هەڵسەنگاندن وتە و پەیامی خۆیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

 لەم شەوە شێعرەدا، هەر یەک لە شاعیران: شەریف مرادی (مەریوان)، ئەمین گردیگلانی (بۆکان)، سۆهەیلا مەیهەمی (سنە)، عەبدوڵڵا گولابی (مەهاباد)، عەتا وەلەدی (مەریوان)، زاهید ئەڵڵایاری (پیرانشار)، حومێرا محەممەدئەمینی (بانە)، داود مسماری (مەهاباد)، جەمیل مرادی (کرمانشان)، مادیح کۆنەپۆشی (مەریوان)، بایزید بێ‌خیش (مەهاباد)، شێوە عەبدوڵڵاهی (بانە)، شێرزاد ڕۆستەم‌دوست (سردشت)، هیوا ئەسەدی (دیواندەڕە)، جەماڵ ڕەسووڵی (مەریوان)، کەریم خزری (شنۆ)، کاوە شەمسی (بۆکان)، خالید ئەحمەدی (سنە)، ئەنوەر خاتەمی (مەهاباد)، ئیقباڵ ڕاستی (مەریوان)، عەلی ئازیز (مەهاباد) و نەرمین ئیبڕاهیم ئازەر (مەهاباد) بە خوێندنەوەی شێعر کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

هەروەها گرووپی مووسیقای بارینی مەهاباد بە سەرپەرشتیاری ڕەحمەت ئیبڕاهیمیان، چەند بەرهەمی هونەرییان پێشکەش کرد.

خاڵی بەرچاوی ئەم شەوەشێعرە، ڕێزگرتن و بەخشینی تەندیسی شانازیی شيوەشێعری وەفایی بە دوو مامۆستای شاعیر، ڕەسوڵ کەریمی (مامۆستا سووتاو) و قاسم موئەیەدزادە (مامۆستا هەڵۆ) وەک وەفا و خۆشەویستی خەڵکی مەهاباد و کوردستان بۆ تەمەنێک حەول و کۆششی ئەدەبی ئەو دوو شاعیرە بوو.

وێنە: حوسێن خاڵندی 










برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد