تاريخ: ۱۴۰۲ چهارشنبه ۲۰ دي ساعت ۱۸:۲۱ | بازدید: 939 نظرات: 0 کد مطلب: 22481 |
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی بەرفرانباری ١۴٠٢ بە ئامادەبوونی بەرپرسان، ئەدیبان و ئەدەبدۆستانی شاری مەهاباد لە هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد، پەردە لەسەر تەندیسی شەوەشێعری وەفایی لادرا.
جەلال پوورحەسەن، لە بەڕێوەبەرانی شەوەشێعری وەفایی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبیی موکریانی مەهاباد لەو بارەیەدا گوتی: بنکەی فەرهەنگی و هونەریی موکریان، بە هاوکاریی شووڕای شار و شارەوانیی مەهاباد، شەوەشێعری وەفایی بەڕێوە دەبات. ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی شاعیرانی پێنج پارێزگای وڵات، شەوی پێنجشەممە، ٢١ی بەرفرانبار لە هۆڵی وەحدەت بەڕێوە دەچێت. ڕێوڕەسمی پەردەلادانیش هەر لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی شەوشێعری وەفاییدا ئەمڕۆ ئەنجام درا.
کەریم ڕەحیمی، سەرپەرستی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی مەهاباد لەو ڕێوڕەسمەدا گوتی: جێی دڵخۆشییە کە بنکەی ئەدەبیی موکریان (ئەنجومەنی ئەدەبی)، وەها شەوەشێعرێکی ڕێکوپێک و هەمەگیر بەڕێوە دەبا، هەروەها جێی ئەوەیە دەستخۆشی بکرێ لە ئەندامانی شووڕای شار و شارەوانی مەهاباد بۆ پشتگیری لە فەرهەنگ و هونەری شارەکە.
بابەک ڕۆستەمپوور، شارەوانی مەهاباد لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر تەندیسی شەوەشێعری وەفایی ڕایگەیاند: شارەوانی، پشتگریی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ بۆنە هونەرییەکان و ڕێوڕەسمە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان. یاریدەدان به بەڕێوەبردنی شەوەشێعری وەفایی و هەروەها هاوکاریکردن لە بەڕێوەبردنی فێستیواڵی فیلمی ئاسمان لە بەرنامەکانی شارەوانیی مەهابادە.
ئاڕەش شەهابی، سەرۆکی شووڕای شاری مەهاباد گوتی: هیوامان وایە شەوە شێعری وەفایی بە باشترین شێوەی خۆی بەڕێوە بچێت و شووڕای شاریش ئامادەی هاوکارییه. شووڕای شار و شارەوانیی مەهاباد لە باسی فەرهەنگی کارگەلێکی بەرچاوی کردووە، لەوان، سازکردنەوەی حەوزخانەی ڕۆستەمبەگە و بەرنامە بۆ نەوژەنکردنەوەی هێندێک شوێنی دیکەی فەرهەنگی و مێژوییە.
|