تاريخ: ۱۴۰۲ شنبه ۲ دي ساعت ۱۴:۲۲ بازدید: 989      نظرات: 0      کد مطلب: 22390

هاوسەفەری؛ گرووپی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب‌خوێنی موکریانی مەهاباد


سەیید موحەممەدئەمین واژی


ڕۆژی یەک‌شەممۆ۲۶ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی هەتاوی، بەپێی بڕیاری پێشوو کاک کەماڵ مەولوودپور هات لەدووم، کاتژمێر ۷و سی‌وحەوت خولەکی بەیانی بوو، هێشتا وڵات هەروا لە تارمایی‌ دابوو، تاو لە وڵاتی نەدابوو.  کاک کەماڵ خۆی لە کاڕگێڕانی سەرای مامۆستا هێمن و هەروەها چالاکڤانانی مەدەنی و فە‌رهەنگییە. چەند ڕۆژ پێشتر پێوەندی پێوە گرتم کە فڵانی لەبەرئەوەی بەڕێزتان دەگەڵ مامۆستایانی ئایینی ئاشنایەتیتان زیاتر هەیە، هاوکاریمان بکەن بۆ دامەزراندنی کتێبخانە لە ئاوایی‌یەکانی مەهاباد. دیارە ئەمنیش هە‌ر بەم پێیە پێوەندیم گرت بە مامۆستای ئایینی ئیساکەند، کاک کەماڵ هاتە چوارڕایە و پێکەوە وەڕێ کەوتین بەرەو مەلا جامی تا دۆستانیش کۆ ببنەوە. لەبەرئەوەی ڕۆژی پشوودان بوو، نێو شار خەڵوەت، پاکوانەکان خەریکی پاک‌وخاوێن کردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان بوون. هەورەکان لە ئاسمان کەڵەکەیان بەستبوو نازانم بە تەمای کوێ بوون،  هەر کارناسی هەوا دەڵێ ئەمساڵ تەڕەساڵ دەبێ و هیچ هەواڵێکیش لە بەفر و باران نییە، ئەوە قەوسی پاییز خڵاس دەبێ، ڕۆژەکانی پاییز چوار ڕۆژیان ماوە قەڵەم‌بازی ئەو دیوی زستان بن. باران زۆر کەم باریوە، هێندەی نەماوە تەختایی بەنداوی سابڵاغ وەدەرکەوێ. دۆستان کۆ بوونەوە و دوو ماشێن بووین. ئامادەبووانی ئەم سەفەرە بەڕێزان: ۱ـ  کەماڵ مەولوود پوور. ۲ـ چالاک کوردە. ۳ـ خاتوو شەویار گولابی‌ئازەر. ۴ـ خاتوو ئامینە سونبوولی. ۵ـ ئیدریس مێهرپەروەر . ۶ـ پەیمان ئیبراهیم‌دووست. ۷ـ نووسەر. ٨ـ ئەندازیار نەژەند(تاران) لە لایەن ئەنجوومەنی حامی، لە مەهاباد وەدەرکەوتین خۆر وەدەر کەوت. ڕووناکی بەسەر وڵات کشا و تارمایی ڕاماڵی، بەڵام گەڵای داران سیس و زەرد هەڵگەڕاو، لە قەراغ ڕێگا بە تیشکی تاوێ ئەوەندەی دیش تخێڵ ببوونەوە، هیوابڕ نەبوون و باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی دوایی هەبوو.

کاتژمێر نیزیکی هەشت لە کەڵکی بەگزادان وەسەرکەوتین و کەوتینە ڕووکاری ئیندرقاش. پێم وا بوو لێخوڕی ماشێن کاک کەماڵ تووند دەڕوا، جادە خەڵوەت بوو، هەر لە دەوری شێست دەڕۆیشت، گوتم ڕەنگە بۆیە وا سەبر بڕوا تا دەگاتە سێ‌ڕای بورهان، چاوم لێ کرد لەوێ تا مەبەست هەر لە نێوان حەفتا و هەشتادا دەڕوا، پیاو لەگەڵی ئەرخەیانە، لێخوڕینەکەم بەلاوە پەسەند بوو. ڕۆیشتین، بە دەم ڕێوە قسەمان دەکرد و باس لە  کتێب و پێشوازی ئاوایی‌یەکان لە خوێندنەوەی کتێب بوو شەویار خاتوون زۆر ڕازی بوو لە دەڤەری سەڵماس کە بەخشدار و خەڵکی ئاوایی‌یەکە بۆ کردنەوەی کتێبخانە، پێشوازی گەلێ چاکیان لێ کردووین. منیش یادی ئەم وتەی مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەبیعی کەوتم کە ڕاسپاردەی بەڕێزیان لەمەڕ گرفتی کورد، هەر ئەمە بوو؛ بخوێنە و بخوێنەوە بوو! گڵۆڵەی مێشکم لە کرماشایە‌ڕا هاتەوە سەر دێڕ و لە سەرەوژێری تیکانلووجە بۆ مڵکی زگدڕاو وەسەر دەکەوتین، تیرێژی ڕۆژی وه‌ها خۆی دە چاویلکەی من و کاک کەماڵ بڕیبوو، بڕستی لێ بڕیبویین، ناچار ڕانگرت و کاک ئیدریس سێ چوار لۆچ ئاوی بە شووشەکان داکرد، ئەوەندەی تریش ماشێن لە ڕۆیشتن شل بۆوە. هەرچۆن بوو ئەم مەودا کورتەن بڕی و گەیشتینە ڕووکاری نێوان زگدڕا و قەرەبڵاغ، بە سیلەی چاوان دیتن سایپایەک وەریگێڕاوە و کەوتۆتە سەر لاتەنیشت و دوو کەسی بە سیسی لە پەنا ڕاوەستابوون، جا یا خەویان لێ کەوتبوو یا تیشک و تیرێژی تاوێ وەهایان دە چاو چەقی بوو کە جادەیان لێ تێک چووبوو بە لاڕێ‌دا ڕۆیشتبوون. بەر لەوەی بگەینە قەرەبڵاغ، بەرپرسانی ڕێگەوبان دوو لەمپەری لوول‌دراو بە مەودای بیست میتر ڕایەڵ کردبوو. هیچ دەسنیشانێک دانەندرابوو. باوەڕکە کەسێ شارەزا نەبێ ڕەنگە بە ڕووداوی هات و چوو نان و دۆی بابی نەخواتەوە. گەیشتینە قەمتەرێ و کاک ئیدریس باسی ئەوەی کرد کە قەمتەرێی ساڵان نەماوە، ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و لەبەر ئەوەی سەری سوڵتان دەکەلی مخابراتی لێیە و ئاڵوگۆڕەکە بەرچاوترە. کەوتمەوە سەر ئەو شێعرەی مامۆستا هەژار لەمەڕ سەری سوڵتان؛
خۆشی بۆ تۆیە دراوسێی جوانی
دۆستی تۆن قەمتەرەیی و دەرمانی.

ئیساکەند:
هەشت‌و‌سی‌وهەشت خولەک گەیشتینە گوندی ئیساکەند. چاومان لێ کرد وەک جاران وشترمەل بۆ فرۆشتن و کەلاکیان بۆ برژاندن لە دەرێ هەڵناوەسرابوون. دیارە هەبوونی وشترمەل، پێشانگای کۆتەڵی دەسکرد بە ڕووکاری وەتەمیش ـ کە خۆی دیمەنێکی سرنج‌ڕاکێشە بۆ ڕێبواران ـ هەروەها نیزیکی لە ئەشکەوتی سەهۆڵان، سرنجی گەشتیاران زیاتر بۆ لای خۆ ڕادەکێشێ. گوندی ئیساکەند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژیکی هەیە. ئیساکەند لە ۳٨ کیلۆمیتری ڕۆژهەڵاتی شارستانی مەهاباد هەڵکەوتووە بەپێی سەرژمێری ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی ۳۳۷کەسە. مامۆستا هەژار ماوەیەک لەم ئاوایی‌یە فەقێ بوو؛ دەڵێ:
باشە شەوباشێ لە ئیساکەند کەین
یادی یارێکی دەم و لێو قەند کەین.
دووکاندارێک لە بەردەم دووکانەکەی ڕاوەستابوو، دوای سڵاو و چاک و خۆشی پرسیمان کامەیە ماڵە مامۆستای ئاوەدانی؟ گوتی هەر لەو کۆڵانە لاکێشەی داگەڕێنە خوارێ لە پەنا مزگەوتێیە. مامۆستا مەلا جەلیل لە بەر دەرگایە چاوەڕێمان بوو. ئێمەی ڕێنومایی کرد بۆ دیوی میوانان، دیار بوو دوو دیو بوون دەپاڵ یەک کرابوونەوە، دارەڕا و مۆرەی قەدیم بوو. گوتی تا ئەو ساڵانەی دواییش دەرگای زەمانی مامۆستا مەلا عەلی ڕەببانی تێدا مابوو سەردەرانەکەی هەموو قوفڵ و زنجیر بوو، دوای بەخێرهاتن، نان و خوانێکی زۆر بە لەززەتی لە پێش دانایین. باس لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینی کرا کە وەک کۆڵەکەی ئەدەبیات و شۆڕشەکان و بگرە مێژوو و فەلسەفە بوونە، دادە شەویار باسی لە ڕۆڵی گرینگی مەلا ئەحمەدی فەوزی کرد و منیش بە ئاوڕدانەوەیەک، ئاماژەم بە کەسایەتی زانا، شەرع‌زان، ڕۆژنامەنووس و موفتی بەغدایە مەلا موحەممەد قزڵجی کرد، کە لە مزگەوتی حاجی سەیید بایز لە مەهاباد مەلا بووە، زانای زۆر گەورەی وەک مەڕحوومی پێشەوا قازی موحەممەد، مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم‌زادە، مامۆستا خاڵەمین و دەیان کەسایەتی تری پەروەردە‌ی دەستی وی بوونە، لە پاشان لەگەڵ سمایل‌ئاغای سمکۆ لە ورمێ ڕۆژنامەی کوردیان دەرکردووە.

لەم کۆڕەدا باس لە ئاوایی ئیساکەند کرا و ڕوو لە مامۆستا کرا کە کەش و هەوا و بارودۆخی دێ چۆنە، مامۆستا زۆر ڕازی بوو چ لە بواریی ئایینی و چ لە بارەی زمانەوانی. دوای نان و چا خواردن چووینە ئەم شوێنانەی کە دەکرا ببنە کتێبخانە. بزانین کامەیان فاکتۆری هەبوونی کتێبخانەی تێدا بەدی دەکرێ. سەرەتا چاو لە مزگەوتی ژنان کرا، کە ڕۆژانی هەینی بۆ نوێژی جومعە دێن، دوایە دیوێک کە لە تەنیشتی مزگەوتێ بوو؛ زۆر لەبار بوو نیزیکی پەنجا گەز دەبوو، بەڵام ئەویش دانرابوو وەک چێشتخانە و بۆ چێشت لێنانی کاتی سەرەخۆشی. دوو دیوی چکۆلەش بوون ڕووبەڕووی مزگەوت ئەوانیش خاپوور بوون. مامۆستا گوتی ئەم دوو دیوەش هەیە کە خاوەنەکەی لێرە نییە و بە کرێی دەدا، ئەندازیار نەژەند کە لە تاران‌ڕا تەشریفی هێنابوو وەک بەرپرسی کارەکە لە هەمووان ڕاست و چەپ دەبوو وێنەی لێ هەڵدەگرتن. خوا هەڵناگرێ مامۆستا زۆری زەحمەت کێشا، زۆر دە حەول دابوو کە ئەم ئیمتیازە بۆ ئیساکەند بێ، ئەمە نموونەیەکە لە دڵسۆزایەتی مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان، لە کۆتایی‌دا بڕیار درا مامۆستا لەگەڵ خاوەن خانووه دوو نۆهەمەکە، قسە بکات و بەڵکە لە لایەن شاندی گەشە و پەرەپێدانی کتێبیش تەئید بکرێ، بە گرتنی چەند وێنەیەک ماڵاواییمان لە مامۆستا و گوندی ئیساکەند کرد، مامۆستا لەبەر ئەوەی بۆ نیوەڕۆ بانگهێشتن کرابوو، بەرەو گوندی سڵامەت و ئێمەش بەرەو مەهاباد کەوتینە ڕێ.
لە نیزیکی یاڵاوەی بڕیار درا کە هەر هاتووین، بگەڕێینەوە سەرێک لە ئەشکەوتی مێژوویی سەهۆڵانیش بدەین.

باس لە چالاکڤانانی کتێبخانەکان
جا بەر لەوە بچینە سەهۆڵان با باسێک لە خزمەت و چالاکییەکانی کاری گرووپی “گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب‌خوێندنەوەی موکریان”  بکەین بۆ ئەم بەشە داوام لە کاک کەماڵ مەولوودپوور کرد باس لەم گرووپە و هەروەها خزمەتەکانی بکات، گروپی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب‌خوێنی موکریانی مەھاباد، به هاوکاری ئەنجومەنی حامی تاران، تا ئێستا توانیوییەتی لە شار و دێهاتەکانی ناوچەی مەهاباد نیزیک بە پانزدە کتێبخانەی گشتی بکاتەوە ،ئەو کتێبخانانە لەو ئاواییانە توانیویانە ببن بە شوێن و ناوەندێکی فەرهەنگی و پەروەردەیی بۆ خەڵکی ئەو ئاواییانە و تەنانەت ئاوایی‌یەکانی دەوروبەریشیان. بە خۆشییەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کتێبخانەی گشتی ئاوایی‌یەکانی مەھاباد لە فیستیڤاڵی سەراسەری ئێران‌دا لە نێوان هەزاران ئاوایی کە بەشداری ئەو فیستیڤاڵەیان کردبوو توانیویانە پلەی "ھەڵبژێردراو" بەدەست بێنن، وەکوو ئاوایی‌یەکانی گۆکتەپە، سەیدئاوا، لەج و خوڕخوڕە ،ھەروەھا گروپی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێنی موکریانی مەھاباد، دوو خول بەشداریی فێستیڤاڵی سەراسەری پایتەختی کتێب بووە کە لە ھەر دوو دەورەدا لە نێوان سەدان شاری بەشداری ئێراندا ،وەکوو پێنج شاری ھەڵبژێردراو و شاری داھێنەر و خەللاقی کتێب، پلەی بەرزیان بە دەست ھێناوە و ڕێزنامەی یۆنسکۆیان وەرگرتووە. ھەروەھا ئەم گرووپه لە جێشنوارەی سەراسەری باشگاکانی کتێب‌خوێنی، وەک دەبیرخانەی چالاک و ھەڵبژێردراو لە جەشنوارەدا خەڵاتیان وەرگرتووە.
جێی ئاماژەیە، ئەم گرووپە توانیویەتی بێجگە لە ناوچەکانی مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، ڕەبەت، مەریوان و بگرە سەڵماس و... بۆ کردنەوەی کتێبخانە، هاوکاری ئەنجوومەنی حامی تاران بن و هەنگاوی خۆبەخشانەی بۆ بنێنەوە. دیارە لە ناو کتێبەکانیان‌دا جگە لە کتێبی فارسی کتێبی کوردیش ڕەچاو کراوە.

سەهۆڵان:
وەڕێ کەوتین بەرەو ئەشکەوتی سەهۆڵان، بەدەم ڕێوە قسە لە کوردستانی باشوور کرا، کە دەکرا هەوڵی زیاتریان دابا بۆ ئاوەدان بوونەوە. گەیشتینە دەروازەی ناو دێ و پسولەیان دەدا بە لێخوڕی ماشێنەکان. ئاوایی سەهۆڵانمان لێ وەدەر کەوت، یادی سەیید کاکەجان هاتەوە بیر کە مامۆستا هەژار دەڵێ:


نیاز ڕەوای لاو و کچۆڵان هەر هەی!
«کاکە جان» پیری «سەهۆڵان» هەر هەی

یادی خوالێخۆشبوو مەلا مراد ئەکڕان کە ماوەیەک لێرە مەلا بوو کەوتەوە بیر، گەلێ جار دەهاتمە سەردانی. زۆری قوڕئان لەبەر بوو کە لێرە دوور خراوە و، لە چەقەڵ‌مستەفا بووبوو بە مەلا کە ۱۶ی بانەمەڕی ۱۴۰۱ی هەتاوی بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ کۆچی دوایی کرد. گۆڕەپانی بەر دەرگای ژووری ئەشکەوتن لێ وەدەر کەوت، کاک کەماڵ زەحمەتی کێشا هەشت پسولەی وەرگرت کە دانەی چل هەزار تمەن بوو. دەرگای فەرمی بەسترابوو بە لای داڵانەکەی‌دا کە نیزیک بە دووسەد پلیکان دەبوو(وەک هێندێک سە‌رچاوە باسی لێ دەکە‌ن 160 بۆ 170پلیکان دەبێ) داگەڕاینە خوارێ. گەیشتینە نیزیک بەلەمەکان، بەڕێوەبه‌رانی وێ ئاماژەیان کرد جلیتقەی نەجات دەبەر کەن، تا بەلەمەوان چۆ ناو بەلەمەکە، دەگە‌ڵ هاوڕێیان چەند وێنەی یادگاریمان گرت.

بەلەمەوانەکە باسی ئەم ئەشکەوتە سه‌رنج‌ڕاکێشەی کرد و گوتی: مێژووی دۆزینەوەی ئەشكەوتەکە نادیارە چونکوو لە لای دەستی گوندی زۆر ئاوەدان کراوەتەوە و خەڵک بەردەوام وەکوو پەناگە و شوێنێک بۆ ڕاو کەڵکیان لێ وەرگرتووە.بە شێوەی فەرمی سەدوسی ساڵ لەمەوبەر لە لایەن، ژاک دێمۆرگان گەشتیاری فەڕەنسی لە نێوان ساڵەکان ١٨٩٢-١٨٩٦ ی زایینی بە هاوڕێیەتی خەڵکی گوندی سەهۆڵان دەستی داوەتە چێ کردنی بەلەمی چێوی و لە ڕێگای ئاوەکەوە تێپەڕیوە. بەپێی خڵتی دیوارەکە دەگوترێ: مێژووەکەی بۆ شێست‌وپێنچ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم ئەشکەوتە دوو دەرکەی هەیە کە بەرزایی دەرکە سەرەکییەکەی نیزیک بە ١٧٦٥ میتر و بە ناوی کونەکۆتر کە بەرەو دەرکەیەکی بچووک بە قووڵایی ٣٠ میتر دەڕوات. دەرکەی دووهەم نیزیک بە ١٧٩٥ میتر بەرزە و بە ناوی کونەماڵان بەناوبانگە. ئێستا فەرمانداری مەهاباد و ناوەندی پاراستنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی مەهاباد ئەرکی پاراستن و بەڕێوەبەرایەتی‌کردنی لە ئەستۆیە. ئەم ئەشکەوتە تەنیا چوارسەد گەزی دۆزراوەتەوە، شەشسەد گەزی تری ماوە ئەگەر بدۆزرێتەوە، هێشتا مەلەوانان و ئاسەوارناسەکانی شارەزا نەیانتوانیوە بەشەکەی تری بدۆزنەوە. دەنا دەبێتە کیلۆمیترێک. ئێستا پاییزە و گەشتیاران کەم دێن دەنا هاوینێ دەبێ چەندین کاتژمێر ڕاوەستی تا لۆتکەت وەگیر کەوێ. ئێستا بیست‌ودوو کەس لێرە کار دەکەن کە بەخۆشییەوە هەموو خەڵکی سەهۆڵانێن.

ئەشكەوتی سەهۆڵان بە بۆنەی سروشتی سەرەنج‌ڕاکێشیەوە یەکێک لە ناوازەترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئێران و کوردەواری دێتە ئەژمار. ئەشكەوتی سەهۆڵان لە گوندی سەهۆڵان لە ٤٢ کیلۆمیتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد لە نێوان مەهاباد و بۆکان هەڵکەوتووە. بەرزایی ئەشکەوتەکە تا ئاستی دەریاچەکەی دەگاتە ٥٠ میتر و قووڵایی ئاوه‌کە لە هەندێک جێگایدا دەگاتە ۶۰ میتر. خەڵکی خۆجەیی ئەو ناوچە بە ئەشكەوتی سەهۆڵان دەڵێن کونەکۆتر یان هێلانە کۆتر؛ هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی زۆری هێلانەی کۆتر لە ناو ئەشکەوتەکەیە. [سەرچاو: ئەژانسی هەواڵی مێهر]

دوای هاتنەدەر ماشێنەکانن هەڵکرد و گوترا ئەرێ لێرەڕا کێوی تەرەغە دیارە؟ سەرمان هەڵێنا و لە لای قوبڵە وەدەر کەوت، من نەچوومە بەڵام هاوڕێیان دەیانگوت مرۆڤ ئەگەر دەچێ هەست بە شایی‌بەخۆبوون و سەربەرزی دەکات.
تەرەغە کێوێکی قووچە بە بەرزایی2223 میتر لە ئاستی دەریا، لە ڕۆژئاوای شاری بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵکەوتووە. گوندێکیش هەر بەو نێوە لە نیزیک کێوی تەرەغە هەیە؛ که مامۆستا هەژار بە گەنجی لەوێ ژیاوە.
مامۆستای ئاوا دەڵێ:
تەرەغە خۆشی سەرت هەر بەرزە؟
لێک جیابوونەوەمان چەند وەرزە؟
یاری ڕاکردوو دەمی ڕابردوو
وە بەسەر تۆوە کڵاو با بردوو.

بەرەو مەهاباد
دوایی وەڕێ کەوتین بەرەو مەهاباد لە ڕێگەدا باس لە ڕۆیشتنی چینی خوێندەوار و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و لاوان بۆ وڵاتانی بیانی کرا بەگشتی لە موکریان و بەتایبەتی لە سەردەشت کە ئەمە مەترسییەکی سامناکە کە  تا دوو سێ ساڵی تر ئەم خەسارەتە چاتر دەردەکەوێ، بۆخۆمان جێ بە خۆمان لێژ دەکەین.
باس لە زانایان و مامۆستا ناوبەدەرەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا؛ وەک: مامۆستا مەلا باقری بالک، مامۆستا مەلا حوسەین مەجدی، مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی و  مامۆستا قازی خزری و حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمه‌دیان و دەیان کەسایەتی تری بەناوبانگ..

باس لە ڕۆمان کرا، ڕۆمانی گۆمی بەردەلانکێ کاک کامڕان حامیدی و میرزا و هاوارە بەرەی مامۆستا فەتاح خانی ئەمیری کرا. شەویار خاتوون گوتی: لە ڕۆمان‌نووسان بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن هەم سووژەکەیان و هەم پەردازیشەکەیان  سەرکەوتووترن.
دوازدە و بیست‌وپێنج خولەک گەیشتینەوە مەلا جامی. من دابەزیم و دۆستان چوونە سەردانی کتێبخانەی سەیداوا.

پەڕاوێز:
ئاشانایەتێکی کورت لەسەر مامۆستای ئاوایی ئیساکەند لە زمانی خۆیەوە؛
بە نێوی خودای بەخشەر و دلۆڤان
من نێوم "جەلیل فەتحی" لە دایک‌بووی ۶ی جۆزەردانی ۱۳۵۰‌ی هەتاوی، لە گوندی سڵامەت لە بنەماڵەیەکی دین‌پەروەر لە دایک بووم. هەر لەم ئاوایی‌یە خڕەکە بووم و پێگەیشتووم . دوا بڕینی خوێندنی پلەکانی سەرەتایی هەر چەند خوالێخۆششبوو  بابم یەکتەن ودەست کورت بوو، منی نایە بەر خوێندنی فەقێیەتی.
بۆ یەکەم جار لە خزمەت مامۆستا مەلا قادردا کە مامۆستای ئاوایی‌یەکەمان بوو دەستم کرد بە خوێندنی ئەلف و بێ، و دوای ماوەیەک قورئانم خەتم کرد. دوای خەتم‌کردنی قورئان ئەمجار بە فەرمی بوومە فەقێ و بۆ خوێندن ڕووم کردە حوجرەکانی کوردستان، سەرەتا لە خزمەت حاجی مامۆستا سەیید ئەحمەد حوسەینی دەستم کرد بە خوێندنی کتێبی ئەحمەدی پاشان، بۆ پەرەپێدانی خوێندن ڕووم کردە حوجرەکانی دیکە وەکوو حوجرەی مزگەوتی فاڕوقی ئەعزەم، قاراوای سەقز، شاریکەند، ساردەکوێستان، مزگەوتی مەحمووداوای بۆکان، بەرد بڕانی سەقز، نجنێیژورو. لە خزمەت مامۆستایانی بەڕێز و خۆشەویست؛ حاج مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەد حوسەینی، مامۆستا مەلا حوسەین مەجیدی. مامۆستا مەلا عەلی شاریکەند. مامۆستا مەلا ئیبڕاهیم بەهرامی، مامۆستا مەلا سەیید عومەر ئاییچی و زۆر مامۆستای دیکە توانیم لە خزمەت ئەم مامۆستا بەڕێزانە پلەکانی زانستی بخوێنم و لە کۆتایید‌ا ساڵی ۱۳۷۶ی هەتاوی لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا حوسەین عەزیزی، لە مزگەوتی سەیید قوتب مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرم. ساڵێک بەر لە ئیجازە وەرگرتن، ژیانی هاوسەرگیریم پێک هێناوە کە بە‌رهەمی ئەم هاوسەرگیرییە کوڕێک و دو کچ  بە ناوەکانی فاڕووق و، مائیدە و سەنا ـ یە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ڕێکەوتی 27ی سەرماوەزی 1402 هەتاوییە لەم ئاواییانە؛ وەک: قادراوای ئۆغەن(قادراوای باخچە) ئوزنقشلاق، دونگوز، دێوەیساغا و ئێستەش ماوەی 13ساڵە لە ئیساکەند ئەرکی پیرۆزی مەلایەتی بە‌ڕێوە دەبەم. 

ئەمڕۆ مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد ئەمین واژی و گرووپی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب‌خوێنی موکریانی مەهاباد تەشریفیان هێنا بە مەبەستی دانانی کتێبخانە لە ئاوایی ئیساکەند زۆر خۆشحاڵ بووم کە بە خزمەتیان گەیشتم هیوادارم خۆشیان لێ گوزەرا بێت و دیسانیش داواکارم بۆ دامەزراندنی ئەم پەڕتووکخانەیە بێ هیوامان نەکەن. والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته

خۆێنەری بەڕێز! منیش لێرەوە خوا حافیزیتان لێدەکەم و ئەمن بەخێر و ئێوە بە سڵامەت.
نووسەر: سەیید موحەممەدئەمین واژی
۲٨ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی هەتاوی




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد