ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۱۲ی مانگی سەرماوەزی۲۷۲۳ی کوردی کۆڕی ڕەخنەو هەڵسەنگاندنی کتێب لە ژووری تایبەتی ئەنجومەن ئەدەبیەکان لە مەهاباد بەڕێوە چوو.
لەم دانیشتنەدا سەرەتا خاتوو «چرۆ پەرویزنیا» وەک کۆڕگێڕ و بەڕێوبەری دانیشتنەکە ئاماژەیەکی خێرایی لە سەر ژیان و کەسایەتی و چالاکی و ڕۆژنامەوانی نووسەری ڕۆمانی (شەڕ ڕوخساری ژنانەی نییە) خستە ئارا و هەروەها ئاماژەیەکی کورتی لە سەر ناوەرۆکی ڕۆمان و تەکنیکی بەکارهێنراو لە نووسینی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە بەنرخە ڕاگەیاند. دواتر خاتوو «پەروین دانش پەژووه» وێرای بەخێرهاتنی هاوڕێیان دانیشتن و تەوەری بەرباسی ئەم ڕۆژەیان زیاتر بۆ هۆگران شێ کردەوە.
سەردێڕی وتار و لێدوانانەی بۆ ئەم کۆبوونەوەو لەسەر ئەم ڕۆمانە ئامادە کرابوو بەم شێوە بوون:
۱. «خاتوو گەلاوێژ بەیگ نیا» بە باس و لێدوانێک لە سەر شەڕی دووهەمی جیهانی و کارەساتی ئەم ڕووداوانە لە ساڵەکانی ۱۹۳۹-۱۹٤٥ لە کتێبی شەڕ ڕووخساری ژنانەی نییە دەخاتەوە یاد.
۲. «بەڕێز یۆسف بابەکی» لە باسەکانی خۆیاندا ئاماژە بە ناوەرۆکی کتێبەکە کە بریتیه له گێڕانەوەی هێندێک بیرەوەری ئەو کیژانەی وڵاتی یەکێتی سۆڤیێت کە لە بەرەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی له هەموو بوارەکاندا کە وێڕای پیاوان بەشدار بوون و له گێڕانەوەکانیاندا باسی لەخۆبردوویی خۆیان و کێشەکانی شەڕ بە تایبەت بۆ ژنان و شوێندانان لەسەر هەستی ژنانەی خۆیان دەکەن. هەروەها ئاماژەیەک بە هێندێک ڕووداوی دڵداری و ئەوینداری دەکەن که ئەوکاتی کەڵکەڵەی زەینی کچەکان بووه. باس لە کێشەکانی دوای شەڕ دەکەن کە به هۆی بەشداری له شەڕدا تووشی هاتوون.... کتێبەکە شێوەی گوزارشتی هەیە و لە نووسراوەکان دا هێندێک ناڕێکوپێکی بەرچاوه.
۳. «خاتوو لالە حەسەن ڕیحانی» لە لێدوانی خۆیاندا ڕۆڵی گرینگی ژنانی ڕووسیە بۆ بەرگری لە نیشتیمان لە بەرابەر هێرشی فاشیزم دەخاتە بەر ڕوو.
٤. «بەڕێز مەسعوود ڕەشیدی» لێدوانێک سەبارەت بە کتێبی(شەڕ ڕەنگ و ڕووی ژنانەی نییە).
٥. «خاتوو تروسکە بەرخانە»بە بابەتێک لەسەر ئەدەبیاتی جەنگی ڕووسیە و پەرەپێدان بە لێکۆڵێنەوەی کتێبەکە باسی بایۆلۆژی ژن دژ بە شەڕ دەکات.
٦. «خاتوو عیشڕەت موشفێق» وێڕای لێکدانەوەی ئەو کتێبە وەک بەرهەمێکی بەڵگەمەند تیشکی شرۆڤەی خستە سەر شێوازی داڕشت و خاڵە گرێنگەکانی پێکهاتەی ئەو داستانە بە سرنجێکی تایبەت لەسەر تەکنیکی فرە دەنگی.
۷. «خاتوو ماریا بابامیری» بە چەند پرسیار ئاخۆ شەڕ چییە؟ مرۆڤ بۆ چی شەڕ دەکا؟ پێناسەی خەڵک لە شەڕ چییە؟ چەنی دەتوانێ شوێندار بێت لەسەر داهاتووی وڵات؟
٨. «خاتوو فەوزیە یاهو» "خوێندنەوەیەکی کورتیان لەسەر کتێبی شەڕ ڕووخساری ژنانەی نییە".
۹. «خاتوو نەرمین ئیبراهیم ئازەر» هەر بە سەردێری کتێبەکە کە شەڕ ڕووخساری ئینسانی نییە.
۱۰. «خاتوو مەلی قادری» باس لە بوێری ژنانی زەمانی شەڕ و نەترسی نووسەر لە نووسینی ڕاستەوخۆی گفتوگۆکان بە دوو خەباتی گەورە و جیاواز.
۱۱. «خاتوو پەروین دانش پەژووە» وتارێک لە ژێر ناوی «جەنگ ڕووخساری ژنانەی نییە».
۱۲. «خاتوو چرۆ پەرویزنیا» بە سەردێری وتارێک لە ژێر ناوی سووکەئاورێک لە ڕووخێنەرترین شەڕی مرۆڤایەتی لە کتێبی شەڕ ڕووخساری ژنانەی نییە.
لە پاژی کۆتایی دانیشتنە هاوڕێیانی بەشداربووی ترمان بە کۆبەندێک لە بیر و بۆچوونی جیاواز و لە گۆشەنیگای تایبەتەوە لەسەر بابەتەکان و ناوەرۆکی ڕۆمان دوان و کۆڕی ئەمجارەی ئێمەیان دەوڵەمەندتر کرد و هەر بەم شێوازە دانیشتنەکە بە ناساندنی کتێبی مانگی داهاتوو کتێبی «کورد کێیە؟ لە نووسینی سۆران حەمەڕەش» کۆتایی پێ هات. شایانی باسە کوێ وتار و لێکدانەوەکانی ئەم دانیشتنە بە تەواوی لەسەر کاناڵی «ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد» بڵاو دەکرێنەوە!
هەر لێرەوە و لە ڕێی هاژەوە بانگهێشتی گشت ئازیزان و هۆگرانی کتێب و کتێب خوێندنەوە دەکەین لە دانیشتنەکانی ئەنجومەن دیالۆگی مەهاباد بەشداری بکەن و ئێمەش بێبەش نەکەن لە ڕوانگەو بۆچوونەکانیان.
«لێژنەی بەڕێوبەرایەتی ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد»