تاريخ: ۱۴۰۲ شنبه ۱ مهر ساعت ۱۸:۴۹ بازدید: 1763      نظرات: 0      کد مطلب: 21891

بیرەوەریی بەتام و خوێی سەرەتای مامۆستایەتیم!


 

بیرەوەریی بەتام و خوێی سەرەتای مامۆستایەتیم!!

 

دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر

 

[ بە بۆنەی خانەنشین‌بوونم، پێشکەشە بە تێکڕای قوتابییەکانم لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا؛ هەروها بە بۆنەی 1ـی ڕەزبەر و کرانەوەی قوتابخانەکان و زانستگاکان، پێشکەشە بە سەرجەم خوێندکارانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووم لە زانکۆکان و، لەدواییش‌دا پێشکەشە بە هەموو هاوڕێ خاوەن هەڵوێستەکانم لە یانەی پەروەردە و بارهێنان 

 

لە یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم، وەک مامۆستای دەرسوێژ، لە ئاوایی "شۆخجەل"ـی شارئاوەدان، هاوکارەکانی ساڵی خوێندنی نوێم دۆزینەوە و بەسەرم کردنەوە. پێش ئەوە، ڕوانگەی من زۆر جیاواز بوو بەرانبەر بە قوتابخانە و ساڵی نوێی خوێندن و ئەم باس و بابەتانە. ئەخەهەر وەک ئێستا ئاماژەم پێ دا، بۆ من ئەم ڕووبەڕووبوونەوە نوێباو و جیاوازە لە هەوەڵین ڕۆژ لە هەوەڵین ساڵی مامۆستایەتیمدا ڕووی دا. سەرۆکی قوتابخانەکەمان، بە وتەی ئەم هاوڕێ نوێباوانەم، دوو مانگ لەمەوبەر بەهۆی ڕووداوی پێکدادانی ئوتووبووس لە نێوان شەقامەڕێی "تاران_شارئاوەدان"، جەستەی بەتوندی ئازاری پێ گەیبوو و دۆخی تەندروستیی کەوتبووە مەترسییەوە. لە سەرەتای ڕەزبەر تا کۆتاییی وەرزی پاییز بێ سەرۆک بووین و قسەی خۆمان بێ و لەنێو خۆمان دەرنەچێ چ پەکمان بە هەبوون و نەبوونی سەرۆک و مەرۆک نەکەوت و بۆخۆمان گشت ئیشەکانمان تێدەپەڕاند _ببوورن: "ڕادەپەڕاند"_. دوای ئەو ماوەیە کابرایم ناوێکمان لێ پەیدابوو و لێمان وەژوور کەوت کە گوایە سەرۆکی گۆرینمان ئەم مام‌میرزایەیە. بەڕواڵەت هەتا خوا حەز دەکا مرچ و مۆن و نەدوێن و ڕەزاگران و بێ دم و دوو دیاری دەکرد و هەرامەیەکی ئاماڵ-پشتێنبەندیان لە ملی خستبوو، پەرژینێکی بەگوڵ بێ هەر دەتکوت هەرامەی گۆرینە کە دیارە واباشترە بڵێم: ئێستا ناوەکەیم لەبیرنەماوە! کاتی قسەکردن لەگەڵ هەرکەس دەبوو ڕووی تەواو وەرگێڕێ بۆ لای ئەو کەسە، هەر دەتکوت "فارس وتەنی" ئادەم ئاهەنییە و بە قەوە و باتری کار دەکا و هەڵدەسووڕێ!

جاکەتێکی ڕەشی تاناکۆڕاییی گەوەرتر لە جەستە و کێشی خۆیشی لەبەردابوو کە شان و شه‌پیلکی لای چەپەی بەتەواوی داچۆڕاندبووە خوارێ و دیاربوو ئەو "کۆت"ـە جلێک نەبوو کە پڕ بە شان ‌و بەژنی ئەو "کابراماقووڵە"دروابێ و بڕابێ! بەڵام گەر لەحەق لانەدەین، دوایە وردەوردە وەدیار کەوت کە کابرایم کاکڵ و توێکڵ و ڕواڵەت و حاڵەت و لانی ژوورەوە و دەرەوەی _وەک زۆر دیاردەی تر و وەک تاقمێکی زۆر لە بنیادەمەکان_ لێک جیاواز و لەیەکنەچوو و تەنانەت ناتەبا و دژاودژە. مەبەست ئەوەیە کە کابرایم پیاوخاسێک بوو بەڵام پێچەوانە دەهاتە بەرچاوان!

ئێستا مانگێک تێنەپەڕیبوو کە کاڕەحیمی هاوکارمان کە مامۆستای ئەدەب بوو_ بە هەر دوو مانای ئەدەبەوە_ دوور لە گیانی سووکە هەڵامەتێکی وای پێوە نووسا کە ئەو پیاوە بە بەژن‌ و باهۆیەی لە هەردێ ڕاکێشا و نەهاتەوە بۆ قوتابخانە. کابرایمی سەرۆکمان بەبێ‌یەک‌ودوو نامەی غەیبەتی بۆ بەڕێ ‌کردە یانەی ‌پەروەدە. دوای دوو ڕۆژ کە هاوڕێی هەڵامەت وێکەوتوومان هاتەوە، نێوچاوانی غەزەبی خودای لێ‌ دەباری و زۆری بەسەر سەرۆکماندا گوڕڕاند و بۆڵاند و گلە و گازندەی تووندی خۆی ئاراستەی کرد. کابرایم کە کابرایەکی سارد و گەرم ‌چێشتووی بەئەزموون و لە کڵ‌دەرهاتوو بوو لەسەرەخۆ کوتی: زۆر باشە، زۆرباشە، مەرج بێ لەمەودوا بۆ کەس نامەی غەیبەت بەڕێ نەکەم. بەڵام، بەڵام بە مەرجێک؛ لەمەودوا هەرکەس غایب بوو، کە دیارە پتروپتر بەهۆی ناساغی و نەخۆشییەوەیە، هەر ئەوێ شەوی دادێ بۆ مولاقات و نەخۆش ‌بینین! ڕێک‌ڕێک لە کاتی شێوخواردن‌دا، گشت هاوکاران یەکتر لە ماڵە هاوڕێ خۆشەویستە نەخۆشەکەمان مولاقات دەکەین! هەر کەسیش بەشداربووی ئەو مولاقاتە نەبێ، هەر لەو کاتەدا و هەر بەو بۆنەیەشەوە، شەوی دواتر دەچینە مولاقاتی ئەو. کابرای تاوانبار چ عوزری هەبێ و چ عوزری نەبێ، عوزر و موزر کاتی وا پاکی دەشۆردرێنەوە!

ماوەی دوو حەوتوو تێپەڕی و کایۆنس کە پیاوێکی بنەماڵەخۆشەویست و دوور لە گیانی ئاڵی بوو و مامۆستای دەرسی "دین و ژین" بوو لەپڕدا پێڕاهات و نەخۆشیی گۆرین وای دۆخی تەندروستییەکەی تێک دا و گۆڕی کە بیری کفن و گۆڕی بە دڵ و زەینی‌دا دەهات و بیری ختووکە دەدا و هەر بەو هۆیە نەهاتەوە بۆ قوتابخانە. کابرایمی سەرۆکمان کوتی: جا کوڕەکان لە منتان ‌کەوێ، بەپێی بەڵین و وادەی بڕیاردراوی پێشوومان ئێوارێ لای بانگی شێوان لە گردی تەنیشت قەبرستانی کۆن چاوەڕێتانم تا لێکڕا بچینە مولاقات و نەخۆش ‌بینین!

ڕێک لە کاتی دیاریکراودا تێکڕای هاوکاران خۆیان گەیاندە کاسەرۆک. بەم تەوفیر و جیاوازییەوە کە کاڕەحیمی زەبروێکەوتوو پێش هەموومان، تەنانەت پێش کاسەرۆکیش، خۆی گەیاندبووە ئەم شوێنە و بە ژێست و فیگۆڕێکی لێبڕاو و مافخوازانەوە لەوێندەرێ وێستابوو!

 

بەهۆی بەڵەدنەبوونمان، دوای کاتژمێرێک و نیو ماڵە کایۆنسمان دۆزییەوە و کە دەقولبابمان کرد کایۆنس لە نهۆمی سێهەمی ئەو قەڵا و باڵاخانە خواروخێچ وچەپرەک و چووکەڵەیە کە لەسەر تەپۆڵکەیەکی‌ڕا دەیڕوانییە کۆڵانی خوارەوە و دەتکوت "ماڵە کایۆنسانە" کە بەتەنیا لە ئاوەدانی دوور خراوەتەوە، ئەلەو سەرەڕا خەریکی خۆتوندکردنەوە و پاتۆڵ ‌بەستنەوەبوو، کە لە دەلاقەی نیوەکراوەی پەنجەرەکەڕا ئەو حەشیمەتە دوازدە نەفەرییەی بینی، دوای ئەوەی لەجێی خۆی ویشک ویشک هەڵگڕا و چاوی وەک تای تەورداس و وەک لاتەرازووی لاسەنگ بە مۆلەق ‌وەستا! هەوەڵ شتێکی وەبیری‌هاتەوە نەحسایەتی ڕەقەمی سێزدە بوو کە ئەو حەشیمەتە بە خۆیەوە _وەک "هۆکاری کۆتای پێهێنەر"واتە:"علت تامّە"_ دەبوونە سێزدە و ئەو نەحس‌بوونە، وەک هەمیشەی خودا نەحەساوەیی بۆ ئەو بە دیاری هێنابوو. کاتێک بە لارولەنجەوە بە پەیژە خێچ و چەپرەک و چەواشە هەڵبەستراوەکانی ئەم قەڵا و باڵاخانە ئاماڵ-تاراوگەیەدا سەرکەوتین و چووینە نهۆمی سێهەم، کابرایم پێش سڵاو و مەرحەبا و چاکوخۆشی بە دەنگێکی بەرز و نێرانەوە کوتی: جا براژن گیان خۆت دەزانی کە ڕۆژەکان زۆر قوڵەن و بەخوا زۆر دەمێک نییە کە لەسەر نان و خوانی نیوەڕۆ هەستاوین و جارێ تا ماوەیەکی دیش برسیمان نییە و چ پەلەوهەلەیەکمان نییە، .....کابرایم ئەلێرەدا بەهۆی پشووسواری لە ئاکامی کەژەوانییەکەی کاتێک‌ لەمەوبەر _ببوورن: "لە ئاکامی پەیژەوانییەکەی کاتێک‌ لەمەوبەر"_ پشوویەکی دا و کایۆنس و خێزانیشی پشوویەکیان وەبەرخۆ هاتەوە و ئاوا تێگەیشتن کە کاسەرۆک و هاوڕێیەکانی بە نان و پەنیر و کەرە یان هێلکەوڕۆنێکی ئاسایی یان ئەوپەڕەکەی بە هەردووی ئەم بژاردانە دادەمرکێن و هەرچی بێ، مەترسییەکە لەناو چووە و ئاوری کێشەکە ڕۆمرکاوە، هەتا ئەوکاتی کە کاسەرۆک ئاوای درێژە بە قسەکانی خۆی دا و کوتی: ...جا براژن گیان، گەر فڕووج و مڕووج و گۆشت و مۆشت و کەلوپەلی پێویست لە ماڵێدا نییە، چ نابێ و چ نەبووە خۆ کافرستانی نییە.... دیسان خەریک بوو کایۆنس و خێزانی شاییان لە دڵیدا بگەڕێ کە کاسەرۆک بەبێ پسانەوە و وەستان گوریسەکەی لێ کردنەوە خوری و درێژەی پێ دا و کوتی: ....نا،نا جێی چ دڵەڕاوکێ و نیگەرانی نییە، هەر ئێستا کا یۆنس دەنێرین و جارێ لانیکەم تا کاتژمێریکی دیش دووکان و بازاڕ هەر کراوەیە.... کایۆنس هاوکات لەگەڵ ئەوەی لەبن خۆیەوە ویرەویرێکی ئاماڵ-ئازایانە و ناڕازیانەی لێ هات و من کە زۆری لێ نزیک بووم گوێم لێ بوو کە دەیکوت: وەڵڵا ئەگە دەمزانی ئەو غەزەبانە شۆخی و مۆخی نازانن و هەرچی دەێڵێن لەسەری سوورن و وەڕاست دەگەڕێ، بە بڕانکاردیش بایە خۆم دەگەیاندەوە قوتابخانە، ...دوای ئەو ویرەویرە و دوای ئەوەی باجە خەراجاتی خێزانی ڕایسپارد و لیستی پێداویستییەکانی پێ سپارد، بەهەڵەداوان و بەبێ ماڵاوایی لە ماڵێ دەرپەڕییە دەرێ و دوای کاتژمێرێک بە هانکەهانک و پشووسواری و بە کۆڵێک کەلوپەل و هەرامەوە و لەدیمەن و ڕواڵەتی لۆرییەکی کە لە ڕادەی یاسایی و ئاساییی خۆی پتریان بار لێ ناوە، وەژوور کەوت!

نان و خوانی ئەوێ شەوێ دەورووبەری کاتژمێر 12ـی نیوەشەو ئامادە بوو و چون هاوڕێیەکان دوای چاوەڕوانییەکی زۆر گەلێکیان برسی ببوو، تێرتێریان خوارد و کایۆنس کە لە گشتمان ماندووتر ببوو، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی کە لێگدالێگدا ئه‌و ڕستە حەکیمانەی دووپات دەکردەوە: "گەر نەخۆی ماڵە خۆت، بۆت دەخۆن خەنیمی خۆت!" دەست و مەچەکی لێ هەڵکرد و پارووی لێ بادا و بێدڵیی خۆی نەکرد و تا عارەقی ڕەش و شینی کرد هەر گەدە و مەدەی ئاخنی و خواردی و نەکشاوە دواوە و بەرەگە و مەتەرێزی چۆڵ نەکرد و ورەی بەرنەدا. پاساویشی ئەوە بوو کە جیا لە خواردن و شێوەکە کە هی خۆی بوون مەدە و گەدەکەش هەر هی خۆی بوو!

ئەوێ شەوێ بە قسەی نەستەق و فشە و پێکەنین و گێڕانەوە و وەبیرهێنانەوەی سەرلەنوێی ڕووداوەکان و چیرۆکەکانی ئەو چەند مانگەی قوتابخانە شەومان شەق و شڕ کرد و ڕاما‌ن‌بوارد.

کاتژمێر دوو و نیوی شەو بوو کە لەو ماڵە ئاماڵ_تاراوگەیەڕا گەڕاینەوە و بەرەو ماڵەخۆ بووینەوە و تا قاوەڵتوونی ڕۆژی دواتر کە هەینی بوو تخێڵ بووین.

پتر لە مانگ و نیوێک لە میوانی _ببوورن لە مولاقات و نەخۆش‌بینینی_ ئەوێ‌شەوێ ڕانەبردبوو کە لە پڕێکی بەرەبەیانەی ڕۆژی شەممۆی هەوەڵی ڕەشەمە دیتمان کایۆنس بە کۆخە و پشمین و نکە و ناڵە و هاوار و ئاخ و ئۆفەوە و لە کاتێک‌دا کە ئاوی لووتی هەر دەتکوت شێرەی لەڕەسمەچوو و بەڕەڵای قوتابخانەیە و دوو چاوی سوورهەڵگەڕاوی هەر دەتکوت گۆمی خوێنە، سەروپۆتەڵاکی وەدیار کەوت.

بڕواتان بێ، تێکڕای هاوکاران لێکڕا و هاوڕا لەگەڵ یەک و بەبێ هاوئاهەنگی پێشوو، بەدەنگی بەرز کوتمان: "کائاڵی! ئەوە بۆ دەهاتییەوە گەر ئاوا دەناڵی؟!"

کایۆنس دوای چەند چرکەیەک و بێدەنگییەکی مانادار ڕێک وەک مناڵێکی کە کوڵی گریانی هەستابێ کوتی: وەڵڵا گەر ڕاستیتان دەوێ من خۆم لێبڕام کە نەیەمەوە بەڵام ئەو زیڕووحە گورگ‌نەخۆرە _خەراجات ـی دەڵێم، ببوورن شۆخ‌لەیلای دەڵێم ، لەبیرم چووبووە کە ڕایسپاردم کە لەمەبەولاوە لەلای خەڵکی بە نێوی نوێی، نێوی بێنم بۆ ئەوەی لەلایەکەوە نێودێر بێ و لەلایەکی تریشەوە خەڵک وردەوردە ئاگادار بن کە خات‌خەراجات نێوی گۆڕیوە و بۆتە شۆخ‌لەیلا،...ئەرێ ئەوەم دەمکوت هەر شۆخ‌لەیلا _کە زانی ئێجگار سوورم لەسەر ئەو بڕیارەم و لێبڕاوم کە نەچمەوە قوتابخانە، هەر دوابەدوای ئەوەی زمانم سووتاو و بەڕاشکاوی ئەو بڕیارەم بەسەر زماناندا هات، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی کە گسکەکەشی پێ بوو و لە قولی گرتبوو و وڵاتی گسک دەدا، هەڕای کردمێ و لەماڵ وەدەری‌نام و شارەودەری کردم و لێگدالێگداش بە دەنگی بەرز دەینەڕڕاند: بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ... بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ... زووبە زووبە هەڕاکە! بە هیچ کلۆجێک ڕانەوەستی و نەکەی بوەستی، هەڕاکە و هەرچی زووتر خۆت بگەیێنەوە قوتابخانە! دەنا ئەم حەشیمەتە زگزلە مفتەخۆرە بێ‌چاوڕوویەی وا بە خۆتەوە دەبنە سێزدەی‌نەحس هەربینا هاتنەوە و وەژوور کەوتن و سەروسەکوت و سەروپۆتەڵاکی ناممبارەکیان لە ئاسۆی ژوورەکەمان وەدیار خست و بیرگە و مێشکیان شڵەژاندین و ورگ و زگیان شێلاین و ماڵیان ڕماندین... بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ... بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ... ببڕاوببڕا نەخەڵەتابی لەمەوبەدوا بیری پشوودان و مانەوە لە ماڵت بە بیریدا بێ و بیرگەت ختووکە بکا... نا نا.... هەڕاکە هەڕاکە! هەربینا ئەو گەلحۆگەلحۆیانە هاتنەوە و سەرلەنوێ هێمنایەتیی ژیانی ئاساییان شێواندین و سوکنایی و هێوری ناوماڵیان ڕفاندین و ماڵ و حاڵیان ڕماندین و تەنانەت ئاڵاوواڵای زارۆکانیان ژاکاندین و مناڵ و زارۆکانیان تۆقاندین، ئەو تۆقی نەعڵەتانە! ڕەببی ماڵیان بە سێ‌چەپەی قوڕێ گیرێ! بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ تا ئەو بەڵا لابەلایانە و ئەو کوندە ماڵ‌ کاولکەرانە نه‌هاتوونەتەوە .... بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ... بڕۆ، بڕۆ، بڕۆ.

من کە تا ئەو کاتە بەهۆی کەم‌ئەزموونی و کەم‌تەمەنیم و پاراستنی مەرجی باوی گەورە و چکۆلەیی چم نەدەکوت و هەر گوێم ڕادەگرت و خۆم دەخواردەوە و خۆم دەبوارد لەوەی نەکا قسەیەکی ئاوا بکەم کە ناجایز بێ، چی دی خۆم پێ ڕانەگیرا و له پڕێک‌دا کوتم: "کائاڵی گیان! یۆنس‌بوون تێچووی هەیە!" _ببوورن: "کایۆنس گیان! ئاڵی‌بوون تێچووی هەیە!"

خوا کاسەرۆکمان وەحەسێنێ کە بەو پیلانەی _ ببوورن: "بەو پلانەی"_ چ توخم و تۆوی غەیبەت و مەیبەتی نەهێشتن و ئەم پەتا ناکۆکی‌هێنەرەی بنەبڕ و خاشەبڕ کرد. هەر بژی کاسەرۆکی خۆمان " بۆ پیلانی بێ‌وێنەی"، _ببوورن: "بۆ پلانی بێ‌وێنەی" _ وو " بۆ چارەسەری حاکمانەی"، _ببوورن: " بۆ چارەسەری حەکیمانەی"_ !



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد