تاريخ: ۱۴۰۲ دوشنبه ۲۰ شهريور ساعت ۱۳:۷ | بازدید: 1206 نظرات: 0 کد مطلب: 21828 |
تا زرێبار و دێڕێک، سێبەری ئەو کەشتییەی کۆمان دەکاتەوه
- بۆ یادی سەوزی ئیبراهیم ئەحمەدی هاوڕێی تا هەتای شێعری
هەر کە دەگەمە مەریوان باوەشێک مێهرەبانی دێت بە پیریمەوە. چەند کچ و کوڕی تازەلاوی ئەنجومەن بە جلوبەرگ و ڕەنگ و ڕوخساری کوردانەوە، کە ترپەترپی دڵی بەسۆزیان لەودیو سینگە شووشەییەکانیانەوە، دێتە گوێم و دڵنیام گەر جوان لە دڵیان بڕوانی نەک هەر لە کوردستان دەچێت، کە خودی کوردستانە.
پێشوازی کومیتەی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجومەن، "هەڤاڵ" لە میوانەکان
پەڵەهەورێکی ڕۆحسووک، بۆ هوتێلەکەم دەبات و بە ژوورێکم دەسپێرێت، کە لە پەنجەرەکەیەوە لە باڵای مەریوان بڕوانم، کە شۆڕەبیئاسا، پەلکەکانی کردووەتەوە و دەمەوئێوارە دەم بە پێکەنینەوە، لە شەقامێکی شەرمنی زەویدا پیاسە دەکات و لەو ئاوێنەیەی لە باوەشی دایە زرێباردا دووپاتی دەکاتەوە تاکوو دێڕێ بە بەندەری لیمۆ بگات.
پێنجی پاش نیوەڕۆ دەچمە هۆڵی مامۆستا قانع لە ئێدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و لە سەر کورسییەک کە بۆ میوانەکان دابین کراوە لە تەنیشت چەن کەس دادەنیشم کە بە زاراوەی کوردی سۆرانی قسە دەکەن و دەمسپێرنە شێعرێکی شێرکۆی گشت کەس و پێڵاوەکانی حەمە بچکۆلی بۆیاخچی، بۆیاخ دەکەم.
لە پشتی سەریشمەوە دەنگی دایکێک دێتە گوێم کە بە زاراوەی کوردی کەڵهوڕی منداڵەکەی دەدوێنێت و وشەکانی وەک دڵۆپەی تافگەیەکی ڕووناک دەچنە ڕۆحمەوە و لە لایەلایەکەی ئیسماعیلی سابووردا ونم دەکات.
چرکە دوای چرکە کۆچەرییەکانی کورمانج و سۆران و هەورام و لەک و پاڵەیی و کەڵهوڕ سواری پاپۆرێک دەبن و پێکەوە بە ئاسماندا ڕێگە دەبڕن. بەسەر شەتاو و ڕەشەبا و چی بۆرانە لە چوار دەورماندا سەر دەکەوین و میلی قیبلەنماکەمان ڕوو بەرەو کوردستان دەکەین و تا کۆتایی شەو بەڕێوەین تا بە کازیوە دەگەین.
ئەوەندە بنووسێ تا حکمەتی باتمانی بە منداڵانمان بێژێ مناڵەکان تا هەزار و یەک مەرتەبە لە ڕۊ ئاوەوە بنۊسن داهاتوو، ڕووناکی و دووەری بۆ دنیایەک بێ جەنگ و پڕ لە ڕەنگ و بەرامە و بەرامبەری بۆ گشت منداڵانی زەوی و زمانی دایکییان لە کامێرانەکەی لای ماڵ دایکم و دەلاقەیەک بەرەو منداڵیی و گوڵی سەر کراسەکەیەوە؛ جەبار شافعیزادە»٭
بە دەم ئەم وشانەوە و یادێ ئیبراهیم ئەحمەدی شاعیر لە دڵماندا، ڕێدەکەوم بۆ سێبەری کەشتییەکە، هەتا گوڵێک لە کراسە شینەکەی دایکم پێشکەشی منداڵانی کوردستان بکەم تاکوو لە گوڵدانی لەپی شاهۆدا بیچێنن بەو هیوایە کە هیچ کات گڕی تێ بەر نەبێت.
دەڕۆمە سەر شانۆ و بۆ هەژاریی سفرەکەی حەمە بچکۆلی بۆیاخچی، شێعری نان و هێلکە و ڕۆن دەخوێنم تا برسییەتی بتارێنم کە چی ئەو هێلکەوڕۆنەکە ناخوات و بۆ منداڵێکی لە خۆی برسیتری هەڵیدەگرێت و دەیخاتە گیرفانییەوە و پێی دەڵێت:
هێلکەوڕۆنــی نێو تاوە
چەن شیرینی لەو ناوە
چەرمێنەکەت هەورێکە و
زەردێنهکـەت هـــــــەتاوە
لەپڕێکدا لەسەر کورسییەک، ئایلانی کوردی دەبێنم کە ڕێگای کۆچی گرتووەتە بەر و ڕوووەو غوربەت دەڕوات. دەیسپێرمە ئەو زەریایەی وەکوو ماسییەکی سوور، لە ئامێزی دەگرێت و چیدی نایخنکێنێت تاکوو بەیانی کە لە خەو هەڵدەستێت گۆرانییەک بۆ هەتاو بخوێنێت:
"بەیانــــی لە خەو هەستــــام
با لـە گوێمــا دەشـــــــــــــــنیا
خۆزگەم بە خۆت ژوورەکەت
پـڕ بـووە لە بۆنـــــــــی دەریا"
تا زرێبار و دێڕێک
بە بینینی ئەو پەڵەهەورە سپییەی لە ئاسمانی هۆڵەکەدایە، ڕوو لە وڵاتە تینووە لێو شەقارشەقارەکەم دەکەم و لە بست بە بستی خاکەکەیدا، بووکەبارانەیەک دەچێنم هەتا منداڵان لە ماڵ بێنە دەر و تێکڕا گۆرانی بێژن:
باران باری سـێ و چــــــوار
کە چاوم دەکەوێتە دایکێک کە لە قووچانی دوورکەفتە و غەریبەوە هاتووە و منداڵەکەی گرتوەتە باوەش و بە چەن وشەی بریندارەوە لایەلایەی بۆ دەخوێنێت شێعری دایک دەخوێنم:
بـۆ باڵنـــــــدە و بەهــــارێ
بـاڵات دەکەیتــــــــە دارێ"
کە قیژەی زاگرس دێتە گوێم، شێعری خەون دەخوێنم هەتا ڕۆحی سەوزی دارە سووتاوەکانی لەم خاکەدا نەمرن و ببنە چۆلەکە و بۆ ئاسمان بفڕن.
ئەگەر هاتی بۆ لای من
لەگەڵ چۆلەکەکەدا دەڕۆین و پێکەوە شێو دەخوێن. دوایی دەڕۆینە پارکێکی نزیک بە هۆڵەکە و لە سێبەری درەختێکدا دادەنیشین و بۆ ماوەیەک لە مانگ دەڕوانین.
کاتژمێر ۹ی شەو تا هۆڵەکە دەدەین لە شەقەی باڵ و بە سەر شان و ملی چەن شێعرێکەوە هێلانە ساز دەکەین و دەندووک لە چەن وشەی لەکی و فەیلی و کەڵهۆڕی دەدەین و دواتر سواری مینیبووسێکی سپی دەبین و دەڕۆین لە ژووری هۆتێلەکەدا پێکەوە دەخەوین.
بەیانی، هەتاو بانگمان لێدەکات و ڕادەچڵەکێین و ئەو لە پەنجەرەکەوە بۆ ئاسمان دەفڕێت و منیش بە تەلەفوونێکی ناوەخت و بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی خزمێکی نزیک، ڕێی کامێران دەگرمەبەر.
کورتەنامەیەک بۆ عەتای هاوڕێم دەنێرم و سپاسی مێهرەبانییەکانی بێدرێغی خۆی و بنەماڵە ئازیزەکەی و هەموو بەڕێوەبەرانی خۆشەویستی کۆڕەکەی لێ دەکەم و لەگەڵ زرێباردا تا دیدارێکی تر و دێڕێکی تر ماڵئاوایی دەکەم.
خەرمانانی ۱۴۰۲
"تا زرێبار و دێڕێک" سێبەری ئەو کەشتییەی کۆمان دەکاتەوە
٭ دەقی بانگکردنەکەم بۆ سەر سێن لەلایەن عەتای هاوڕێم وەک یەک لە دوو پێشکەشکارەکەی دووهەمین کۆڕەشێعری کوردیی تا زرێبار و دێڕێک
|