تاريخ: ۱۴۰۲ جمعه ۱۰ شهريور ساعت ۱۳:۳۳ بازدید: 1319      نظرات: 4      کد مطلب: 21792
کورتەباسێک لە سەر کەسایەتیی زانستیی مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان

هەڵسەنگاندنی کتێبی "شیعرییەت" لە هۆنراوەکان مامۆستا ئەحمەدیان

د.محەممەد فروهەندە


 
مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان ئەستێرەیەکی گەشاوەی ئاسمانی کوردەواری بوو کە لە ئاسۆی شاری مهاباد هەڵهات و درەوشایەوە. ئەو کەسایەتییە بلیمەت و هەڵکەوتەیە، بە هۆی گەورە بوون و نێوبەدەرەوەبوونی زۆری، پێویست ناکا کە من لەو وتارەدا بیناسێنم چوونکە پێشتر، زۆر وتار و پایان‌نامە و تێز و کتێب لەو بارەوە نووسراون. پێموایە هەر کوردێک کە تۆزقاڵێک هەست و سۆزی نەتەوایەتی و خۆشەویستیی ئایینی و ئۆگری زانستی هەبێت، ئەو مامۆستایە دەناسێ ــ هەرچەند نەخوێندەواریش بێت ــ . بێ‌گومان زۆر کەس ئەو کەسایەتییە دەناسن بەڵام ڕەنگە بە باشی نەیناسن و وابزانن کە تەنیا کەسایەتییەکی ئایینییە. ئەو جۆرە ناسینە، ناسینێکی تەواو نییە؛ چوونکە مامۆستا ئەحمەدیان کەسایەتییەکی فرەڕەهەندە. بە هۆی نەتەوەخواز بوونی ئەو مامۆستایە، نێوبانگی، سنورەکانی کوردستانی ئێرانی تێپەڕاندووە و لە بەشەکانی‌تری کوردستانیش ناسراوە و بە هۆی ڕەهەندی ئایینییەکەشی، جگە لە کوردستان، لە شارەکانی‌تری ئێران و بگرە دەرەوەی ئێرانیش بە گشتی لە نێو موسوڵمانان و بە تایبەت لە نێو سونیەکان ناسراوە و ڕێز و جێگەوپێگەیەکی بەرزی هەیە. هۆکاری ئەو نێوبانگ و جێگەوپێگەیەش بەرهەمە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگە بەنرخەکانی ئەو مامۆستایەن کە لە بوارەکانی زمان و ساختار و ناوەرۆکەوە لە ئاستێکی زۆر بەرز دان.
 
بە بڕوای من دەکرێ بڵێین کە کەسایەتی مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان بە گشتی دوو ڕەهەندی هەیە کە بریتین لە: ڕەهەندی ئایینی و ڕەهەندی نەتەوەخوازی کە پسپۆڕی و زانیاری و توانست و زانست و هونەرەکانی مامۆستا دەو دوو ڕەهەندەدا خۆ دەنوێنن و دەدۆزرێنەوە. مەبەستم ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری وتار و نووسراوەکانی مامۆستا لە دەوری تەوەری ئایین و ئەخلاق دەگەڕێن یان لانی کەم بۆن و بەرامەی ئایینییان هەیە؛ تەنانەت ئەو کاتەش کە لە دەردی خەڵک و نەتەوەکەی دەدوێ و باسی گەلەکەی دێنێتە گۆڕێ. چوونکە مامۆستا هەست و سۆزی نەتەوایەتیشی هەبووە و بە باشی زانیویەتی کە باشترین ناسنامەی هەر گەلێک زمانەکەیەتی، لە نووسین بە کوردی خافڵ نەبووە و زۆریەک لە بەرهەم و وتارەکانی بە زمانی کوردی نووسیوە؛ کوردییەکی کە شێوازی تایبەتی خۆی هەیە و هەر کوردی‌زانێکیش کە نووسراوەکانی مامۆستا بخوێنێتەوە یا دەنگی گوێ بداتێ، بەهرە لە نووسراوەکان و دەنگی دەبینێ و زانیاری لێ‌وەردەگرێ و وشەی لێ فێر دەبێ. پێموایە ئەگەر مامۆستا هێندێک لە بەرهەمەکانی بە زمانی فارسی نووسیوە، هۆیەکەی ئەوە بووە کە بەرهەمەکانی خوێنەر و بەردەنگی زۆرتری هەبێت و بتوانێ باش‌تر و بربڵاوتر، ڕەسالەت و ئەرکی ئایینیی خۆی ڕابگەیێنێ.
کوتم کە مامۆستا نێوبانگی باشی دەرکردووە و بە باشی ناسراوە بەڵام هێشتا ئەو ناسین و نێوبانگە لە قەدەر کەسایەتیی مامۆستا نییە و دەبێ زۆرتر و باش‌تر بناسرێ و ڕێزی لێ‌بگیرێ و دەبێ لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا، زۆرتر ببێتە نموونە و سەرمەشقی کەسانی‌تر. ئەوەش ئەرکی سەر شانی هاووڵاتیان و بە تایبەت هاووڵاتیانی هاوزمانی خۆیەتی کە بۆ ناسین و ناساندنی مامۆستا و ئەمەگ‌ناسی و پێزانین لە هەمبەر کەسایەتیی ئەو و بەرهەمەکانی هەنگاو هەڵێننەوە و قۆڵ هەڵماڵن. ڕەنگە بۆ ئەو کارە، ئەرکی قورس‌تر بکەوێتە سەر شانی هاوشاریانی مهابادی کە پێموایە لەو بارەوە کەم‌وکوڕیەکی بەرچاو دەبینرێ.
    هەرکەس دەگەڵ بەرهەمە بەنرخەکانی مامۆستا ئاشنایەتی هەبێت، زۆر بە باشی بۆی دەردەکەوێ کە مامۆستا بێجگە لەوەیکە ئاگادارییەکی باشی لە سەر جەریانە فکری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕابردوو و سەردەمی خۆی هەبووە، عالمێکی گەورە و مامۆستایەکی دوازدە عیلمی بە تەواو مانای کوردستانی ئێران بووە و بە سەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئاییندا زاڵ بووە و دەو بەشانەدا بەرهەمی خوڵقاندووە؛ بۆ وێنە لە سەر کەلامی کۆن و نوێ، کتێبی نووسیوە کە هەردووکیان سەرچاوەی باشن بۆ ئەو کەسانەی ئۆگری موتاڵای ئەو بوارانەن؛ بە تایبەت کتێبی "سیر تحلیلی کلام اهل سنّت" بێجگە لەوەیکە سەرچاوەیەکی زۆر باشی ئۆگرانی ئەو بەشەیە، وەکوو سەرچاوەیەکی خوێندن، مامۆستایانی زانکۆکان، بۆ خوێندکاران کەڵکی لێ‌وەردەگرن. بێجگە لە بەشی کەلام، مامۆستا لە بەشی تەفسیر و ڕاژەی قورئانیشدا تەواو زاڵە و لەو بەستێنەشدا بەرهەمی بەرچاوی خوڵقاندووە. بۆ وێنە دەتوانین "تەفسیری سوڕەی فاتیحا" و"تەفسیری سوڕەی یاسین" نێو بەرین کە بەزمانی کوردی نووسراون. هەروەها سوڕەی بەقەرەشی تەفسیر کردۆتەوە کە هێشتا بڵاو نەبۆتەوە. کتێبی "ئایین و کۆمەڵ"یش دەکرێ تەفسیرێکی "مەوزوعی" بە ئەژمار بێت کە ئەویش بە زمانی کوردی نووسراوە. کتێبی "الايضاح لمعضلات تفسیر البیضاوی"، هەر ئەو جۆرەی لە نێوەکەیەوە دیارە، باسی خاڵە دژوارەکانی تەفسیری بەیزاوی دەکا و بابەت و ناوەرۆکەکەی هەر تەفسیر و ڕاژەی قورعانە.
هەر ئەوجۆرەی زۆربەمان دەزانین، ئایین لە کەلێن و قوژبنەکانی جۆراوجۆری ژیانی بەشەر و دونیای سروشت سەر دەردێنێ هەر بۆیە بۆ شارەزایی و زاڵ‌بوون بە سەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئاییندا، دەبێ دەگەڵ زانستی جۆراوجۆریش وەکوو: کۆمەڵ‌ناسی، سیاسەت، دەروون‌ناسی، بیرکاری، زانستی زمان و وێژە و زمان‌ناسی، ڕەوان‌بێژی، ئەستێرەناسی، مێژوو، جوغڕافیا، کەلام، فەلسەفە، مەنتق و ... ئاشنایەتیمان هەبێت و بە ڕادەی پێویست سەریان لێ‌دەربێنین و ئاگاداریمان لە سەریان هەبێت. بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەدیان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو، ئاشنایەتی دەگەڵ ئەو زانستانە هەبووە و بە ڕادەی پێویست شارەزایان بووە و بە سەر هێندێکانیشدا بە تەواوی زاڵ بووە و بەرهەمی لەبارەیاندا هەیە. کتێبەکانی "تجزیە و تحلیل زندگی امام شافعی" و "سیمای صادق فاروق اعظم"، نیشانەی زاڵ‌بوونی مامۆستا بە سەر مێژووی ئیسلامدا و سەردەرچوویی ئەو لە زانستی "ریجال‌ناسی" و ژیان‌نامە نووسینە. هەروەها کتێبەکانی "قرآن‌شناسی" و "کلید حدیث‌شناسی" و "تاریخ حدیث و ضبط و ثبت احادیث"، بۆمان ڕوون دەکەنەوە کە مامۆستا شارەزایی تەواوی لە سەر زانستی قورعان‌ناسی و حەدیس‌ناسی هەبووە.
ڕەهەندێکی‌تری کەسایەتیی زانستیی مامۆستا کە ڕەنگە زۆر کەس وەبەر چاویان نەهاتبێ و مامۆستاش لەبەر کەسایەتیی ئایینی‌بوونی، زۆر تێکەڵاوی نەبووبێت، بەشی ئەدەبی و شاعیر بوونی ئەوە. هەڵبەت ڕەنگ‌وبۆنی ئەدەبی و خۆش‌زمانی و خۆش‌ڕاوێژی و زمانی ڕێک‌وپێکی هونەری و ئەدەبیی مامۆستا لە سەر دانەدانەی بەرهەمەکانی وەبەر چاو دێت و زمانەکەی شێوازێکی تایبەتی هەیەکە پێموایە ئەگەر ڕۆژێک بەرهەمێکی شێوازناسی بە تایبەت لە بەشی پەخشاندا بنووسرێ، دەبێ گرینگایەتییەکی تایبەت بە پەخشانەکانی مامۆستا بدرێ و لە بواری شێوازناسیی تاکەکەسیشەوە، بێ‌گومان خاوەن شێوازە و ئەو شێواز و چەشنە نووسینە دەبێ بە نێوی خۆی بناسرێ. بەرهەمەکانی تایبەتی بەستێنیی ئەدەبیی مامۆستا بریتین لە: "هەست و هاوار" کە شێعرەکانی مامۆستایە و  "موناجات" کە بە زمانێکی ئاهەنگین و هەست‌بزوێن نووسراوە و دەکرێ پەخشانێکی ئەدەبیی زۆر بەهێز بە ئەژمار بێت کە بە ڕێژەیەکی زۆر سەجع لەخۆوە دەگرێ و "گەلحۆ" کە تەنزە و بەرهەمێکی ئەدەبی بە ئەژمار دێت.
ئەو کەسانەی پسپۆڕ و لێزانی چەمک و بابەتە ئەدەبییەکانن و لە بواری ڕەوان‌بێژییەوە ئاگاداری و شارەزاییان هەیە و لە هونەرەکانی زمان و زمانی هونەری سەر دەردێنن، دەزانن کە مامۆستا شاعیرێکی بە تەواو مانایە و شێعرەکانی دە ئاستێکی زۆر بەرزدان و لە کێشە جۆراوجۆرەکانی عەروزی و بڕگەیی کەڵکی وەرگرتووە و بە گشتی لە بواری ئەدەبییەت یا شێعرییەت قسەیان لە سەر نییە. مامۆستا لە بە کارهێنانی وشەدا ئەندازیار و مێعمارێکی دەست‌ڕەنگینی بە تەواو مانای وشەیە و دەزانێ چۆن خشتی ڕێک‌وپێک و وەکوو گەوهەری وشە هەڵبژێرێ و دیواری کاخی شێعر و ئەدەبی پێ هەڵچنێ؛ چوونکە وێژە و ئەدەب لە هەردووک مەیدانی هۆنراوە و پەخشاندا، بەشێکی زۆری ئاکامی هەڵبژاردنی وشەی ڕێک‌وپێک و گونجاوە و کەسێک دەتوانێ ئەو وشانە هەڵبژێری کە ئەندازیار و مێعماری وشە و زمان‌زانێکی بە تەواو مانا بێت. مامۆستا ئەحمەدیان لە بەشی پەخشانیشدا بە تایبەت لەو شوێنانەی کە پێ دەنێتە گۆڕەپانی زمانی ئەدەبی، زمانێکی شیرن و سێحراوی هەیە و بە ڕادەیەکی زۆر لە ئاهەنگ و وێنە جوانکارییەکان بە تایبەت سەجع کەڵک وەردەگرێ؛ ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە شێوازێکی تایبەت و دڵڕفێنی لە پەخشادا هەبێت. خوێنەری بەرهەمەکانی مامۆستا بە باشی دەزانێ کە ئەو بەرهەمانە خەزێنەی وشەن ــ بە تایبەت ئەوانەی کە بە زمانی کوردی نووسراون ــ، سەرچاوەیەکی باشن بۆ فەرهەنگ‌نووسان و فێرخوازانی زمانی کوردی. زۆر جار خوێنەر تووشی وشەگەلێک دەبێت کە دە فەرهەنگەکاندا تۆمار نەکراون. پێموایە فەرهەنگ‌نووسی باشی کوردی، دەبێ دە نووسینی فەرهەنگەکەیدا کەڵک لە بەرهەمەکانی مامۆستا وەرگرێ و وشە ڕەسەنەکانی ئەو بەرهەمانە تۆمار بکا، ئەگینا ئەو فەرهەنگە کەم‌وکوڕی دەبێت.
   ڕەهەندێکی‌تری کەسایەتیی زانستیی مامۆستا ئەحمەدیان ئەوەیە کە خۆش‌نووسێکی زۆر لێهاتوو بووە. ڕەنگە هەرکەس نووسراوەکانی بە خەتی خۆشی خۆی نەدیتبێت، ئەو داوایەم بڕوا نەکا. بە کورتی دەتوانم بڵێم کە تەواوی وجودی کەسایەتی مامۆستا ، زانست و هونەر بووە و لێدوان لە کەسایەتی و بەرهەمە جۆراوجۆرەکان و ناوەرۆک و لق و پۆی ئەو بەرهەمانە، لە حەوسەلە و تاقەتی ئەو وتارە بەدەرە و دەبێ دە کتێبێکی قەبەدا باسیان بکردرێ.
کەسایەتیی بەرزی مامۆستا و خاوەن بوونی ئەو زانستە جۆراوجۆرانەی کە ئاماژەم بە هێندێکیان کرد، بۆتە هۆی ئەوەیکە بکەوێتە بەر نەزەری توێژەران و لێکۆڵەران و تا ئێستا ــ بە وتەی کوڕەکەی کە مەبەستم کاک ئەحمەدە ــ دەوروبەری سەد وتار لە بارەی کەسایەتی و بەرهەم و ژیان و بەسەرهاتی بنووسرێ. بێجگە لەو وتارانە، چەند کتێب و پایان‌نامەی کارناسی باڵا و تێزی دوکتۆڕای بەو ناو و نیشانانەی خوارەوەش لە سەر نووسراوە:
۱- تحلیلی بر افکار و آثار علامه ملا عبدالله احمدیان، تالیفِ ناصر علیار. ئەو بەرهەمە کتێبێکی ۳۰۲ لاپەڕەییە کە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە شاری سنە، پەخشانگای "ئاڵای ڕووناکی"، بۆ هەوەڵ جار لە بەهاری ۱۳۹٥کۆچی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە و نووسەرەکەشی بۆکانییە. لە ڕووی نێوی کتێبەکە دیارە کە ناوەرۆکەکەی چیە و پێویستی بە لێدوانی من نییە.
۲- شرح احوال و آثار علامه عبدالله احمدیان. ئەو بەرهەمە، پایان‌نامەی کارناسیی باڵایە کە لە زانستگای ئازادی مهاباد لە لایەن محەممەدکاوە باڵنور، لە ساڵی ۱۳۸۹ کۆچی هەتاوی بە ڕێنوێنی دوکتۆر شابازی موحسێنی نووسراوە. لە نێوەکەیەوە دیارە کە ناوەرۆکەکەی باسی ژیان و بەسەرهات و بەرهەمەکانی مامۆستایە. نووسەرەکەی دانیشتووی مهابادە و بەرهەمەکەی بە زمانی فارسی نووسیوە.
۳- مقایسه تطبیقی حقوق زن از دیدگاه آیت الله مطهری و علامه احمدیان، نووسەر: ئەنەس عەبدوڵڵازادە. ئەو بەرهەمەش پایان‌نامەی کارناسیی باڵایە و لە زانستگای ئازادی ورمێ نووسراوە و پاشان وەکوو کتێب، لە ۱۳٤ لاپەڕەدا لە شاری شیراز، پەخشانگای "کتیبە نوین"، ساڵی ۱٤۰۰ی کۆچی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە. نووسەری ئەو بەرهەمە، دانیشتووی شاری پیرانشارە و بەرهەمەکەی بە زمانی فارسی نووسیوە.
٤- شیعرییەت لە هۆنراوەکانی مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیاندا. ئەو بەرهەمەش پایان‌نامەی کارناسیی باڵایە کە لە زانستگای سەلاحەددینی هەولێر، بە زمانی کوردی نووسراوە. نووسەرەکەی محەممەد عوسمان محەممەدە کە دانیشتووی هەولێرە. پاشان ئەو پایان‌نامەیە وەکوو کتێب، لە ۲۸٤ لاپەڕەدا لە شاری سنە، چاپەمەنی ڕۆژهەڵات، بۆ هەوەڵ جار لە ساڵی ۱٤۰۲ی کۆچی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە. ئەوەندەی ئەمن ئاگادارم،نووسەر بێجگە لەو کتێبە، دوو کتێبی‌تریشی بڵاو کردۆتەوە کە بریتین لە: ــ هونەری بەکارهێنانی زمان لە لاوک و حەیراندا، سلێمانی، چاپخانەی چوارچرا، ۲۰۲۲ ی زایینی (۸٥ لاپەڕە).  ــڕوخساری شێعری هێمن لە دیوانی ناڵەی جوداییدا، سلێمانی، چاپخانەی گەنج، ۲۰۱۷ی زایینی(۱۱٤ لاپەڕە).
٥- جهود الملا عبداللە الاحمدیان فی التفسیر و علوم القرآن. ئەو بەرهەمە تێزی دوکتۆڕایە کە لە ساڵی۲۰۲۲ی زایینی لە زانستگای سلێمانی بە زمانی عەڕەبی نووسراوە. نووسەر دانیشتووی سلێمانییە و ئەو تێزەی بە ڕێنوێنی دوکتۆر ئاراس محەممەدساڵح نووسیوە. لە نێوەکەیەوە دیارە کە تێزەکە باسی هەوڵ و هەنگەوەکانی مامۆستا ئەحمەدیان دەکا لە ڕاژە و تەفسیری قورعاندا بە شێوازێکی پێکگرتن و تەتبیقی.
    هەرچەند نووسەرانی ئەو وتار و کتێب و تێز و پایان‌نامانە لە لایەن نووسەرانیان هەوڵ و تێکۆشانێکی باش و جێی سپاس و پێزانینە و دە ناسین و ناساندنی مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و بەرهەمەکانیدا بایەخێکی باشیان هەیە، بەڵام ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە زۆرتر ئەمەگ‌ناسی هەوڵ و تێکۆشانەکانی مامۆستا بین و بەرهەمەکانی زۆرتر بخوێنینەوە و کەڵکیان لێ‌وەرگرین و نەهێڵین ئەو گەنجینانە لە گۆشە و کەناری ماڵ و کتێبخانەکان بێ‌کەڵک بمننەوە و تۆزیان لە سەر بنیشێ و لە سەر تاقەکانی فەرامۆشی دابندرێن چوونکە مامۆستا تەواوی تەمەنی بە پیت و بەرەکەتی بۆ نووسین و ئافراندنی ئەو بەرهەمانە بە مەبەستی خزمەت بە زمان و کولتوری کوردی و ئایین و ئەخلاق تەرخان کردووە و بۆتە شانازی بۆ گشت تاکێکی کورد بە تایبەت هاوشاریانی خۆی. کەوایە چین و توێژەکانی کوردەواری هەرکامیان بە پێی ئەرک و کاروبار و بارودۆخی خۆیان پێویستە هەوڵ بدەن و هەنگاوی گونجاو و شیاو بۆ بەرزڕاگرتن و زیندوو مانەوەی نێو و یادی مامۆستا و بەرهەمەکانی هەڵێننەوە. بە ڕای من بۆ ئەو کارە، باش وایە کە:
٭ ــ مامۆستایانی ئایینی و پێش‌نوێژان و وتاربێژانی مزگەوتەکان، دە باس و وتارەکانیاندا، باسی کەسایەتی و بەرهەمەکانی مامۆستا بکەن و زۆرتر ئەو کەسایەتییە و بەرهەمەکانی بناسێنن و نێوی بەرز ڕاگرن و باسی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی ئایینی و نەتەوەیی و زانستیی ئەو بکەن و وەکوو نمونە و سەرمەشق بۆ لاوانی دەست‌نیشان بکەن.
٭ ــ مامۆستایانی قوتابخانەکانیش هەر ئەو کارانە بکەن و مامۆستا و بەرهەمەکانی بە قوتابیان بناسێنن و لە کلاسەکان، لە کاتی گونجاودا باسی مامۆستا و بەرهەمەکانی و کەسایەتیی ئەو بۆ قوتابیان بکەن و وەکوو سەرمەشق و نموونە بۆ ئەوانی وێنا بکەن و بە ڕادەی پێویست و تا ئەو شوێنەی کە دەنگونجێ، دەق و شێعر و وتارەکانی بۆ قوتابیان بخوێننەوە تاکوو ئەوانیش دەگەڵ ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتی مامۆستا و زانست و هونەرە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئەو زۆرتر ئاشنا بن.
 
٭ــ خوێندکاران لە سەر کەسایەتی و بەرهەمەکانی مامۆستا وتار و پایان‌نامە و تێز بنووسن و مامۆستایانی زانکۆش کتێبی دەبارەیدا بنووسن. پێموایە هەر کتێب و بەرهەمێکی مامۆستا ئەحمەدیان لە چەند ڕوانگەی زمانی و ناوەڕۆکییەوە، هەڵگری وتار و پایان‌نامە و تێز و تەنانەت کتێبیشە. بۆ وێنە کاتێک باسی شێعر دەکردرێ، دەتوانین لە ڕوانگەی جۆراوجۆر وەکوو: زمان، شێواز، ڕەخنە جۆراوجۆرەکان، کێش، سەروا، قالب، ئەخلاق، نەتەوەخوازی، زمان‌ناسی، ڕەوان‌بێژی و زۆر بابەتی دیکەش لە بارەی بدوێین و توێژینەوەی لە سەر بکەین. شێعرەکانی مامۆستا ئەحمەدیانیش کە بێ‌شک دەئاستێکی بەرزی زمانی و ئەدەبییەت دان، دەتوانن لە تەواوی ئەو بوارانەی کەباسم کرد، هەڵگری وتار و پایان‌نامە و تز و تەنانەت کتێبیش بن.
٭ــ بەرپرسانی شار و شارەوانی، بنکەکانی فەرهەنگی و چالاک‌وانان، بۆ ئەمەگ‌ناسی و بەرز و زیندوو ڕاگرتنی نێوی مامۆستا، کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ بگرن و ئاسان‌کاری بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی بکەن و مەیدان و شەقام و کۆڵانی بە نێو کەن و لە مەیدان و شوێنە گونجاوەکان پەیکەری مامۆستا دابنێن.
٭ــ پەخشانگاکان کتێب و بەرهەمەکانی، زۆرتر و  بە شێوازێکی ڕێک‌وپێک و کارهاسانی پتر، بڵاو کەنەوە.
٭ــ نەتەوەخوازەکان، خزمەتەکانی مامۆستا بە زمان و نەتەوی کورد ببینن و ڕێزی لێ‌بنێن و بێ دەمارگرژی، بە ئینسافەوە باسی کەسایەتی مامۆستا و بەرهەمەکانی بکەن و ئەرکی خۆیان لە هەمبەر تێکۆشان و خزمەتەکانی مامۆستا بە جێ بێنن و چاو لە خزمەتە نەتەوەیی و زمانی و ئەدەبییەکانی ئەو، نەقونجێنن چوونکە گەورەیی و خزمەتەکانی مامۆستا بۆ هەر مرۆڤێکی بەئاوەز و بەئەخلاق و بەئینساف، ڕوون و ئاشکرایە.
٭ــ جەریانە ئایینی و فکرییەکانیش دەبێ بێ‌دەمارگرژی، بە چاوی ئەخلاق و ئینسافەوە بڕواننە کەسایەتی و بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەدیان و بە بیانوی ئەوەیکە مامۆستا دە چوارچێوەی فکری ئەواندا نەبووە، بە چاوی بێ‌ئینسافی و دەمارگرژی سەیری مامۆستا و بەرهەمەکانی نەکەن و لە هەمبەر پێگەی بەرزی مامۆستا و خزمەتەکانی بێ‌دەنگ نەبن و هەڵوێستی ئەخلاقی و بەئینسافانە بگرن. پێویستە بڵێم کە مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان لە بواری فکرییەوە ڕووناکبێرێکی سەربەخۆ و دژ بە خوڕافات بووە و دەو پێناوەشدا تێچووی خۆی داوە و خۆی دە جەغز و چوارچێوەی بەرتەسکی بیری حیزبایەتی و چینایەتی و جەریانێکی تایبەتی فکریدا قەتیس نەکردووە و هەمیشە بە پێی عەقڵ و ئاوەزێک جووڵاوەتەوە کە بناغەکەی زانست و ئایین و ئەخلاق و ئازادییەکی ڕەوا بووە.   
٭ــ بەرپرسانی گۆڤار و ڕۆژنامەکان، نووسەران هان بدەن کە زۆرتر لە بارەی کەسایەتی و بەرهەم و خزمەتەکانی مامۆستا ئەحمەدیاندا بنووسن و بۆ بڵاو کردنەوەی وتاری نووسەران هاسان‌کاری بکەن و ویژەنامەی بۆ ژیان و کەسایەتی و بەرهەمەکانی ئەو، تەرخان بکەن.
٭ــ کتێب‌فرۆشەکان لە هێنان و دابین‌کردنی بەرهەمەکانی مامۆستا خافڵ نەبن و تێبکۆشن تا ئەو شوێنەی بۆیان دەلوێ، بەرهەمەکانی مامۆستایان لە فرۆشگەکەیان نەبڕێ و تاقمە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بۆ خوێندنەوەیان هان بدەن.
٭ــ بەرپرسانی دەنگ‌وڕەنگیش لە کاتی لە دایک بوون و ساڵوەگەری فەوتی مامۆستا ئەحمەدیان، باسی بکەن و بە شێوەیەکی شیاو و گونجاو، کەسایەتی و بەرهەمەکانی مامۆستا بناسێنن و لە سەری بدوێن و دەگەڵ کەسانێک وتووێژ و دیمانە بکەن کە لە سەر کەسایەتی مامۆستا و بەرهەمەکانی ئاگاداری و شارەزاییان هەیە.
  ئێستا دوای باسی کەسایەتیی زانستیی مامۆستا و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی ئەو گەورە پیاوە و لێدوان لە بارەی بەرهەمە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگەکانی و دەربڕینی پێشنیارەکانی خۆم لە بارەی چۆنیەتی ناسین و ناساندنی مامۆستا و بەرهەمەکانی و بەرز ڕاگرتنی پێگەی مامۆستا و ئەمەگ‌ناسی و پێ‌زانین لە هەمبەر خزمەتە ئایینی و زمانی و ئەدەبی و نەتەوەییەکانی ئەو بلیمەتە، دێمە سەر باس و لێدوان و هەڵسەنگاندنی بەرهەمێکی تازە بڵاو کراوە کە لە بارەی شێعرییەت یا ئەدەبییەتی هۆنروەکانی مامۆستادا نووسراوە و پێشتر ئاماژەم پێ‌کردووە و نێو و نیشانی تەواوی ئەوەیە: "شیعرییەت لە هۆنراوەکانی مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیاندا" کە محەمەد عوسمان محەمەد وەکوو پایان‌نامەی کارناسیی باڵا لە زانستگای سەلاحەددینی هەولێر نووسیویەتی و دانیشتووی شاری هەولێرە و پاشان وەکوو کتێب لە ساڵی ۱٤۰۲ی کۆچی هەتاوی لە شاری سنە، چاپەمەنی ڕۆژهەڵات، لە ۲۸٤ لاپەڕەدا بڵاوی کردۆتەوە.
ئەو کتێبە بە گشتی باسی ئەو هۆکارانەی کردووە کە دەقێکی ئاسایی دەکەن بە دەقێکی ئەدەبی و هونەری. یەکێک لە گرینگ‌ترین هۆکارەکانی کردنی دەقی ئاسایی بە ئەدەبی و هونەری، خەیاڵە کە ئەویش بە چەمک و بابەتەکانی ڕەوان‌بێژی دێتە دی. ڕەوان‌بێژیش لە سێ بەشی ڕوون‌بێژی، واتاناسی و جوانکاری پێکهاتووە کە نووسەر لە هەر سێ ساحەوە شێعرەکانی مامۆستای تاوتوێ کردووە. بێجگە لە بواری ڕەوان‌بێژی، لە بوارەکانی هۆکاری بەدیهاتنی شێوازەکانی ئەدەبی و کێش و سەروا و زۆر شتی‌تریش باسی شێعرەکانی مامۆستا ئەحمەدیانی کردووە کە من لێرەدا ئاوڕێک دەدەمەوە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو کتێبە؛ بەشکم یارمەتیدەرێکی هەرچەند بچووکیش بێت بۆ خوێنەرانێک کە زۆر شارەزا و ئاگاداری ئەو بەستێنە نین. ئەمن دەو کتێبەدا، خاڵێکی لاوازی زەق و ئەوتۆم وەبەر چاو نەهاتووە بەڵام چەند تێبینی و ڕەخنەی بچووکم لە سەری هەیە کە ئەوانەن:
۱ــ پێموایە باشتر وابوو کە نێوی لێکۆڵینەوەکە بە جێگای "شێعرییەت"، "ئەدەبییەت" بوایە. ئەو دوو زاراوە هەردووکیان بۆ ئەو بابەتە کەڵکیان لێ‌وەردەگیرێ و درووستن و نووسەریش خۆی ئاماژەی پێ‌کردووە بەڵام بە بڕوای من "ئەدەبییەت"، شیاوتر و گونجاوترە و چوونکە شێعرییەت بەو تایبەتمەندییانە دەگوترێ کە لە دەقی ئەدەبیدا هەن و لە دەقی ئاساییدا وەبەر چاو نایەن. ئەو تایبەتمەندییانەش هەم هەم دە شێعردا هەن و هەم دە پەخشانی ئەدەبیدا. کەوایە زاراوەی "ئەدەبییەت" شیاوتر و گونجاوترە. دوکتۆر شەمیساش کەڵکی لە زاراوەی "ئەدەبیەت" وەرگرتووە(نقد ادبی،ل: ۱٦٤).
۲ــ باشتر وابوو کە نووسەر بۆ هێندێک لە زاراوەکان، هەمبەر و هاوتا بیانییەکەی هێنابایە؛ بۆ وێنە کاتێک باسی لادان دەکا، بۆ خوێنەری ناشارەزا، ڕوون نییە کە مەبەست لە "لادان" چیە. بە بۆچوونی من، پێویست بوو لێرەدا بۆ خوێنەر ڕوون بکرێتەوە کە یەکێک لە ڕێگاکانی چێ‌بوونی شێوازی ئەدەبی، لادان لە نۆڕمی ئاسایی ( deviation from norm) زمانە(کلیات سبک‌شناسی، ل: ۳۲). 
۳ــ نووسەر دە سەڕچاوەکاندا زۆر کەڵکی لە نامە ماستەرەکان واتا پایان‌نامەکانی کارناسیی باڵا وەرگرتووە. بە بۆچوونی من چوونکە سەرچاوەی باشتر و بڕواپێکراوتر لە بەردەستدا هەن کە نامە ماستەرەکانیش وەکوو سەرچاوە کەڵکیان لەوان وەرگرتووە، سەرچاوەی دەستی هەوەڵ نین و پێویست ناکا بەو ڕادە و ڕێژە زۆرە وەکوو سەرچاوە کەڵکیان لێ‌وەرگیرێ. پێموایە تێزی دوکتۆڕاش هەرچەند پلەیەک لە نامەی ماستەر لە سەرترە، سەرچاوەیەکی زۆر دەستی هەوەڵ و بڕواپێکراو نییە. نامەی ماستەر و تێزی دوکتوڕا زۆرتر بۆ ڕاهێنانی خوێندکارن لە ڕێ و شوێن و شێوازی درووستی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەدا. هەڵبەت ئەو وتەیەم بەو مانایە نییە کە تەواوی نامە ماستەر و تێزەکانی دوکتۆڕا بۆ سەرچاوە نابن بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کە زۆر جار سەرچاوەی دەستی هەوەڵ و باشتر هەیە کە نووسەرانی ماستەر و تێزەکانیش کەڵکیان لەوان وەرگرتووە. جگە لەوە من دڵێم زۆربەیان نەک گشتیان. جاریواش هەڵکەوتووە کە کەسایەتییە بلیمەتەکان نامەی ماستەر یا تێزی دوکتۆڕایان وەکوو کتێب بڵاو کراوەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەکی باش و بە نرخی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە. خاڵێکی‌تری جێی سرنج ئەوەیە کە ئەگەر سەرچاوەی باشتر و بڕواپێکراوتر لەوانە نەبێت، کەڵک لێ‌وەرگرتنیان وەکوو سەرچاوە هیچ کێشەیەک ساز ناکا.
٤ــ لە لاپەڕەی ۲۰۱ دا، نووسەر، "ڕەدیف"ی بە یەکێک لە هونەرەکانی جوانکاری داناوە کە هەڵەیە. ڕەدیف لە بەشی "سەروا"دا باسی دەکردرێ کە سەروا لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکاندا بابەتێکی سەربەخۆیە و لە بابەتی جوانکاری کە بەشێکی ڕەوان‌بێژییە، جیاوازە؛ بەڵام ئەگەر مەبەستی نووسەر زاراوەی "جوانکاری" نەبێ کە بەشێکە لە ڕەوان‌بێژی، بەڵکوو مەبەستی ئەوە بێ کە "ڕەدیف" دەبێتە هۆی جوانیی هۆنراوە و ئاستی ئەدەبییەتی شێعر بەرز دەکاتەوە، ئەوە داوای نووسەر کێشە نییە.
٥ــ نووسەر لە لاپەڕەی ۲۲٦ ی کتێبەکەیدا، نەهێنانی "ئایا"ی لە دێڕە شێعری "تا کەی ئەو جەور و جەفایەت ڕووبڕووی مانی منە// هەرچی هاوار و بڕۆتە، هەر لە سەر ژیانی منە" دا لە لایەن مامۆستا ئەحمەدیانەوە بە "لادان بە لابردنی ئامرازی پرس" بە ئەژمار هێناوە. بە بۆچوونی من، ئەوە هەڵەیە؛ چوونکە مامۆستا ئەحمەدیان ، وشەی لێکدراوی "تاکەی" هێناوە کە وشەی پرسیارە. ئەگەر مامۆستا وشەی "ئایا"شی هێنابایە، دوو وشەی پرسیار لە تەنیشت یەکتر لە یەک ڕستەدا دەبوو کە بێجگە لە وەیکە ڕستەکەی دزێو دەکرد، درێژبڕیشی تێدا دەبوو.
خاڵە بەهێزەکانی ئەو کتێبە
۱ــ نووسەر دەو کتێبەدا، زاراوەی شێعرییەتی بە تەواوی و ڕێک‌وپێکی ڕوون کردۆتەوە و بۆ خوێنەرانی پێناسە کردووە و ڕا و بۆچوونی خاوەن‌ڕایانی لە هەوەڵەوە تاکوو ئێستا بە باشی باس کردووە.
۲ــ تەواوی هۆکارەکانی شێعرییەتی هێناوەتە بەرباس و لە شێعرەکانی مامۆستا ئەحمەدیان، نمونەی بۆ هێناوەتەوە و بە ڕادەی پێویست لە سەریان دواوە و وێنەیەکی تەواو ڕوون و بێ‌گەردی لە شێعرەکانی مامۆستا بۆ خوێنەر هێناوەتە بەرچاو کە جۆرێک شرۆڤە و شیکاریش بە ئەژمار دێت و بۆ ئەو کەسانەی  کە لە سەر ئەدەب و وێژە و زمان و زاراوە تایبەتەکانی وێژە زانیارییان کەمە، زۆر بە کەڵکە.
۳ــ نووسەر بە چڕی و پڕی کەڵکی لە سەرچاوەکان وەرگرتووە و لە هیچ شوێنێک وتەی بێ‌بەڵگەی نییە و بۆشایی نەبوونی سەرچاوەی باش و بڕواپێکراو، هەستی پێ‌ناکرێ. هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە ئەگەر پێش‌تر وەکوو ڕەخنە ئاماژەم کرد کە نووسەر بۆ سەرچاوە، زۆر کەڵکی لە نامەی ماستەر یا پایان‌نامەی کارناسیی باڵا و تێزی دوکتۆڕا وەرگرتووە کە زۆربەیان سەرچاوەی دەستی هەوەڵ و بڕواپێکراو نین، بەو مانایە نییە کە نووسەر لەو بەشانەدا کەڵکی لە سەرچاوەی دەستی هەوەڵ و بڕواپێکراو وەرنەگرتووە، چوونکە نووسەر دەگەڵ ئەو سەرچاوانە و پێش ئەوانیش کەڵکی لە سەرچاوەی دەستی هەوەڵ و بڕواپێکراو وەرگرتووە و پێویست نەبووە کە کەڵک لەوانەش وەرگرێ.
٤ــ نووسەر ڕاوبۆچوونی جۆراوجۆری خاوەن‌ڕایان و گەورەپیاوانی پسپۆڕی بەستێنی ئەدەبی، لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا لە بارەی زاراوەی شێعرییەتەوە هێناوەتە گۆڕێ و بە پێی بۆچوونی ئەوان کارەکەی ڕاپەڕاندووە و بە باشی خوێنەر تێدەگەیێنێ کە ئەو زاراوە کەنگێ و لە کوێوە سەری هەڵداوە و تاکوو ئێستا کامە قوناخانەی تێپەڕاندووە و چی لە بارەیدا گوتراوە و بۆچوونی خاوەن‌ڕایان لەو بارەوە چ بووە.
٥ــ زمانی نووسەر دەو کتێبەدا، زمانێکی بەهێز و ڕەوان و بێ‌گرێ و گۆڵ و تەواو ڕاگوێزی مەبەستە و زۆر بە هاسانی، خوینەر لە مانا تێدەگەیێنێ و سەر لە بەردەنگ ناشێوێنێ و تووشی لاڕێ و کوێرەڕێیانی تێنەگەیشتن و بە هەڵە تێگەیشتنی ناکات. هۆیەکەشی ئەوەیە کە نووسەر زۆر بە باشی بە سەر زمان و وشە و مانادا زاڵە و کەڵکی لە زمانی پێوەر و ستاندارد وەرگرتووە و ڕەنگ و بۆنی ناوچەیی لە سەر زمانەکەی دیاری نادا.
٦ــ نووسەر دەو کتێبەدا بە چەشنێکی شێوازمەند و زانستیانە بابەتەکەی ڕاپەڕاندووە و لە چوارچێوەی بابەتەکە لای نەداوە و بە پێی نێوی توێژینەوەکە، ئەو بابەتانەی کە پێویست بووە، لە سەریان دواوە و بێ کەم و کوڕی، هەقی بابەتەکەی بەجێ هێناوە و نەیهێشتووە بەرگی توێژینەوەکەی لە قەد و قەوارەی نێو و بابەتەکە تێپەڕێ یا کورتی بێنێ.
۷ــ نووسەر دەو کتێبەدا باسی هەر زاراوەیەک کە دەکا، بە تێروتەسەلی و بێ‌کەم‌وکوڕی، لە سەری دەدوێ و بە ڕێک‌وپێکی زاراوەکەی شی دەکاتەوە و پێناسە جۆراوجۆرەکانی دەخاتە بەر چاوی خوێنەر و لە هۆنراوەکانی مامۆستا ئەحمەدیان شایەتی بۆ دێنێ. ئەو کارە بۆتە هۆی ئەوەیکە ئەو کەسەی ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە ــ هەرچەند پسپۆڕی بواری وێژە و ئەدەبیش نەبێت یا ئاگاداری لە سەر زانستی ئەدەبی کەم بێت ــ، بە ڕێک‌وپێکی لێی تێ‌بگات و هیچ سووچ و کەلێن و قوژبنی بابەتەکەی بە تاریکی و لێڵی نەمێنێتەوە.
۸ ــ هەر ئەو جۆرەی پێش‌تر ئاماژەم پێ‌کرد، ئەو کتێبە، پێش‌تر نامەی ماستەر واتا پایان‌نامەی کارناسیی باڵا بووە. ئەو لێکۆڵینەوە، لە قەدەر ئەوەیکە پایان‌نامەی کارناسیی باڵا بووە و خوێندکارێک نووسیویەتی، زۆر بەهێز و پێزە و دە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و تەنانەت دەتوانم بڵێم کە دە ئاستی تێزێکی زۆر باشی دوکتۆڕادایە و دەتوانێ سەرچاوەیەکی زۆر بەکەڵک بێ بۆ خوێنەرانی چەمک و بابەتە ئەدەبی و وێژەییەکان بە تایبەت بۆ ئۆگرانی هۆنراوەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان. هەروەها ئەو کەسانەی دەگەڵ زاراوە ئەدەبییەکان زۆر تێکەڵاوییان نییە و هاوتا و هەمبەرە کوردییەکانی ئەو زاراوانە نازانن یا ئاگادارییان لە سەر ئەوان کەمە، دەتوانن بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە، تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکەیان حەل بێت و دەگەڵ زۆربەی زاراوە ئەدەبییەکان ئاشنا بن و شارەزاییان لە سەر پەیدا بکەن.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

خضر عبدالهی ۱۴۰۲/۶/۲۲
سڵاو و رێز بۆ نوسە‌ری وتارە‌کە کە زۆر پسپۆرانە تە‌وە‌رە‌کانی تاوو تۆیێ کردوە باسی مامۆستای پایە‌بە‌رزی کردوە بە هیوای تە‌مە‌ن درێژی بۆ دوکتری هە‌واڵم وێنە‌ت زۆر بێت و نیشتیمانت ئاوە‌دان
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

خضر عبدالهی ۱۴۰۲/۶/۲۲
سڵاو و رێز بۆ نوسە‌ری وتارە‌کە کە زۆر پسپۆرانە تە‌وە‌رە‌کانی تاوو تۆیێ کردوە باسی مامۆستای پایە‌بە‌رزی کردوە بە هیوای تە‌مە‌ن درێژی بۆ دوکتری هە‌واڵم وێنە‌ت زۆر بێت و نیشتیمانت ئاوە‌دان
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

خضر عبدالهی ۱۴۰۲/۶/۲۲
سڵاو و رێز بۆ نوسە‌ری وتارە‌کە کە زۆر پسپۆرانە تە‌وە‌رە‌کانی تاوو تۆیێ کردوە باسی مامۆستای پایە‌بە‌رزی کردوە بە هیوای تە‌مە‌ن درێژی بۆ دوکتری هە‌واڵم وێنە‌ت زۆر بێت و نیشتیمانت ئاوە‌دان
4
2
پاسخ به این اظهارنظر

موحەممەدڕەشید ڕەسوول پوور ۱۴۰۲/۶/۱۰
وێڕای سڵاو و ڕێز لە بەرپرسانی هاژەی خۆشەویست ڕێز و سپاسی خۆم ئاراستەی مامۆستای شارەزا و بلیمەت و دەست و قەلەم ڕەنگینی ئەم وتارە بەپێزە یانی دوکتور فروهەندەی بەڕێز دەکەم یا خوا هەر وا دەست و قەڵەم ڕەنگین بیت.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد