تاريخ: ۱۳۹۵ جمعه ۲۲ بهمن ساعت ۲۰:۲۶ بازدید: 1645      نظرات: 0      کد مطلب: 3163

میزۆپتامیا ڕابردوو و میزۆپتامیا ئەمڕۆ!

ئەرسەلان بورنا ـ شرۆڤەکاری سیاسی



مێژووی گەلانی میزۆپتامیا باس لە گرێدراوییەکی پتەو و دوولایەنە لە گەڵ ژینگەی دەوروبەری دەکات. ئەم بابەتە بە تایبەت لە نێوان دانیشتووانی چیاکانی زاگرۆس و هەروەها لایەنگرانی ڕێبازی زەرتۆشت خاوەن پێگەیەکی باش لە ئاست بە پاراستن و ڕێزگرتن لە ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو بووە. سەرەڕای ئەم مێژوو دەوڵەمەندە بەڵام لە ئێستادا وڵاتانی نوێ ئەم ناوچەیە و لەم نێوانەدا ئێران لە ڕیزی وڵاتانی پڕ حەشیمەت و پیسکەری ژینگە جێگەیان گرتووە.
جیاواز لە پیس کردن و تێکدانی ژینگە؛ ئەمڕۆکە قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی لە ئاستی ئێران ڕاستییەکی دڵتەزێن و چارەنووس سازە. ئەگەرچی ناوەندە پەیوەندیدارەکان خۆیان بەشی سەرەکی لە خوڵقاندنی ئەم دۆخەنە بەڵام هەر هەموومان بەرپرسیارین و بە داخەوە، کۆمەڵگا و هاووڵاتییانی ئێمە زۆر بە سادەیی لە تەنیشت پرسێکی لەم چەشنە تێپەڕ دەبن. لە لایەک ئێمە ڕێژەیەکی زۆر ئاو لە سەر ناوی پاک و خاوێنی بە فیرۆ دەدەێن و لە لایەکی دیکەوەش، بە هۆی پشت گوێ خستنی بەشی کشت‌وکاڵ بۆ نۆژەن کردنەوەی لە لایەن دەوڵەتەوە زۆرترین خەسارمان لە ژینگە و گیاندارانی داوە. هەر بۆیە، سەرچاوە ئاویییەکانی وەک ڕووبار و بەنداوەکانی سەر ئەوان لە ئاستێکی بەربڵاودا لە ڕێگەی پیسکەرە پیشەسازییەکان یا پاشماوەکانی کودەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووبەڕووی قەیرانی هەمەلایەنەتر دەبنەوە.
ئەمڕۆکە چەندین دەریاچەی ژیانبەخش و کاریگەردانێر تووشی ویشک بوون هاتوونە و لێدانی بەنداوی جۆراوجۆر لە سەر ڕووبارەکان وەک دەمارەکانی ژینگە؛ ئەم قەیرانەی قووڵتر و بەربڵاوتر کردووە. سەرەڕای هەستیاری ئەم بابەتە بەڵام هیچ گەڵاڵە یا ڕێکارێکی لۆژیکی درێژخایەن بۆ گۆڕان و ڕێوەبەرایەتی ئەم ڕەوتە بە دی ناکرێ. هەروەها، گەڵاڵە ناڕێکەکانی دەرکردنی ئاوەڕۆکانی دێهات و شارەکان و یا دەرهێنانی بێ سەرە و بەرەی ئاوەکانی ژێر زەوی و لێدانی دەیان هەزار چاڵاوی شاراوە؛ مەترسی قەیرانە سەرهەڵداوەکان لە سرووشتی دەوروبەرمانی چەند قات زێدەتر کردووە.
لە ڕاستیدا، دێوەزمەی بەرهەم هێنانی زۆرتر و ئابووریی بەکاربەرانە خەریکە ژینگەمان بە تەواوی تێک و خراپ دەکات. وێدەچێ، ئێمە ڕووبەڕووی تراژیدیایەکی ژینگەیی کاریگەردانێر لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا دەبینەوە و تەواوی ئەو شتانەی کە خەریکن لە دەوروبەرمان ڕوو دەدەن؛ نەک تەنیا هەڵکەوتە نییە بەڵکوو ئاکامی کردەوە شێتانە و قیزەونەکانی ئێمەیە. هەوڵدانی چاوچنۆکانە بۆ وەدەست هێنانی قازانج _ سەرمایەی زۆرتر لە تەنیشت پشت گوێ خستنی هەمەلایەنە، " پەرەسەندنی بەردەوام " لێکدانەوەی بۆ دەکرێ! هەر بۆیە، ژیانی جڤاتە مرۆڤییەکان، ژینگە و تەواوی گیاندارانی زۆر بە سادەیی دەبنە قوربانی ئەم چاوچنۆکییە و ئەمە سەرەتای دەست پێ کردنی کارەساتی لە ناوچوونمانە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد