تاريخ: ۱۴۰۲ شنبه ۷ مرداد ساعت ۹:۳۷ بازدید: 1432      نظرات: 1      کد مطلب: 21597
سەیرانگای «کانی‌ لۆسە» دەرفەتێکی زێڕینی گەشتیاری و کەمتەرخەمێکی دوو لایەنە

نقورچکێک لە ئاستی فەرهەنگی خەڵک هەتا بەرپرسیارەتی دانیشتووانی دەڤەری بادیناوێ

ڕێبوار عەجەمی


هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم، ڕێگای وەدەست هێنانی داهات گۆڕانی بەسەردا دێت، لە ئێستادا کە ئەندێشەی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێت، لە تەنیشت ئیشی ڕۆژانەیدا بە دوای حەسانەوەدا دەگەڕێت، هەر بۆیە شوێنە گەشتیارییەکان بۆ پشوودانی خۆی هەڵدەبژێرێت.

لەئێستادا کەرتی گەشتیاری وەک «گەورەترین پیشەی خزمەتگوزاریی دنیا» سەیری دەکرێت کە بێ دۆزینەوەی بەشەکانی شوێندانەر لەسەر ئەم کەرتە پلان دارێژی و بەڕێوەبەری ئیستڕاتێژیک سەر ناگرێت.

کوردستان بەهۆی سرووشتی کوێستانی، ئاو و هەوای سازگار و خاکە بەپیت و بەرەکەتەکەی هەلێکی زێڕینی گەشتیاریی هەیە کە کەم شوێن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستێنێکی وەها لەباری بۆ ڕەخساوە.

ئەم مەڵبەندە، سەرەڕای ئەوەی کە دەرفەتی باشی گەشتیاریی هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی ژێرخانی تایبەتی ئەم کەرتە، کەلێنی هەلەکانی دۆزینەوەی بازاڕ، لاواز بوونی بەڕێوەبەری گەشتیاری و... وەک بەربەستەکانی سەرەکیی گەشەکردنی گەشتیاریی ئەم ناوچەیە ئەژمار دەکرێت.

دیاری کوردستان، بەهۆی بوونی شوێنە سرووشتی و خۆڕسکەکان، شوێنەوارە مێژوییەکان، دابونەریتی لەمێژینەی، دڵ ئاواڵەیی خەڵکەکەی، بازاڕچەکانی سنووری، پیشەکانی دەستی، بازاڕی ڕزق و گیا و گۆڵی خۆماڵی و... دەرفەتێکی باشی بۆ ڕاکێشانی گەشتیار لە دەرەوە و ناوەوە هەیە.

ناوچەی موکریان بەهۆی بوونی شوێنە گەشتیارییەکانی وەکوو ئەشکەوتەکان، بەنداوەکان، مزگەوتەکان، تاڤگەکان، کوێستانەکان و... ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن کە لەم بەینەدا شاری پیرانشار بەهۆی بوونی شوێنە گەشتیاری و ئاوییەکانی وەکوو کوێستانی «قەندیل»، سەیرانگای «کانی لۆسە»، سەیرانگای «خدراوێ»، سەیرانگای «خەرپاپ»،  سەیرانگای «پردانان»، «دارستانی میراوێ»، بەنداوەکانی «کانی‌سێو، جەڵدیان و سێڵوێ»، گوندەکانی «خورینج؛ دایە شێخ»، دەروازەی سنووری «تەمەرچین / حاجی ئۆمەران» و «بازاڕچەی سنووری» ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و باشووری کوردستان و عێراق سەردانی دەکەن.

شاری پیرانشار بەهۆی بوونی ژێرخانی گەشتیاری سرووشتی و هاوسنووری لەگەڵ کوردستانی گەرمێن باشترین هەلی وەرگرتنی گەشتیاریی بۆ ڕەخساوە کە ئەگەر پلانێکی ئیستڕاتێژیکی بۆ داڕێژرێت دەرفەتێکی باش بۆ وەرگرتنی گەشتیار دەبێت و زۆر کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەم ڕێگەیەوە ئیش دەکەن و ژیانیان هەڵدەسووڕێنن. بە جۆرێک کە ئەم کەرتە وەک هەلێکی کارامە بۆ نوێ بوونەوە و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکرێ سەیری بکرێت.

سەیرانگای «کانی لۆسە» بەهۆی ئەوەی کە شوێنێکی دارستانی و چۆماوییە لە وەرزی بەهار و هاوین گەشتیارێکی زۆر لە چوارچێوەی دۆست و هەڤاڵ، بنەماڵە و گرووپی شاخەوانی سەردانی دەکەن و کاتی حەسانەوەی خۆیان لەوێ بەسەر دەبەن.

مرۆڤ کە سەردانی ئەم شوێنە دەکات، سەری لە ئاستی نەخشی کردگار بە دەم تاڤگە و ئاوهەڵدێر و میوەی خۆڕسک و دارستانی بە گەڵای سەوز داپۆشراوە سووڕ دەمێنێت. گرفتەکانی سەیرانگای «کانی لۆسە» لە کاتی ئێستادا بە کورتی و بە گشتی بریتین لە:

-          زیان گەیاندنی گەشتیاران بە ژینگە و دارەستانی ئەم مەڵبەندە بەشێوەی شکاندن و بەکارهێنانی بۆ سووتەمەنی

-          پیس کردن و بەجێهێشتنی پاشماوە و زبڵێکی زۆر لەلایەن هاوڵاتیانەوە

-          نەبوونی ڕێکخراوەیەکی فەرمی و نافەرمی لەهەمبەر پێڕاگەیشتن، چاوەدێری و خاوێن کردنەوەی ئەم شوێنە

-          نەبوونی فرۆشگە و خواردنگەی پێویست کە هەم پێداویستی گەشتیاران دابین بکات و هەم زیان بە ژینگە و سرووشتی ناوچەکە نەگەیەنێت.

-          باش نەناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی پیرانشار و بەتایبەت «کانی لۆسە» لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و شوێنە پەیوەندیدارەکان

-          لاوازبوونی فەرهەنگی گەشتیاری کە ڕەنگە بۆ ئاستی پەروەردە و فێرکاری میدیاکان و لاوازی چالاکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بگەڕێتەوە.

-          نەبوونی داڕێژەرێکی گونجاو لە لایەن شوێنە پەیوەندی دارەکان و بەرپرسان بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران لە شوێنێک وەک «کانی لۆسە» بۆ دەرفەتە زێڕینە گەشتیاریەکانی‌تری پیرانشار وەک: بازاڕچەی سنووری، بازاڕی پیشەکانی دەستکرد، حاواندنەوەی گەشتیاران لە هۆتێل و میوانخانەکان، ناساندنی فەرهەنگی خەڵکی کورد و ناوچەکە بە گەشتیاران بە شێوازی بڵاو کردنەوەی تڕاکێت و دامەزراندنی وێب‌سایت، دانانی پێشانگا و....

-          وەرنەگرتنی تێچووی چوونە ژوور / ورودی، کە بۆتە درووست بوونی ئەم بیرۆکەیە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە کە هاتنی گەشتیار زەرەرەکەی لە قازانجەکەی زیاترە.

گشت ئەم خاڵانەی سەرەوە بە دەست لە دەست یەکنانی بەرپرسان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، میدیاکانی خۆجێی و دانیشتوانی ئەم مەڵبەندە، بە داڕشتنی بەرنامەیەکی پووخت لە کاتێکی کورت و گونجاو دا دەکرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و مایەی هومێدی هاونیشتمانیان و لە لایەکی تریشەوە دڵەڕاوکێی خەمخۆرانی ژینگە و نیشتمان دەڕەوێتەوە.






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

۱۴۰۲/۵/۹
پف

نظر خود را براي ما ارسال كنيد