تاريخ: ۱۴۰۲ يکشنبه ۲۵ تير ساعت ۱۱:۲۰ بازدید: 849      نظرات: 0      کد مطلب: 21527

یادێک لە خێرخوازی موکریان خوالێخۆشبوو(حاجی حەسەنی واحیدی)

سەیید موحەممەد ئەمین واژی


بەداخەوە ڕۆژی پێنج شەنبە (1402/4/15) نزیکی کاتژمێر دوازدەی بەر لە نیوەڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی ”حاجی حەسەنی واحیدی”م لە لایەن “حاجی مەولوودی برادەری” پێگەیشت. زۆر تاسام کە چەند ڕۆژ پێشتر پێکەوە بوین، زۆر قسەی ئاسایمان کرد. نازانم خاوەنی ئەم هەڵبەستە کێیە کە دەڵێ: دنیا بەقای بۆ نییە، وەک سێبەری درەختان، چەند ئەولیای فڕێدان، چەن نازەنین نەوجوان، ئێوەش پشتی پێ مەدەن، هەڵمەفریوێن بە مەکران. 
بەڕاستی دنیا بەوە خۆشە ناوی چاکت لە پاش بمێنێ و خەڵک بە چاکە باست بکا. دەنا خۆشێکەی لە چی دایە!
ناساندنی حاجی حەسەن:
کاک لوقمان موللارەحیمی دەڵێ: خوالێخۆشبوو حاجی حەسەن، ساڵی(1330)هەتاوی لە سەردەشت چاوی بەدنیا هەڵێناوە. خڕۆکە بووەو پێی ناوەتە قوتابخانە، درێژەی بە خوێندن داوە تا (فەوقەدیپڵۆم) لە زانستی نژیاروان(معمار)ی وەرگرتووە، ماوەیەک فەرمانبەری شارەداری، لە شارەداری سەردەشت بووە. پاشان دەستی لەکار کێشاوەتەوەو پیشەی ئازادی دەگرێتەبەر.
لە کیمیابانی بارانی سەردەشت (11)کەس لە بنەماڵەیان کەوتە بەر هێرشی دڕەندانەی سەددام، کە خێزان و سەلاحەددینی کوڕی لەو یازدەکەسەیە بوون. خۆشی نزیکی پەنجا لەسەد جەستەی گیرۆدەی کیمیایی بووە. ساڵی (1370) دێتە مەهاباد و تا ڕۆژی پێنج شەنبە(1402/4/15)هەتاوی لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد دڵی لە لێدان دەکەوێ و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان دەکا و پێی ڕاسپێری خۆی لە سەردەشت لەپەنا ئەم(11)شەهیدەی بنەماڵەیان بەخاک دەسپێردرێ.
کەسایەتی:
لە مەهاباد حاجی حەسەن بە باوکی فەقیر و هەژاران دەناسرا، ئەندامی کارای بنکە خێرخوازەکان، یا یاریدەدەری شوێنە بێ ئەنوایەکان بووە وەک: خانەی ڕوناک، خانەی ئەمین، ژیوار، زاگرس و هتد... دروستکەری قوتابخانە و بەخشەری کەرەستەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچە، ئەندامی ئەنجومەنی خێرخوازی تەندروستی (شورای خیرین سلامت) وە یەکێک لە سپۆنسەرە داراییەکانی سەنتەری دیالیزی مەهاباد بووە.
لەشارەکانی دەوروبەر زانیبای خوێندکارێک بۆ درێژەدان بە خوێندن، پوڵی نییە یا لێ بڕاوە، بەهانایەوە دەچو دەستی زۆر لاوی دەگرتن ڕێی کاری پێنیشان دەدان. یارمەتی هەژارانی دەدا. کاری بە زبان و ئایینی نەبوو، ئەوەی بەلایەوە گرینگ بوو، نەبوونی بوو. نزیکەی سەد بنەماڵەی بێ سەرەستی وەستۆ گرتبوو.
کاک جەلالی مەعڕوفیان لەپرسەکەی دا گوتی: ڕۆژێ لە خزمەتی دابووم یەکێ لە شیراز زەنگی لێدا، حاجی ئاغا لە بەندیخانە هاتومەتە دەر، پوڵم نییە پێی بگەڕێمەوە. حاجی ژومارە کارتی لێ وەرگرت و پێنسەد هەزار تومانی بۆ دەحیساب کرد؛ لێی نەپرسی خەڵکی کۆی، یا بێ بیپشکنێ بزانێ ڕاست دەکا یا درۆ. 
مامۆستا مەلا ئەبوبەکر موحەممەدکەریمی لە پرسەی خوالێخۆشبوو فەرموی: ئەوە دوعای حاجی حەسەن بوو، خوایە!‌ ئەووەڵ دڵم دەیەی، دوایە ماڵم دەیەی.
مهندس جەلالی مەحمودزادە نوێنەری شاری مەهاباد گوتی: ئەگەر هیچمان لە دەست نەهاتبایە بۆ یارمەتی بێ ئەنوایان، دەمانناردە لای خولێخۆشبوو حاجی حەسەنی واحیدی.
بۆ بنکە ئایینێکان زۆر بەخەم بوو، هەوڵی دەدا کەمایسێکانیان پڕکاتەوە. پارەکە بۆ ۳۹قوتابی فێرگەیی ئایینی سەلاحەددینی ئەییوبی لە پیرانشار، وەک خەڵات کتێبێ مێژویی زانایانی موکریان بەخەڵات بۆ کڕیبوون.
بە حاجی حەسەن، خواڵێخۆشبوو حاجی سمایلی زودی و دوکتۆر موستەفا خوڕڕەمدڵم هاتەوە بیر، پێموایە دوکتۆر لەوەی وەگیری دەکەوت، نیوەی بەسەر منداڵانی بێ سەرپەرەست و هەژاران دابەش دەکرد. جێی شانازییە لەم گەور پیاوانە زۆرن. 
دیسانیش دەڵەم بەڕاستی دنیا بەوە خۆشە ناوی چاکت لە پاش بمێنێ و خەڵک بە چاکە باست بکا.
 
بیرەوەری:
پێرارەکە شەوی هەینی ڕێکەوتی(1400/11/14)هەتاوی لە ماڵە خۆم، لەگەڵ کۆمەلێک لە دۆستان لە خزمەتیان دابووین. کاک مەلا شەفیعی شافعی بەم دەنگە خۆشە بە شێوازی شێخ عەبدوالباسیت، هەندێ لە قوڕئانی پیرۆزی بۆ خوێندینەوەو پاشان مامۆستا مەلا عەبدوسسەلامی سەیدە بە بەسەرهاتی چەن خێرخواز و بانگخوازی ئایینی بۆ گێڕاینەوە. حاجی بەڕەحمەت بێ زۆری پێ خۆشبوو.
وێنەکان:
لەڕاسەتەوە:
مەلا موبین واژی، م: مەلا عەبدوسسەلام سەیدە، خوالێخۆشبوو حاجی حەسەنی واحیدی، م: مەلا شەفیع شافعی فر، حاجی مەولوود برادەری، سەیید مەزهەر ..سەیید حەسن حوسەینی، م: سەیید موحەممەد ئەمین واژی
وێنەی دوهەم:
کاک شورش زارعی، م: مەلا عەبدوسسەلام سەیدە، خوالێخۆشبوو حاجی حەسەنی واحیدی، م: مەلا شەفیع شافعی فر، حاجی مەولوود برادەری، سەیید مەزهەر ..سەیید حەسن حوسەینی، م: سەیید موحەممەد ئەمین واژی.
۲۵پوشپەڕی۱۴۰۲هەتاوی



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد