تاريخ: ۱۴۰۲ پنج شنبه ۲۵ خرداد ساعت ۱۹:۲۴ بازدید: 827      نظرات: 0      کد مطلب: 21350

ئافڕۆدسواری و ژینگەپارێزی


لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئافڕۆد  )Off-road ) وەک شوێنەکانی دیکەی ئێران ڕووی لە کوردستانیش کردووە. ڕوو لە هەر کوێستانێک دەکەی دەستەیەک جیپ و لەندەوێر و تویوتا دەبینی کە سەرمەست و کەیفخۆش بە چەوتەڕێ و کوێرەڕێیاندا دەڕۆن و تا بەرزایی کوێستانەکان ڕاناوەستن.

هەندێک لە ئافڕۆدسوارەکان دار و نەداریان لە ماشێنەکەیان خەرج کردووە و ژیانیان بووەتە ئافڕۆد و ماشێنی جووت دیفر و کوێرەڕێ. وەک دەڵێن: ئافڕۆدسواری گرانترین وەرزشی جیهانە. بۆ وەرزش؟ چوون کێبەرکێ و پێشبڕکێیە. بۆ گران؟ چوون بۆ دەستپێک پینجسەت تا یەک میلیاڕد و بگرە زیاتریشی خەرجە.

بەهار وەرزی ژیانەوەی ژینگەیە. قەد و لاپاڵ و دۆڵ و مێرگ و چیمەن بە هەموو جۆرەکانی گیا و گۆڵ دەڕازێنەوە. ڕوو لە هەرلایەک دەکەی تابڵۆیەکی شاکار دەبینی. بەش بە بەشی ژینگە لە جێی خۆی دەچندرێ و هیچیان ڕێ لە هیچیان ناگرن. بوونەوەرەکان دوای تەواوبوونی سەخڵەتی و سەرما، ماڵ و لانی خۆیان سازدەکەنەوە و زاوزێ دەکەن. کیسەڵ و کەروێشک و ڕێوی و بانک‌بانک و سمۆرە و دەیان جۆری باڵندە و سەدان بوونەوەری دیکە لە سرووشتدا حاواونەوە. لە بن هەر گوێنی و بنچک و ڕووەکێک جڕوجانەوەر و جووڵەوەر خۆیان حەشار داوە و شانە و شار و لانەیان ساز کردووە.

بیستراوە و دیتراوە کە دەنگی ناپۆڕ و ناقۆڵای ئافڕۆدەکان ئارامی بوونەوەرەکان دەشێوێنێ. دەترسێن و شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێدێڵن. ژینگە تێکدەچێ. بە تەگەرە زەبەلاح و زلحۆرتەکان، ڕووەک و گوێنی و بنەگیا و شیناوەردەکان دەشێلن و ژینگە بە بوونەوەران تاڵ دەکەن و وە ئامانیان دێنن. ژینگە تێکدەچێ.

هەرچەند بەپێی مەڕامنامەیەکی نەنووسراوی نێوان ئافڕۆدسوارەکان ئەوان خۆیان پێ ژینگەپارێزە. ئەوان دوای پێشبڕکێ و گەشت و گوزار، زبڵ و پاشماوەیەک کە گەشتیاران لە ناوچەکە جێیان هێشتووە کۆی دەکەنەوە. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە زۆربەیان ئاگاداری خاڵە وردەکانی ژینگەپارێزی نین. زۆربەیان ژینگە بە مڵکی بێ‌خاوەن دەزانن و لە ئاستی ژینگەدا خۆ بە بەرپرس نازانن. زۆربەیان بە شێوەی نەخوازراو و لە ڕووی ئاگالێنەبوونەوە دژ بە ژینگە دەجووڵێنەوە.

پێویستە ئافڕۆدێرەکان خۆیان بە دوایین خاڵەکانی ژینگەپارێزی لە ڕووی زانستییەوە تەیار کەن بۆ ئەوەی سرووشتە دڵڕفێنەکەی کوردستان نەشێوێندرێ و تێک نەچێ. پێویستە ئەوان ئاڵاهەڵگری ژینگەپارێزی بن. لەو دەرفەتانەی کە لە کوێستانەکان و سەیرانگاکان وە چنگیان دەکەوێ لەگەڵ گەشتیارانی دیکە بدوێن و باس لە گرینگایەتی پاراستنی ژینگە بە هەموو جوانییەکانییەوە بکەن.

لەبیرمانە کە ئەوان لە ڕۆژە سەختەکاندا بە هانای لێقەوماوانەوە چوون و ئەرک و ئەخلاقیان بەجێهێناوە. ناشێ هەندێکیان لەڕووی نەزانینەوە لە ئاست ژینگە نابەرپرس بن و بگرە دژی بجووڵێنەوە. ژینگەپارێزی ئەستوون و کۆڵەکەی ئەخلاقە و ئافڕۆدسوارەکان دەبێ پێش‌سواری ژینگەپارێزان و ئەخلاق‌پارێزان بن.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد