تاريخ: ۱۴۰۲ شنبه ۶ خرداد ساعت ۱۸:۰ بازدید: 551      نظرات: 0      کد مطلب: 21239

سیلۆکانی هەرێمی کوردستان دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن


نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. ناوبراو دەڵێت، ئەگەر زیاتر لە پشكی دیاریکراو کە ٣٧۵ هەزار تۆنە بەرهەم بێت، لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، لێژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بڕیارێکی نوێ دەدات.

ساڵی رابردوو زیاتر لە ٣٠٦ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەمساڵ باران لە تەواوی ناوچەکە بە نیسبەت پار زیاتر بووە، پێش‌بینی دەکرێت بەرهەمی گەنم زۆر زیاتر بێت، بەڵام حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرگرتنی گەنم بە ۳۷۵ هەزار تۆن دیاری کردووە و لەو بڕە زیاتر وەرناگرێت کە بۆ هەر تۆنێک ۸۵۰ هەزار دینار دیاری کراوە.

بڕیارە ئەمساڵ چەند ڕۆژێک دوای ڕادەست کردنی گەنمی جووتیاران پارەی گەنمەکەیان پێبدرێت؛ نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، بۆ پارەی گەنم حکومەتی عێراق ۴۰ میلیارد دیناری  وەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی خستووە.

ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای هەولێر ١١٧ هەزار و ٧٧٣ تۆن، لە سلێمانی ١٣۶ هەزار و ۵۰۰ تۆن گەنم و لە دهۆک ۵۲ هەزار و ۱۹۵ تۆن و ۱۰۰ کیلۆ گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.

ساڵی ۲۰۲۱ وەرگرتنی گەنم لە ساڵی ۲۰۲۲ که‌متر بووە، بەجۆرێک لەو ساڵەدا لە پارێزگای هەولێر ۴۶ هەزار تۆن، لە سلێمانی ۷۲ هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا ۷ هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد