تاريخ: ۱۴۰۲ سه شنبه ۲ خرداد ساعت ۱۸:۱۵ | بازدید: 597 نظرات: 0 کد مطلب: 21214 |
سندوقی هاوکاری منداڵان سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا لە سەرتاسەری جیهاندا، متمانە بە ڤاکسینەکانی منداڵان کەم بووەتەوە.
یونیسێف راپۆرتێکی بە ناونیشانی "رەوشی منداڵانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣: ڤاکسین بۆ هەموو منداڵێك" بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢١دا، ٦٧ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا هەموو ڤاکسینە پێویستییەکانیان وەرنەگرتووە و ٤٨ ملیۆن منداڵیش هیچ ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی رێژەی کوتانی منداڵان دەگەڕێنەوە بۆ فشار لەسەر سیستمە تەندروستییەکان، کەمبوونەوەی سەرچاوەکان، پێکدادان و کێشەی ئەمنی، باس لەوەش کراوە کە لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا، متمانە بە ڤاکسینەکانی منداڵان بە رێژەی سەدا ٤٤ کەمی کردووە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە کۆی ٥٥ وڵات کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە لە ٥٢یان متمانە بە گرنگی ڤاکسینەکانی منداڵان کەمی کردووە.
ئەمەش بە جۆرێک لە قەیران ناوبراوە و داوا لە حکوومەتەکان کراوە بۆ رێگریکردن لە پەتا و پاراستنی منداڵان، بوودجەی تایبەت بە ڤاکسین زیاتر بکەن و سەرچاوە پێویستەکان دابین بکەن. - "پێویستە کوتان نەبێتە قوربانی پەتا" بەڕێوبەری کارگێڕیی یونیسێف، کاسرین راسێل لەم بارەیەوە رایگەیاند: "رێگەنادەین متمانە بە ڤاکسینە رۆتینییەکان ببێتە قوربانی پەتای کۆرۆنا".
کاسرین راسێڵ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم رەوشە نیگەرانکەرە و ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەری هەیە ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ڤاکسینەوە رێگرییان لێدەکرا، دووبارە ببنەوە هۆی گیان لەدەستدانی منداڵان.