تاريخ: ۱۴۰۲ جمعه ۲۹ ارديبهشت ساعت ۱۰:۵۵ بازدید: 787      نظرات: 0      کد مطلب: 21172
لەلایه‌ن زانای کورد مامۆستا مەلا کەماڵ مودەرریسی

قوڕئانی پیرۆز، بە زمانی کوردی کەوتە بەر دیدی خوێنەران

سه‌یید موحه‌ممه‌دئه‌مین واژی


ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٢ی هەتاوی، وەرگێڕاوی قوڕئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردی هی مەلا کەماڵ مودەڕڕیسی لەلایان دوکتور شاباز موحسێنی بە دەست گەیشت. بەم دیارییە دوو جار خۆشحاڵ بووم؛ یەکەم وەرگێڕانێکی دی لە قوڕئانی پیرۆز و دەوڵەمەندکردنی پەڕتوکخانەی زمان و وێژەی ئەدەبی کوردی، ئەوی تر، ئەوە بوو کە من ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ لە خزمەت مامۆستادا بووم و فەرمووی لەم بارودۆخە نائاساییەی پەتای کڕۆنا، کەڵکم وەرگرتووە و نەچوومە هیچ شوێنێک، تەنیا خۆم بە وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز سەرقاڵ کردووە، ئەوە کە ئەم ئاواتە هاتۆتە بەرهەم.
مامۆستا لەبەر شارەزایی لە ڕادەبەدەری بە وردەکارییه‌کانی ڕێزمان و وێژەی زمانی عەڕەبی و ئاگاداری بەسەر زاراوە و بن‌زاراوەکانی کوردی، ئەو لێوەشاوییه‌ی زیاتر بۆ وەرگێران تێدا دەبینرێت.
ئەم وەرگێڕدراوە، لە ۶۰۴ لاپەڕەدا بە چاپ گەیشتووە. لێرەوە دوعای بەخێر بۆ کاک سەلاحی پایانیانی دەکەین کە ئەم ئەرکە گرینگەی ئامادە کردن و ڕێک‌وپێک کردنی ئەم کارە قورسەی وەئەستۆ گرتووە ماڵی سەد جار ئاوەدان بێ.
تایبەتمەندییه‌کانی ئەم وەرگێڕدراوەیە:
۱ـ مامۆستا تەنیا وەرگێڕ نییە؛ بەڵکو لەو شوێنەی پێویستی بە ڕاڤەکردن هەبێ، شیکاری زیاتری بۆ کردووە.
۲ـ بۆ ئەوەی زمانی کوردی دەوڵەمەند بکا لە بن‌زاراوەی تریش کەڵک وەرگرتووە. بۆ وشەیەک، هەر جارەی لە شێوەزارێک چەند جۆری مانای هێناوەتەوە. بەپێی ئەوەی باوکی مامۆستا، کرمانج و دایکی سۆران و خۆی موکریانی بووە، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندووە بەسەر شێواز و زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردی دا زاڵ بێت.
۳ـ ماناکانی ئەوەندە کورت و پوختن کە درێژه‌دادڕی تێنەکراوە و خوێنەر ماندوو ناکات.
مامۆستا خۆی لە پێشەکی وەرگێڕانەکەی ئاماژە بە سێ خاڵ دەکا:
۱ـ ئەمن پێم وایە (مفعول مطلق تاکیدی) دە زمانی کوردیدا نییە، جا لەبەر ئەوەی ئەمن ئەو جۆرە مەفعولانە کە دە قوڕئاندا هاتوون، بە کەیفی خۆم مەعنام کردوون! بۆ نموونه‌: «و کلم الله موسی تکلیما» (۱۶۴/۴) و خودا ڕاستەوخۆ دەگەڵ مووسا قسەی کرد.
۲ـ (ضمیر شأن)م ئاوا مەعنا کردووە: «ئاوایە»؛ یان «مەتڵەبێکی موهیم ئەوەیە»؛ بۆ نموونه‌: «قل هو الله احد اللە الصمد...» یانی: بڵێ، «ئاوایە: خودا تەنهایە خودا جێی نیازە…» یان بڵێ: مەتڵەبێکی موهیم ئەوەیە: خوا تەنهایە خودا جێی نیازە...).
۳ـ دەفەرموێت ئەوەشم لە بیر نەچێ: ئەمن کە (سوور)ی بە دوو [واو] دەنووسم، (سییر)یش بە دوو [ی] دەنووسم.
لێرەدا نموونەیەک لە وەرگێڕانی مامۆستا دێنمەوە، ئەویش "سووڕەتی فاتیحە"ـیە
[به نێوی خودای به‌خشنده‌ی به‌خشاینده]
[ستایش هه‌ر بۆ خودای په‌روه‌ردگاری جیهانییانه]
[که به‌خشنده‌یه، به‌گوزه‌شته؛]
[خاوه‌نی ڕۆژی قیامه‌ته؛]
[هه‌ر تۆ ده‌په‌رستین و هه‌ر له تۆ داوای یارمه‌تی ده‌که‌ین؛]
[ڕێی ڕاستمان نیشان بده؛]
[ڕێی ئه‌وانه‌ی که چاکه‌ت ده‌گه‌ڵ کردوون، نه‌ک ڕێی ئه‌وانه‌ی که وه‌به‌ر تووڕه‌یی که‌وتوون و نه ڕێی لاده‌ران له‌ڕێی حه‌ق]
کورتەیەک لەژیانی مامۆستا:
مامۆستا ساڵی ۱۳۱۵ی هەتاویی لە ئاوایی "جەڵدیان"ی سەر بەناوچەی پیرانشار چاوی بە دنیا هەڵێناوە. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی تۆرەڤان(اهل فضل) و خاوەن زانست لە دایک بووە و کوڕە گەورەی عەللامە مامۆستا مەلا ساڵحی مودەڕڕیس (جۆلەمێرگ)ییە، کە بە ڕەسەنایەتی بۆ سەر شاعیر، عارف و ناوداری کورد (ئەحمەدی خانی) دەگەڕێنەوە. دایکی بە نێوی "عائیشە سۆفی گەزنەیی" لەدایکبووی ناوچەی باڵەکایەتی باشووری کوردستانە کە لەم دەڤەرە بە زاراوەی سۆرانی دەدوێن. بابی لەدایکبووی باکووری کوردستان و بۆخۆشی له‌ خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە مامۆستاکانی مامۆستا مەلا کەماڵ دەتواندرێ ئاماژە بە مامۆستا مەلا باقری بالک، مەلا حسێنی مەجدی، مامۆستا شێخ عێزەددین حسێنی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای شامخی،  مامۆستا مەلا سەیید محەممەدی واژی بدرێت.
مامۆستا خوێندنەکەی زۆرتر لە لای عەللامە مامۆستا مەلا ساڵحی باوکی بووە. مەلا کەماڵ، فەقێیەکی زۆر زیرەک بووە، دەیان کوت: "جمع الجوامع"ی بەرگی دووی دەخوێند و بەرگی هەوەڵی بە وانە بە فەقێکان دەگووتەوە. مامۆستا فەرمووی: "من پەڕتوکی "مطول"م لە زانستی ڕەوانبێژی (علم بلاغه) دەخوێند و فەقێکەشم، "عه‌بدوڵڵا یه‌زدی" لە زانستی ژیربێژی (علم منطق) دەخوێند و ئەویش قوتابییه‌کی هەبوو کە کتێبی "ملا جامی" لە زانستی ڕێزمان(علم نحو) دەخوێند."
 
مامۆستا ساڵی ۱۳۳٨هەتاوی لە فێرگەی ئایینی مزگەوتی سووری مەهاباد لە خزمەت دوو زانای ناودار "مامۆستا مەلا حسێنی مەجدی و مامۆستا مەلا شێخ عێزەددین حسێنی" مۆڵەت(اجازه نامه)ی مەلایەتی وەرگرتووە. دواتر بۆ موبارەکی جارێکی تر، لە خزمەت باوکی مۆڵەته‌کەی دووپات دەکاتەوە. مەلا کەماڵ هەم مامۆستای حوجرە و هەم مامۆستای زانستگا بووە. سەرەتا لە قوتابخانە و دوایی لە زانستگای ورمێ و مەهاباد، مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی و فارسی بووە، چەند جارێکیش لە زانکۆی تاران وەک وانەبێژ بانگهێشتن کراوە.
مامۆستا مەلا کەماڵ هیچ کات مەلایەتی نەکردووە بەڵام قەتیش دەستی لە مەلایان هەڵنەگرتووە.
ناوبراو، لەسەر هەستی نیشتمان‌پەوەری، ساڵی ۱۳۴۷ی هەتاوی لە لایان «دەسەڵاتی شا»وه بەند کراوە. 
ساڵی ۱۳۵۳ی هەتاوی بۆ ئەندامەتی کۆمەڵەی وانە‌بێژان (عضویت هیئت علمی) لە زانستگای تاران بانگ دەکرێت، بەڵام ڕەد دەکرێتەوە. جارێکی تر ساڵی ۱۳۵۴ی هەتاوی وه‌زاره‌تی فەرهەنگ و هونەر بۆ ئاڵ‌وگۆڕی فەرهەنگی نێوان ئێران و میسر، بۆ هەڵبژاردنی دوو کەس بۆ وانەگوتنەوەی (زبان و ادبیات فارسی) لە دوو زانکۆی(عین الشمس) و زانکۆی (اسکندریە) لە وڵاتی قاهرە، تاقیکاری بەڕێوە دەبات و مامۆستا بە پلەی بەرز وەردەگیرێت؛ بەڵام بەهۆی هێندێک هۆکار، جارێکی تر لە لایان دەسەڵاتەوە ڕەد دەکرێتەوە. دیارە مامۆستا، له هەر دووک دەسەڵاتەکەی کۆن و نوێی ئێران‌دا حوکمی زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. مامۆستا ساڵی ۱۳۷۴خانەنشین بووە و ئێستا لە شاری "شنۆ" ژیان تێپه‌ر دەکات.
بەرهەمەکانی مامۆستا:
۱ـ وەڕگێڕانی قوڕئانی پیرۆز، (چاپ کراوە)
۲ـ ڕاڤەو لێکۆڵینەوە لەسەر (معلقات دهگانە)کە تاکوو ئێستا چەندین کەڕەت لە چاپ دراوە. لە سەرکەوتووترین وەرگێڕاوەکانی معلقات بە زبانی فارسی دادەنرێت.
۳ـ بنات الرسول، دانراوی خاتوو عائیشە بنت الشاطیء (چاپ نەکراوە)
۴ـ نحو پنج، کە لە‌لایەن زانستگای پەیامی نوور داوا لە مامۆستا کراوە بۆ وانە گوتنەوەی قوتابیانی بنوسرێت (چاپ نەکراوە)
۵ـ بیرەوەریەکانی مامۆستا (چاپ نەکراوە).
جێی شانازییە کە مامۆستا لە تەمەنی ٨۷ ساڵیدا هەر وا بە ورەیە و خۆی گردەنشین نەکردووە و پێوەش نییە بەم زووانە ماڵاوایی لە خوێندنەوەو نوسین بکات. بۆ ئەم مامۆستا بەتوانا و دڵسۆزە ئاواتی سەرکەوتوویی دین و دنیا دەکەم.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد