تاريخ: ۱۴۰۲ سه شنبه ۲۶ ارديبهشت ساعت ۲۳:۵۳ بازدید: 539      نظرات: 0      کد مطلب: 21151

ناڕازی بوونی جووتیارانی کرماشان و ئیلام لە هەمبەر نرخی دانەوێڵە


بە پێی هەواڵی هاژە، لە ناوچەکانی گەرمێنی هەر دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە و جووتیاران لەو نرخەی حکومەت بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریکردووە؛ ناڕازین.

جێگری سەرۆکی لێژنەئی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت، حکومەت پابەندی ئەو نرخە نەبووە کە پەرلەمان دیاری کردووە و بەمەش دیاردەی بە قاچاخ برنی گەنم بۆ دەرەوەی وڵات سەرهەڵدەدات.

لەئێستادا دروێنەی گەنم لە شارەکانی قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو و گێڵان غەرب، لە پارێزگای کرماشان دەستی پێکردووە و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکەش دەڵێت، حکومەت بڕیاری داوە ئەمساڵ ٦٥٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کرماشان وەربگرێت.

ئەو نرخەی لێژنەی دیاری کردنی نرخەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ کیلۆیەک گەنم دیاریکردووە ١٥ هەزار تمەنە، ئەوەش ناڕەزایی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە، هەروەها لێژنەی کشتوکاڵیی پەرلەمانی هێناوەتە دەنگ و سەرۆکی لێژنەکە دەڵێت، لێژنەکەمان بۆ کیلۆیەک گەنم ١٧ هەزار تمەنی دیاری کردووە، بەڵام حکومەت نرخێکی دیاری کردووە، کە لە  بەرژەوەندیی جووتیاراندا نییە.

 

وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران ئەمساڵ بەنیازە ١٢ میلیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕێتەوە، کە نزیکەی ٣ میلیۆن تۆنی لە ٥ پارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت، پسپۆرێکی ئابووریی کشتوکاڵیش هۆشداری دەدات، ئەگەر حکومەت دەستکاری نرخەکە نەکات، دەبێ چاوەڕوانی ساڵێکی پڕ لە قەیران بکات.

بە گوتەی مەهدی بەشارەتدە، پسپۆرێکی ئابووری کشتوکاڵی، ئەو نرخەی حکومەت بۆ کیلۆیەک گەنم دیاری کردووە، تێچووی بەرهەمهێنانەکەی نییە و بەمەش جووتیاران زیانێکی گەورەیان پێدەگات، ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، حکومەت دوو رێگەی لەبەردەمە، یان دەبووایە لە وەرزی چاندن تێچووی بەرهەمهێنانی لەسەر جووتیاران سووک کردبا و بنەتۆو و دەرمانی بە نرخی هەرزان پێدابان، یان دەستکاری ئەو نرخە بکات، کە لەلایەن لێژنەکەوە دیاریکراوە.

 

 لێژنەی دیاریکردنی نرخەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران پاساوی بۆ دیاریکردنی ١٥ هەزار تمەن بۆ کیلۆیەک گەنم ئەوەیە کە ٣٢ بەرهەمی خۆراکی لە گەنم دروست دەبن و هەموویان خۆراکی سەرەکی خەڵکن، بۆیە پێیوایە بەرزکردنەوەی نرخی گەنم ڕاستەوخۆ گرانبوونی ئەو خۆراکانەی بەدوادا دەبێت.

ڕەحمەتوڵڵا نەورۆزی، جێگری سەرۆکی لێژنەئی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەو نرخەی حکومەت بۆ گەنم دیاری کردووە، زیان بە جووتیاران دەگەیێنێت و لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەمترە، دەبێ حکومەت بەگوێرەی خەرجییەکانی سەر شانی جووتیار نرخی بەرهەمەکانیان دیاری بکات، بەڵام ١٥ هەزار تمەن بۆ کیلۆیەک گەنم، نەک تێچووەکە پڕناکاتەوە، بەڵکو زیانیشیان پێدەگەیێنێت.

 

پارێزگاکانی کرماشان و سنە زۆرترین گەنمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دەهێنن و ئەمساڵ مەزەندە دەکرێت لە پارێزگای کرماشان بەرهەمی گەنم بگاتە سەروو یەک میلیۆن تۆن، بەڵام حکومەت تەنیا ٦٥٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت، هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنەش پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە سەروو یەک میلیۆن تۆن و حکومەت ٨٥٠ هەزار تۆن وەردەگرێت.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان، ئەمساڵ ١ میلیۆن و ٥٧٦ هەزار دۆنم زەوی لەو پارێزگایە بە گەنم چێنراوە، کە ١ ملیۆن و ١٨٤ هەزار دۆنمی دێمەکارە و ٣٩٢ هەزار دۆنمیشی بەراوە. ئەمساڵ بەهۆی بارانی باشەوە بەرهەمی گەنم لە کرماشان زیادی کردووە، پار جووتیارانی ئەو پارێزگایە ٧٢٣ هەزار تۆن گەنمیان بەرهەم هێنابوو و حکومەت ٥٤٠ هەزار تۆن گەنمی بە نرخی ١٣ هەزار تمەن لێ وەرگرتبوون.

لە پارێزگای لوڕستان ئەمساڵ بەرهەمی گەنم دەگاتە نزیک ٥٠٠ هەزار تۆن و لە پارێزگای ئیلامیش مەزەندە دەکرێت ٤٥٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمبێت، بەڵام پارێزگای ورمێ کەمترین بەرهەمی گەنمی لە کوردستان هەیە و بەهۆی ئەوەی زیاتر گرنگی بە باخداری دەدرێت، بەرهەمی گەنمی ساڵانەی کەمتر لە ٣٥٠ هەزار تۆنە.

 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد