تاريخ: ۱۴۰۲ سه شنبه ۲۶ ارديبهشت ساعت ۲۳:۴۲ | بازدید: 552 نظرات: 0 کد مطلب: 21150 |
بە پێی هەواڵیی هاژە، خەڵاتەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام دابەش کران و زەهاوی سنجاوی، دەرهێنەری کورد، لە ڕێگەی بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد" خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەدەستهێنا.
زەهاوی سنجاوی لەم بارەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە ١٤ی مەی ٢٠٢٣، خەڵاتەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام لە هولەند دابەشکران و خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵ لە ڕێگەی بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد" بۆخۆم مسۆگەر کرد.
چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، بە پێشاندانی بەڵگەفیلمی درێژ "دەروازەی خەونەکان"، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٢ی مەی ٢٠٢٣ لە ئەمستردامی هولەند دەستی پێکرد کە جگە لە پێشاندانی فیلم، چەند پانێڵێک لەبارەی سینەما و فیلمە کوردییەکان لەخۆگرتبوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا ١١ فیلمی بڵندی سینەمایی بەشداربوون، فیلمە بەشداربووەکانی دیکە، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمی کورت و درێژ بوون.
"منداڵیی عیماد" بەڵگەفیلمێکی درێژە، پێشتر خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لێژنەی داوەرانی لاوی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلمی بوداپێست لە وڵاتی مەجارستان بەدەستهێنا کە چالاکییەکانی لە ٢١ هەتا ٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو.
سنجاوی لەسەر بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد"، دەڵێت: پێشتر بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی 'Asian movie plus' "منداڵیی عیماد"، لەناو ١١ بەڵگەفیمدا بە یەکێک لەباشترین بەڵگەفیلمەکانی ئاسیا هەڵبژێردرابوو.
ئەم بەرهەمە لە ماوەی ١٣ مانگ وێنەی گیراوە و باس لە کوڕێکی پێنج ساڵانی کوردی ئێزیدی بە ناوی عیماد دەکات کە دوو ساڵ و نیو لەگەڵ ماڵباتەکەی لای داعش دیل بوونە و دوای ئازادبوونی بە هۆی کاریگەریی بیر و پەروەردەی داعش ناتوانێ ژیانێکی ئاسایی منداڵانەی هەبێت و حەز و مەیلی نواندنی تووندوتیژیی بەرامبەر کەس و کار و دەورووبەری هەیە. هەوڵی پەروەردەکردنەوە و ئاساییکردنەوە بارودۆخی دەروونی عیماد پڕۆسەیەکی سەخت و درێژخایەنە کە لە لایەن نەنکی و پزیشکێکی دەروونناس بەڕێوە دەچێت.
ئەم بەرهەمە ماوەکەی ٧٨ خولەکە و بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبیی کاری لەسەر کراوە، لە ساڵی ٢٠١٦ تاوەکو ٢٠١٧ وێنەی گیراوە و دەرهێنەری فیلم بۆ ماوەی یەک ساڵ بە بەردەوام سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلم بووە و بەشی سەرەتایی کارەکە ماوەی ٣ ساڵی خایاندووە.
زەهاوی سنجاوی، لە هەولێر لە دایکبووە، لە ١٩٧٥ لەگەڵ ماڵباتەکەیان پەنابەری ئێران بووە، لەو وڵاتە خوێندنی قوتابخانەی تەواو کردوە، دوای گەڕانەوەی بۆ باشوور بۆ خوێندنی سینەما ڕووی لەوڵاتی ڕووسیا کردووە، هەشت ساڵ لە بواری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان خوێندوویەتی، ٢٥ ساڵە وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە بواری سینەما کار دەکات، خاوەنی کۆمەڵێک کورتەفیلم و فیلمی درێژی درامی و دیکۆمێنتاریە، لەوانە "سنوور"، "دایکانی من" به هاوبەشیی لەگەڵ ئیبراهیم سەعیدی، دەرهێنەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "گەڕانەوە"، "گەڕان بە دوای باوک"، "منداڵیی عیماد" و "پێکەوە ژیان" و چەند بەرهەمێکی دیکە.
|