تاريخ: ۱۳۹۵ دوشنبه ۱۸ بهمن ساعت ۱۹:۱۵ بازدید: 1844      نظرات: 0      کد مطلب: 3100

بوودجە تایبەتەکان بۆ پارێزگا کوردنیشینەکان!

ئەرسەلان بورنا ـ شرۆڤه‌کاری سیاسی




هاوکات لە گەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی لانیکەم هیوایەکی زۆر بۆ نۆژەن کردنەوە و چاکسازی لە پێکهاتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە لایەن خەڵک و کۆمەڵگاوە لە دەوڵەتی "تەدبیر و ئومید" چاوەروان دەکرا. لە ڕاستیدا، جیا لە ئەوەی کە گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەرییەکی خراپ و نەرێنییان لە سەر ئابووری وڵات و ژیانی خەڵک داناوە بەڵام بەڕێوەبەرایەتی نالەباری دەڵەتی پێشوو خێرایی ئەم ڕەوتەی چەند قات زێدەتر کردە بوو. هەر بۆیە، ئابووری وڵات لە تەنیشت لاوازی و کەموکووڕییەکانی دیکەوە؛ ژێرخانە سەرەکییەکانی تووشی دۆخێکی کارەساتبار و قەیراناوی کرد.

کەموکووڕی و پشت گوێ خستنی ژێرخانە سەرەکییەکان لە پارێزگا کوردنشینەکان زۆر زەقترە و ئەوەش کێشەی جۆراوجۆری لێ کەوتۆتەوە. گەڵاڵە پەسەند کراوەکان تاکوو ئێستاش لە پارێزگا کوردنشینەکان کردەوەیی نەبوونە و لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی وەک هێڵی شەمەندەفڕ، ڕێگاوبانی ستاندارد، نەخۆشخانەی پێشکەوتوو، خوێندنگای مۆدێڕن یا ناوەندەکانی وەرزشی بۆ ژنان و پیاوان بێ بەشن کە جێی تێڕامان و شی کردنەوەیە.
بە دڵنیایی، ئاسایشی هەبوو بەم واتایە دێ کە، چارەسەری هەژاری و کەموکووڕییەکان بە هەر بیانوو و پاساوێک ڕاست و درووست نییە. ئەگەر چی بەدرێژایی نزیک بە چوار دەیە چەندین گەڵاڵەی هەمە لایەنە و نەتەوەیی لە ژێر ناوی "پەرەسەندنی ئاوەدانی وڵات" پەسەند و کردەوەیی بوونە بەڵام ئەمڕۆکە دەرکەوتووە ئامانجە دەست نیشان کراوەکان لەم پارێزگایانەدا وەڵامدەری داخوازییەکانی خەڵک و کۆمەڵگا نینە. پارێزگا کوردنشینەکان ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی یەکجار تێکچنراوەی گەشە و پەرەسەندن هاتوونە و ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ و نەرێنی جێ هێشتووە. بە کورتی، هەر چەند پەرە سەندنی ئابووری و سیاسی وڵات لە ئاستێکی باشدا نییە بەڵام ئەم پرسانە لە پارێزگا کوردنشینەکان یەکجار ئاڵۆزترن.
نەبوونی هاوسەنگی لە پێوەرەکانی " پەرەسەندن " بە باشی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی پێکهاتەی ئابووریی پارێزگاکانی وڵات وەبەرچاو دەکەوێ. لەم چوارچێوەیەدا، حەسەن ڕووحانی ڕاشکاوانە ئاماژەی بە گۆڕانکاری و پێداچوونەوە لە سەر ڕەوتە هەبووەکان کرد و بەڵێنی داڕشتن و جێبەجێ کردنی گەڵاڵە کورت خایەن و مامناوەندییەکان بۆ چارەسەری ئەوان دا. کەوایە، لە گۆڕی بانگەشەکانی سەردەمی هەڵبژاردن و گەڵاڵەکانی ئاوەدانی پێداویستە گۆڕانکاری بەرچاو و لۆژیکی لە ڕەوتە ئابووری، چاندی – کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێک بێ.
سەرەڕای خاڵە ئاماژە پێ کراوەکان گرینگە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ تێپەڕبوون لەم دۆخە نەزۆک و لاوازەدا وێڕای هاوکاری " مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی " و نوێنەرانی خەڵک بوودجە تایبەتەکان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی ئەم پارێزگایانە ڕەچاو و تەرخان بکرێ. هەروەها، بەردەوامی ئەوان پێداویستترە و گرینگە دەوڵەت زۆر بە وردی کاریان لە سەر بکات. بە گشتی، ئەگەر چی بەشداری پی کردنی کورد لە ڕێوەبەرایەتی وڵات و گەیاندنی دەنگی خەڵک بە شوێنە پەیوەندیدارەکان زۆر کەمە بەڵام دەوڵەت و پارێزگار دەبێ بەشێکی تایبەت بۆ دەستەبژێران و شارەزایانی کورد لە بەڕێوەبردنی شار، پارێزگا و تەنانەت لە ئاستی وڵات لە بەرچاو بگرن تاکوو داواکارییەکانی خەڵک و کۆمەڵگا بە باشترین شێوە بەیان و ڕەنگدانەوەی ببێ.
 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد