تاريخ: ۱۴۰۲ دوشنبه ۲۸ فروردين ساعت ۲۲:۳۳ بازدید: 1321      نظرات: 1      کد مطلب: 20915

بیرەوەرییەک لە کۆچی دوایی مامۆستا هێمن

سه‌ید مه‌سعوود سه‌عیدی



با ون نەبێ

ڕۆژی دووشەممە (۲۰ی بەفرانباری ۱۳۹۹) بەڕێز عەزیز فازلی ـ شاعیر و نووسەر ـ میوانی باوکم ( سەید خالید سەعیدی ) بوو . باسی شێعر و ٸەدەبیات کرا و ناوبراو دوو بیرەوەری لە مامۆستا هێمن و مەلا غەفوور دەباغی بۆ باس کردین کە بەشی تایبەت بە مامۆستا هێمن‌ی پێشکەشتان دەکەم.

 
 
 

کاتی دەسهەڵاتی ٸاخرین شای ٸێران بە شۆڕشی گەلان تەواوی پێهات و حەمەڕەزا شا بۆ هەمیشە وڵاتی غەدرلێکراوی بەجێهێشت ، کەسایەتێکانی سیاسی و ڕووناکبیران و نووسەرانی دوور لە وڵات پاشی ساڵیانی زۆر ، ژیانی غوربەتیان کۆتایی پێهات و گەڕانەوە زێدی باب و باپیریان .

مامۆستا هێمن شاعیری پایەبەرز و خۆشەویستی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان گه‌ڕایەوە ڕۆژهەڵات و بە پێشوازێکی گەرم کە لە لایەن جەماوەری شار و دێهاتەکانی ناوچە هاتەوە باوەشی یاران و هونەردۆستان.

من بۆ هەوەڵ جار لە گەڕەکی خڕێ ـ خوارتر لە پاڕکی ٸوستاد مەجدی ٸێستا ـ له خاونویەکی بچوکدا چوومە خزمەت مامۆستا هێمن . مامۆستا ٸەو سەردەم کرێ‌نشینی حاجی ڕەوشەن‌زادە ی بوو.خۆم ناساند . بەدیتنی ٸەو شاعیرە مرۆڤ دۆست و ٸەو ڕەنجدەرە غوربەتکێشە دڵشاد بووم کە شوکری خوا لە نزیکەوە چاوم بە دیداری ڕوون بوو.

مامۆستا هێمن خۆشەویستی شاعیران و ڕووناکبیران و خەمخۆری گەلی هەژار و چەوساوەی خۆی بوو .

جارێک لەو خانوویەی کە ٸێستا بە فەرهەنگ سەرای هێمن ناوی بانگی هەیە چوومە خزمەتی. باش لە بیرمە لێم پرسی: لە شێعرێک فەرمووتە :

گوتی ٸێوارە بازاڕێ وەرە ماچت دەمێ نەمویست

هەڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم بە دەستندە .

مژێکی لە سیغارەکەی دا و فەرمووی: پێت وایە دەبێ کێ بێ؟ مەبەستم لەم بەیتە شێعرە ٸەوە بوو کە ساواک جارێک لە دوای ناردم و پێیان وتم هەر چی ٸەت هەوێ لە سەر ٸەم لاپەڕە بینووسە ، لە سەیارەی نوێ و شۆفیری کە خۆت دەتهەوێ ، لە دراو و ماڵ لە تاران و لە هەر شوێنێکی کە خۆت دیاری بکەی ، لە گۆڤارێکی فارسی کە خۆت سەرپەرشتی بکەی بەڵام دەبێ دەست لە شێعری کوردی و شاعیری بۆ خەڵکی کرد هەڵگری. ٸەنجا وەک دەستوور گوتیان دەبێ لە تاران بژی و زۆر زوو خۆ ساخ کەوە. منیش گوتم کابانی ماڵێم ( خێزانم ) شێخ‌زادەیە و لای من ٸەگەر تەنانەت چایەک بخواتەوە سەری وەردەگێڕێ. تارانیش پڕە لە مینیژوپ پۆش و ماکسی ‌پۆش، بۆ ساتێکیش لە لای وان ژیانم هەڵدەوەشێتەوە. پێش ٸەوەی لە تاران بژیم دەبێ خێزانم ڕازی کەم.

بەو بیانوویە ٸەو ڕۆژی خۆم لە دەست ساواک ڕزگار کرد. هاتمەوە ماڵێ و بە خێزانم وت کاتی سەفەرێکی دوور و درێژە و دەبێ بڕۆم .

خێزانم کوتی : بۆ کوێ؟

کوتم : خودا نەبێ بۆخۆشم نازانم ، هەر ٸەوەندەی دەزانم هەرچی زووتر خۆم دەرباز نەکەم دەگیرێم .


مامۆستا هێمن هەموو سەختێک و دژوارێکی ژیانی هەڵبژارد. بارەها لە نێو تەندوور و داڵ و دیو ، دۆستانی شاردویانەوە. لە بن گوێنی و لە پەنا و پەسێوان لە دەست بەعسی کافر و جەللادی ساواک هەرگیز ڕۆژێکی خۆشی نەدی.

کاتێک هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستام زانی ٸاخێکم هەڵکێشا و بە خۆم گووت : توخواکه‌ی هیچ کات نەحەساوە ، مەگەر ٸێستا نه‌بێ.

ڕۆژی جومعە لەورمێ تەرمی مامۆستا هێمن گەڕایەوە ماڵی سەید بایەزید جەعفەری (مێردی خوشکی مامۆستا) لە گەڕەکی وەفایی ، ٸەنجا بۆ مزگەوتی حاجی سەید بایزید گۆستراوە. خوالێخۆشبوو کاک محەممەد ماملێ لە نزیک دەرگای مزگەوت ـ لای شەقام ـ سەر لە سەر ٸەژنۆ هەنێسکی ٸەدا .مامۆستا نەبی‌زادە نوێژی مردووی لە سەر خوێند.

پتر لە سێ چوار جار بە بڵیندگۆ بانگەوازی کرا : ڕەحمەتی خواو لێ بێ بۆ بە خاک ٸەسپاردنی تەرمی مامۆستا هێمن وەرنە مزگەوت. لە گەڵ خزم و نزیکانی مامۆستای عالەمێکی نە زۆر بەڵام ٸەمەگناس و پێزان هاتنە مزگەوت.

هاوسەری مامۆستا هێمن زۆری داوا کرد تەرمی مامۆستا بەرنە خانەقا بەڵام کاک محەممەد ماملێ نەیهێشت و پێشنیاری گۆڕستانی بوداق‌سوڵتان‌ی کرد و کوتی ڕێگەی خانەقا بۆ هاتووچۆ دوور و سەختە. من پێشنیاری گۆرستانی بوداق سوڵتان دەکەم . هیچ شک لەوە دا نییە کە مەزاری مامۆستا هێمن دەبێتە شوێنی کۆبوونەی عاشقانی شێعر و ٸه‌ده‌ب و هونەر. مەزاری مامۆستا هێمن دەبێ لە بەرامبەر شاری مەهاباد بێ. یەک مەهاباد و یەک مامۆستا هێمن و بەس.

به‌م جۆرە بوو کە تەرمی شاعیری ناوداری کورد لە سەر شانان بەرەو بوداق‌سوڵتان بەڕێ کەوت.

لە چوارڕێی مەولەوی نزیک بە بیست کەس سەرقاڵی مێشێن بوون ، دوو کەس شایەد لە ڕووی نەزانین یا ٸەوەی کە نەیانزانی تەرمی کێیە هەرایان کرد بەولایدا ، مەیەنە پیادەڕەو با مێشێنەکەمان تێک نەچێ و پووڵەکانمان پێشێل نەکرێ .


بەڕاستی قسەی ٸەو مێشێن‌بازانە دڵی منیان هەژاند.

گەیشتینە گۆڕستانی بوداق‌سوڵتان . خوالێخۆشبوو ٸەحمەد قازی گوتی ٸەم شوێنە ( مەقبەرەتوشوعەرای ٸێستا ) بۆ قەبری مامۆستا هێمن دیاری دەکەین ، لێرەوە مزگەوتی سوور و گۆڕەپانی شارەداری وەک دڵی شار دیارە .

ٸەودەمی خانوو وەک ٸێستا بڵیند نەکرا بوو.

من بە شوێنی قەبر هەڵکەن چوومە ماڵیان. کابرای قەبر هەڵکەن گووتی ٸەو هەموو قەبرە ٸامادەیە . گوتم بۆ مامۆستا هێمنە و شوێنی تایبەت دیاری کراوە.

کابرای قەبر هەڵکەن کە سەرقاڵی نان و دۆ خواردن بوو گووتی ٸەم شوێنە بەردە و هەڵکەنین زۆر دژوارە ، با نانی بخۆم . ده‌بێ ٸاهێکم بێتەوە .

گووتم جا بە نان و دۆی دەڵێی نان ؟

بە سەر ڕاوەشاندن گەڕامەوە . دیتم دۆستان دەستوبردیان کردووە و به وەستا "حەمەڕەسووڵ" ناوێک

کە پیاوێکی بەهێز بوو قەبریان ٸامادەیان کردووە.

چەند کەسیش بە شوێنی بێڵی میکانیکی ڕۆیشتبوون.

کاتێک تەرمی پیرۆزی مامۆستا هێمن تەسلیمی خاکی نیشتمان دەکرا کەوتمە یادی دوو بەیت لە شێعری "عیشق و ٸازادی" مامۆستا کە دەفەرمێ

ٸەوەندە دەردەدار و بێ‌پەرەستارم کە پێم وایە

لە سەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازه شەمێکی‌تر

گەلێکم ڕۆژگار تاڵ و شیرین ڕابوارد ، ٸاخۆ

مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی‌تر

مامۆستا عەلاٸەددین نەبی‌زادە وەک پێشنوێژی مزگە‌وتی حاجی سەید بایز تە‌ڵقینی دادا.

لە درێژەدا مامۆستایان خاڵە مین بەرزنجی ، ٸیبڕاهیم ٸەفخەمی ، مەلا ڕەشید قەرەنی‌زادە ، ٸەحمەد قازی و فاڕوق کەیخوسرەوی بەوپەڕی خەم و پەژارەوە بابەت و هۆنراوەی پەیوەندیدار بە کۆچی هەتایی مامۆستا هێمن‌ـیان پێشکەش کرد.

ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ــ ۳۰ و ۳۱ ی خاکەلێوە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی لە مزگەوتی حاجی سەید بایز ی مەهاباد بەڕێوە چوو، پاشان کۆڕێکی سەرەخۆشی‌ لە لایەن کوردەکانی دانیشتووی ورمێ لەو شارە بەڕێوە چوو ، منیش بە ٸەرکی خۆم زانی و کۆڕی ماتەمینی مامۆستا هێمن لە ورمێ بەشداریم کرد.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
0
پاسخ به این اظهارنظر

کیوان ۱۴۰۲/۱/۲۹
بژی مسعود گیان....
گه رچي تووشي ره نجه رويي ووحه سره ت و ده ردم ئه من

قه ت له ده س ئه م چه رخه سپله نابه زم ،مه ردم ئه من

ئاشقي چاوي كه ژال وگه ردني پر خال نيم

ئاشقي كيو وته لان وبه نده ن وبه ردم ئه من

گه ر له برسان له به ربي به گي ئيمرو ره ق هه ليم

نو كه ري بيگانه ناكه م تاله سه ر هه رده م ئه من

من له زنجير وته ناف ودار وبه ند باكم نيه

له ت له تم كه ن، بمكوژن ،هيشتا ده ليم كوردم ئه من

نظر خود را براي ما ارسال كنيد