تاريخ: ۱۴۰۲ دوشنبه ۲۱ فروردين ساعت ۱۸:۴ بازدید: 1233      نظرات: 1      کد مطلب: 20872

بیرەوەرییەک لە مامۆستا هێمن کە یەکەم جار بڵاو بووەتەوە

سه‌ید مه‌سعوود سه‌عیدی


ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێکه‌وتی ۹ی خاکه‌لێوه‌ی ۱٤۰۲ به بۆنه‌ی هاتنی جێژنی نه‌ورۆز و به‌هاری کورده‌واری به هاوڕێیی دوو یاری دێرین ، به‌ڕێزان کاک عه‌زیز فازلی و کاک حەبیب سەلیمیان سەردانی شوێنی کاری به‌ڕێز کاک سه‌ید نووح عنایه‌تی ـمان کرد. پاش چه‌ند خولێک کاک سه‌ید سه‌لاح شەیخولئیسلامی و کاک سیامه‌ند پیره‌باب لێمان وه‌ژوور که‌وتن. مامۆستا نه‌به‌ز گوتی کاک سه‌ید سه‌لاح ، کوڕە مامی مامۆستا هێمنی نه‌مره. ٸێمەش داوامان کرد بیرە‌وەرێک لە مامۆستا هێمن بگێڕێتە‌وە.

کاک سەلاح گوتی : جارێک مامۆستا هێمن‌ـی ڕەحمەتی فەرمووی لە سه‌ردەمی دەربه‌ده‌ری و هەڵاتن له مه‌هاباد له سه‌ری ناچاری به‌ره‌و سنووری دووری و غوربه‌ت ده‌ڕۆیشتم . هه‌ر جۆرێک بێ خۆم گه‌یانده گوندی گه‌نمان (ناوچه ی گه‌ورکایەتی). چه‌ند ژن و کچ سه‌رقاڵی کار و کوێرەوەری ڕۆژانە بوون. برسی و بێ‌هێز ، کز و لاواز ڕاوەستام . سڵاوم کرد . وڵامی سڵاویان دامەوە. ژنێک چاوی لێ کردم . بەو جل و بەرگە کۆنە و بە پێڵاوی دڕاو وا تێگەیشت دەبێ سۆاڵکەر بم. بە چاوی سووک ڕوانییە من و نێوچاوانی لێ تێکنام و بە دەنگێکی بڵیند و ناخۆش کوتی بۆ خێرێ هاتووی؟ کوتم نەوڵڵا دایکەکەم ، سواڵکەر نیم ڕێبوارم . زۆریش برسیم ، خێرتان دەگاتێ پارویەکم نان بدەنێ. ژنە بە کچەکەی کوت بڕۆ شتێکی بۆ بێنە بۆ مامە پیره‌ی. دڵخۆش بووم دە دڵی خۆمدا کوتم ٸاهێکم دێتەوە بەری. کاتێک کچەکە گەڕاوە دیتم نانێکی ڕەقی بەدەستە. کوتم نانی ڕەق ! ٸەویش بۆ منی بێ‌ددان ! خێرت دەگاتی پێخۆرێکم بۆ بێنی. کچە چووە ژوور‌. کاتێک هاتەوە قاپێکی قووپاوی بەدەست بوو. شاییم لە دڵی گەڕا کوتم ڕەنگە شۆرباو بێ. دەنا هەر نەبێ دۆیە و له هیچی باشترە. قاپه‌که‌م وه‌رگرت. دیتم ته‌نیا ٸاوه. هه‌ناسێکم هه‌ڵکێشا. له ناعیلاجی دانیشتم . نانه‌ڕه‌قه‌م لە ٸاوی هه‌ڵده‌کێشا و ده‌مخوارد و بیرم له ڕۆژگاری تاڵی خۆم و داهاتووی نادیارم ده‌کرد. ٸه‌و ساڵی ده‌وڵه‌مه‌ند و تێر و پڕ بووم و ٸێستا سه‌ری خۆم هە‌ڵگرتووە و به داری ده‌ستی ده‌بێ ڕوو که‌مه وڵاتی غه‌ریبایەتی. له ناکاو سوارێکم دیت به‌ره‌و ماڵ ده‌هاتەوه. پیاوی ماڵی بوو. هاته لام و سڵاوی کرد و لێم خورد بۆوە. سه‌ر تا پێ چاوی لێ کردم . بە جل و به‌رگی کۆن و پێڵاو دڕاو و دەستێک نانه ڕه‌قه و دەستێک قاپێکی قوپاوی فافۆن. خانه‌خوێ کوتی کاکە گیان جەنابت زۆر شێوه‌ی مامۆستا هێمن دەدی. مامۆستا هێمن نی؟ پێکه‌نیم ، سه‌رم ڕاوه‌شاند و کوتم : جاران هێمن بووم ٸێستا کابرایه‌کی سواڵکه‌رم. کابرا لە ٸەسپەکه‌ی هاته‌خوار و تووند ده‌باوه‌شی گرتم و ماچی کردم و کوتی مامۆستا ٸەمن خەجاڵەتم . عەفوو بفه‌رموون ، به‌خوا خێزانم نه‌یناسیوی. فه‌رموو کوتن منی بردە ژوور. دەستووری دا نه‌هار ساز که‌ن. ڕێز و حوڕمه‌تێکی تایبه‌تی گرتم . نانه ڕه‌قه و قاپە فافۆنه کاری خۆیان کرد و بوون به باعیسی وەی که حه‌وت ڕۆژ لە ماڵه کابرای بمێنمه‌وه. حەوتوویه‌کی خۆشمان ڕابوارد. تا درەنگای شه‌و تێر سه‌یر و سۆحبه‌تمان دەکرد. به‌ر لە ماڵٸاوایی به خانه‌خوێم کوت ٸاوارە‌م و دەبێ بڕۆم به‌ڵام چیت لێ وەشارم نه پاره‌م هە‌یه ، نه جل و به‌رگ و نه پێڵاو و نه سیغار. برادەری گەنمانی بە پێکەنین وتی هه‌ی لە منت نه‌که‌وێ هه‌ی. داوای ڕووح بکه . بە زووترین کات جل و به‌رگ و پێڵاوی بۆ کڕیم . پاره‌ی بۆ خه‌رجی ڕێگا خستە ناو گیرفانم . دوو باکسی سیغار بۆ کڕیم . کوتم ٸەوە چ دەکەی ؟ دوو باکس زۆرە . کوتی ڕێگات دوورە پێویستت ده‌بێ. دوایی ماڵٸاوایی به‌رە‌و سنوور وەڕێ کەوتم. خۆم گه‌یانده هه‌ولێر. به زووترین کات پەیوەندیم به مامۆستا هەژار گرت. هەژار کوتی : هێمن ، ٸه‌وه له کوێی؟ کوتم : له هه‌ولێرم . کوتی: حاڵت چۆنە؟ کوتم : وەره لام بزانە چۆنم ؟ پرسیاری کرد بۆ مه‌گه‌ر چۆنی؟ کوتم : جل و بەرگ و پێڵاوی تازه‌م هه‌بێ و گیرفانم پارەی تێدا بێ و دوو باکسم سیغار هه‌بێ دیارە ده‌بێ زۆر چاک بم. 
 
بۆچوونی نووسه‌ر: سه‌بارەت ته‌مه‌نی مامۆستا هێمن و گرفتی ددانی و هەروەها بەپێی ٸه‌و زانیارییانه‌ی له پێشه‌کی تاریک و ڕوون له لایه‌ن ٸه‌م شاعیرە باسی لێ کراوه وێده‌چی ٸه‌م ڕووداوە ساڵی ۱۳٤۷ بێ و مامۆستا هێمن ٤۷ ساڵی ته‌مه‌ن بووە و ٸه‌م قۆناغە دەربه‌ده‌رییه پێنج ساڵ و چه‌ند مانگی خایه‌ند.

 



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

حسن شریفی ۱۴۰۲/۱/۲۲
ڕێزو سڵاو
ماموستای نەمر،بەهەشتی هێمن،قافڵە سالاری وێژەو ئەدەبی کوردی،بەتایبەت
ناوچەی موکریانە.
هێمن شانازی هەمومانە،
هێمن ئەوپەڕی دەربەدەری وناخۆشی
وچارەڕەشی دیت،
هێمن ئەوکەسەیە،هەزاران دایک وباب بەخۆشەویستی ئەوەوە منداڵەکانیان
نێونا هێمن.
باسی هێمن کۆنگرەی ئەدەبی دەوێ،
توێژینەوەی ئاکادمیکی دەوێ،
هێمن هێمن ەو بەس.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد