تاريخ: ۱۴۰۱ شنبه ۲۰ اسفند ساعت ۱۳:۳۶ بازدید: 1425      نظرات: 0      کد مطلب: 20675

هەنگاوێک بەرەو بەهار

عەزیز وەلیانی


 
وەرزی خەزان تێپەڕی. خەزانی پڕ تەوژم و سارد بە ئاهی پڕ گڕ و سۆزمان کە نێڵەی لە ئاورگی دڵ هەڵدەستا بەڕێ بوو.
  نەمام و چنارەکانی سەرشەقام بە ڕەشەبای مەینەت ڕادەژان؛ کۆرپەکانیش دوایین قورتمی ژیانیان چێژ دەکرد و دەستیان لە بەرۆکی دایک دەبۆوە و دەکەوتنە سەر ڕێ.
  کزەبای لەش‌تەزێن خولی پێدەدان و لە داوێنی دارەکان دەسووڕانەوە و دەبوونە پێخوستی بەرپێی ڕێبوارانێک کە پەل دەبوون بەرەو ژوورێکی گەرم‌و‌گوڕ تا لە پشت پەنجەرەوە بە فیزەوە وەسفی گژەبا و جوانی لق‌و‌پۆپی بەناو ڕووتەنی دارەکان بکەن.
  شەقامەکانی پاییزم ژاوەی دەهات لە پۆلی ئەویندارانی بەرزەفڕ و دڵ‌کۆلاو؛ گەرەکیان بوو چەپکێ وەنەوشە و بەیبوون بکەنە پایەندازی دارەکان کە لە سوێی گەڵا هەڵوەریوەکانیان، بە دەم زریانەوە ڕادەژان.
 لە بڵیندان، ڕاوچیان ڕەوەی تاجی و توڵانیان بەرەڵدا دەکرد تا کەروێشکان هەڵنێن بەتەماڵ. هەندێ بە تەقە بازرە دەبوون و بە تیری ئەوان دەئەنگوان.
 ئەم ساڵ لەبەر دەم  هیچ لانێ هەوای پاییزەت بەرگوێ نەکەوت؛ نە نەعرە و فیکەی سمێڵی سەرڕاو و بەرڕاو، نە هەوهەوی نێچیروانان. 
 خەزانی دڵ‌ڕژد و لاسار، بە کۆڵێک خەزەڵی هەڵوەریو، بارگەوبنەی تێکەوە پێچا و بەرەو سەرای ساردوسڕی زستان بەڕێ بوو.
  زستانی تەوێڵ گرژ و مڕچ‌و‌مۆن؛ هەر گەیشتە جێ، خەڵاتی سپی کردە بەر کەژ و کۆ.
  وەرزی کفن‌پۆش بە تاژەنگی تەزوو و هەژاندنی دڵی زەوی، خۆی ڕانا و ئەوپەڕی زەبروزەنگی خۆی بە باکوور و ڕۆژاوای نیشتمان نواند. زیاتر لە ۶٠ هەزار دڵی پڕ تاسەی ڕووناکی و بەهار کەوتنە ژێر باڕستی گڵ. 
  ئەم جارە سروشتیش هەرەوەزی بوو بۆ مەرگی کورد. ئەم جارە نۆرەی سروشت بوو کە پڕۆسەی "ژنۆساید"مان لە سەر تاقی کاتەوە. ئەم جارە لە لایەن سروشتەوە خەڵاتی مەرگەساتمان خرایە مل.
بەڵی! بە یاسای زستانی ئەم ساڵ، ئەشق و ژیان دەبێ لە تێل‌بەندی "مەرگ"دا توون‌بە‌توون چن.
  بەڵام،  تەنیا ئەو کاتەی ڕەشانگ دەکەوێتە دوند و ئاتەگی کوێستانەکان و ئەسرینی ڕنووان لوزەو دەکا و بە ڕوخساری خڕودۆڵ و سۆڵاوان شۆڕابەی دەبەستێ، دێوەزمەی زستان ئەغیار دەبێتەوە. ئەو ساتە تێدەگا هەموو ماوەی تەمەنی کەوتبووە گێژاوی ئەو خەیاڵەی کە سەرما‌و‌سۆڵ تاقە چارەنووسە و سروشت و ژیان هەروا دەڕکێفی لەشکری بەفر و ڕەشەبا‌دا دەمێنێ!!
بەڵام، هێشتا کفنی داسەپاوی زەرد و پس‌پس نەبووە کە ئەم دەنگەی دێتە گوێ: ''من لە جوانی دەگەڕێم تێپەڕە زستانی دزێو''
                                 **                   ‌                      
شەماڵ هەڵیکردێ، خرمەی تاڤگە و هاژەی شەتاو، لە گوێن سەمفۆنیایەک هەموو شیو و دۆڵ و دارستانی خستۆتە جۆش. زستان کەوتۆتە دەمی ئاویلکە و نەمان؛ منیش لە پاناوکی بن تاوێرەبەردێ هەڵتووتەکاوم و بە تاسەوە چاوم بڕیوەتە ئاسۆ، نوقم لە بەحری حەز و خولیاکان.
  بەڵێ گەلی دەیاران! چاوەڕێی وەرزی بەهارم، وەرزی ترازانی بوخچەی ئاواتەبزربووەکان، وەرزی ناشتنی تەرمی گشت خەم و ئازارەکانمان. وەرزی دەرکەوتنی خۆری شەوتەرێن، هەڵکردنی شنەی بەربەیان، ڕێژنەباران و بۆنی خاک. 
چ دڵ‌بزوێنە ئەودەم کە دەچینە نێو باغچەی ژیان ''بۆنی سەت بەهاری لێوە بێ''. 
ڕەشەمەی ١٤٠١هە، ٢٠٢٣ ز



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد