تاريخ: ۱۴۰۱ دوشنبه ۱۷ بهمن ساعت ۱۷:۴۲ بازدید: 795      نظرات: 0      کد مطلب: 20574

نوێترین ژمارەی گۆڤاری مەهاباد بڵاو کرایەوە

سەروتار بە پێنووسی عەزیز وەلیانی«چاوەڕێ»



چاوەڕێ
وەرزی خەزان تێپەڕی. خەزانی پڕ تەوژم و ساردمان بەڕێ کرد بە ئاهی پڕ گڕ و سۆز کە نێڵەی لە ئاورگی دڵ هەڵدەستا.
دارەکانی سەر شەقام بە ڕەشەبا ڕادەژان و گەڵاکان دوایین قورتمی ژیانیان چێژ دەکرد و دەستیان لە بەرۆکی دایک بەر دەبوو. گژەبای لەش‌تەزێن خولی پێدەدان و دەبوونە پێخوستی ئەو ڕێبوارانەی کە پەل دەبوونەوە بەرەو ژوورێکی گەرم‌و‌گوڕ؛ هەتا لە پشت پەنجەرەوە بە فیزەوە وەسفی داگژانی گژەبا و لق‌و‌پۆپی دارەکان بکەن.
شەقامەکانی پاییزم ژاوەی دەهات لەو پەپوولە ئەویندارانەی گەرەکیان بوو لە سوێی گەڵا هەڵوەریوان، دەروێشانە باڵ لێکدەن بە دەم زریانەوە.
خەزانی لاسار و پڕکارەسات تێپەڕ بوو. زستانی تەوێڵ‌گرژ و مڕچ‌و‌مۆن دەگەڵ گەیشتنە جێ، خەڵاتی سپی خستە سەر کەژوکۆ. بە لەشکری کڕێوە و سپای وەیشوومە، هەڕەشە دەکا نەکا سەردەرێنانی گەزیزان لە ژێر کەوێڵەبەفران، ختوور بکاتە زەین و چۆڕە بکەوێتە ڕنووبەفران.
من زستانم، ناهێڵم زارۆکی نێو بێشکە واقەی بێ و جەستەی کەسیرە و ڕەق‌هەڵاتووی ئاشقان لێک دەبەستم.
دێوەزمەی زستان تەنیا ئەوکاتە ئەغیار دەبێتەوە کە ڕەشانگ دەکەوێتە دوند و ئاتەگی کوێستانان و ئەسرینی ڕنووان لووزەو دەکا و بە ڕوخساری خڕودۆڵان‌دا شۆڕاوگە دەبەستێ و باریکەڕێی ڕووباران دەگرێتە بەر. زستان ئەو ساتە تێدەگا هەموو ماوەی تەمەنی کەوتبووە گێژاوی ئەو خەیاڵەی کە سەرما‌و‌سۆڵ تاقە چارەنووسی زەمانە و سروشت و ژیان هەر وا دە ڕکێفی لەشکری سپی‌پۆش‌دا دەمێنێ!! بەڵێ زستان کەوتووەتە چەوتەڕێ.
هێشتا کفنی داسەپاوی زەرد و پس‌پس نەبووە کە ئەم دەنگەی دێتە گوێ: "من لە جوانی دەگەڕێم، تێپەڕە زستانی دزێو"
کە وا بوو، چاوەڕێم؛ بەڵێ یاران! چاوەڕێی وەرزی بەهارم، وەرزی خاڵی کۆتایی بە تەمەنی گشت ناحەزییەکانی سروشت و بەستێنی ژیان. وەرزی دەرکەوتنی خۆر و نم‌نمەی باران و بۆنی خاک. وەرزێک، بڕوانمە بناری خەمڵیو بە سوێسن و هەڵاڵان کە «بۆنی سەت بەهاری لێوە دێ.»
مامۆستا عەزیز وەلیانی





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد