تاريخ: ۱۴۰۱ سه شنبه ۱۵ شهريور ساعت ۱۰:۵۴ بازدید: 2310      نظرات: 1      کد مطلب: 20359

چاوەڕوانی لە دەوڵەمەند و دەست ڕۆیشتوەکانی شاری مەهاباد

د. سولەیمان ڕەسووڵی


 

سەدان ساڵە مەهاباد بنیادنراوە و هەوراز ونشێوی زۆری بینیوە. لە سەردەمی بوداق سوڵتان و مەلاجامی و سەردارانی موکرییەوە هەتا دەگاتە شەری یەکەمی جیهانی و کارەساتی خوێناوی کۆمەڵکوژی عرووسان، تاڵانکران بە دەست کرمانجان، ماجەڕای کچە هەرمەنی، ساڵی تەیارە ڕەشەکە، ساڵی قاتی و قوڕی و خۆشی و ناخۆشی شەڕی دووهەمی جیهانی، ساڵی بەفرە زۆرەکە، ساڵی سێڵاو و شەڕ و تەقە و قەنناسە و قۆمپارە باران و بوردمانی سەددام و قەتارەی ماملێ و بەزم و هەڵپەڕکێی لاوانی و شێعری هەست بزوێنی هێمن و هەژاری، بەرد نووساندن بە کێلی گونبەزان و چاکەچکۆڵە، دامەزرانی بەنداو و هەڵپەڕکێی دەوری ئاگری نەورۆز و چوارشەممە سووریانی، بەزم و شایی و دڵخۆشی زەماوەندی ناو ماڵ و کووچەکانی، دڵبەری و دڵتەڕی کیژ و لاوانی و دڵەکوتەی جێژوان و قەراری دۆست و دەزگیرانانی و  تەنانەت شێتە خوێن شیرینەکانی وەک خەمان، سولەیمان، بارام وەیس و تەواوی ئەو کارەسات و دڵەڕاوکێ و مێژووی کۆن و نوێ و هاوچەرخی و تاڵی و شیرنی وەک بۆنی ڕووبی کوچە و کۆڵانانی، کولیچە شۆڕمەزە و سواڵی ئایشێ و فاتمانی، شەوچەلەی زستانان  و «عەزیزەکەم، چاوەکەمی!» مامۆستا مەعرووف پوور و پاشان شەوگەردی ڕەمەزانانی، سەبزی چاک کردنی هەڕەوەزی دەر و جیرانی و «هەستە، نەنووی!» هەرزەکارانی، سەیدە لووشە و نان و قڕانی و «وەی ناخۆمی» هاشمی تۆو فرۆش و تەماتەی حەمە باینجانی کە زۆر عیلاقە و پەیوەندی نێوان دانیشتوانی ساز کردووە، هەموو وەک شوناس و بەشێک لە کەسایەتیمان شوێندانەرە لە سەر نەقڵ و نزیلە و داب و نەریت و ڕێ و ڕەسمی ژیانمان.

 

دیارە زۆر شارۆمەند لە مەهاباد ژیاوە و بەشێکیان هەڵکەوتە و سەرمەشق بوون و ناو و یادی چاکە و چاکەکاریان تا ئێستاکەش هەر ماوەتەوە. بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەستە نۆستاڵژی و پاک و بێگەردەی کەساڵی ساڵان خزم وکەس و دەر وجیران و پیاوماقوڵان هەیانبووە، لە چەند ساڵی ڕابردوو دا بەرە و فەوتان چووە و تایبەتمەندییەکانی شارۆمەندێتی شیاوی مەهابادی بەرەو فەوتان دەڕوا.

 

چاکەکارییەکانی ئەو سەردەمان سازکردنی مزگەوت و پرد و حەمام و ئەو شوێنانەیە کە خزمەتگوزاریەکی هەمەلایەنە و بێبەرانبەری بۆ گشت خەلک دابین دەکرد و ئەوانەی دەست ڕۆیشتوە و خاوەن سامان و داهات بوون، نەک هەر ڕاستەوخۆ یارمەتی فەقیر و لێقەوماویان دەدا، بەڵکو بە کاری خێرخوازانە ناو و یادی خۆیان لە ناو دڵی شارۆمەندانی مەهاباد و ناوچە هەرمان ڕادەگرت.

 

هاوکات لەگەڵ حاجی ساڵەی شاتری، میرزا ڕەسووڵ، حاجی عەوڵای ڕۆستەمزادە، یۆسف شەریفی، عەبدولخالەق حەسەن زادە و.... زۆر کەسانی دەوڵەمەندتر و دەست ڕۆیشتووتر ژیاون کە بەشێکیان ماڵ و سامان و داهاتیان بەدەست مناڵ و خزم و کەسیان فەوتاوە و هیچیان لەپاش بەجێنەماوە.

 

بەداخەوە ئێستا ئەوە زۆر زەقتر بۆتەوە و ئەو تەماحکاری و چاوچنۆکی و ڕژد و بێهیمەتی تاقمێک - نەک هەموو- دەوڵەمەندانی شار وایان کردووە کە ڕکابەری یەک بکەن. یەک لە دامەزراندنی کارگە و کارخانە لە شار و وڵاتی دیکە ڕانەوەستێ، ئەوی تر دەیهەوێ ببێتە خاوەنی گشت دوکانەکانی شەقامی شاپوور بە خڕی، و ئەمیان خانوو و ویلا و شیرکەت لە وڵاتی دیکە دەکڕێ و تەنیا هەستێک کە پێیان دەست دەدا بەجێمان لە هاوسینفەکانیانە، بەداخەوە ئەوانە هاوشاریان بەچاوی خەزێنەی پووڵ پەیدا کردن دەبینن.

 

هەڵبەت وێرای رێزم بۆ تاقمێک خاوەن داهاتە ڕەسەنەکانی مەهاباد کە بە دزی و بە ئاشکرایی خێر و خێرات دەکەن، ڕووی قسەم لە تاقمێکی دەگمەن و بێرەوشت دەوڵەمەندە کە تازە پێگەیشتوون و لەخۆبایی بوون و هاوکات هەست بە بەجێمان دەکەن و ئەوانە بە قەولی شاعیر "آنانکە غنی ترند، محتاج ترند"

 

بەداخەوە چەند وەخت لەمەوبەر کارم کەوتە زێڕینگەرییەکی گەورەی شار و  بێزم لە هەرچی سامان و داهاتی ئاوایە هەستا، ئەو کابرایە کە تازە لە شارێکی دیکە هاتووە، بە هۆی ئەوەی کریار نەیتوانی گشت پارەکەی بۆ بنێرێتە حیسابەکەیەوە، زێڕەکەی ڕاگرت کە ۱۲ی نیوە شەو پاش ناردرانی بڕەپارەی کۆتا لە ماڵێ تەحویلی بدات!

بەداخەوە ئەو بەشەی بەڕواڵەت دەوڵەمەندی شار، لە فەقری فەرهەنگی تەواو دا دەژین. ئەو کەسانەی کێشەی خۆیان لە کێشەی خەڵکی شار جودا دەبینن، زۆر دواکەوتوو و تێنەگەیشتوون. تۆ قەسر و تەلاری شای بۆ مناڵەکەت ساز کەی هەر دێتەوە ناو کۆمەڵگا و دەگەڵ منداڵی هاوشاریان دەژی و ئەوان زیاتر لە خۆت شوێندانەر دەبن لە سەری. وا باشە ئاوا بیرتەسک و خۆبەهەندگرانە چاو لە دونیا نەکەین و حەول بدەین پاش مردنمان، دونیا و شار باشتر لەوەی وەرمان گرتووە، تەحویلی بەرەی داهاتوو بدەین.

دیارە زۆر خزمەتگوزاری ئەرکی سەر شانی دەوڵەت و بەرپرسانە، بەڵام منێکی دەستم دەڕوا و  کار و چالاکییەکی بە قازانجی کۆمەڵگام لە دەست دێ، نابێ دەریخێ بکەم. دەبێ ژیان بۆ هەڤاڵانی مناڵەکانی خۆم گونجاوتر بکەم کە ئەویش لە بارودۆخێکی شیاوتر دا پەروەردە بێ.

 

هەڵبەت دیارە مرۆڤی تێگەیشتوو و خێرخواز کە بەو قەناعەتە گەیشتووە ئاڵ و گۆڕی دروست لە قوتابخانەوە دەست پێ دەکا، لە مەهابادیش کەم نین. بەڵام تا گەیشتن بە بارودۆخی شیاو مەودامان زۆرە و دەبێ کەمکارێکانی دەوڵەت قەرەبوو کەینەوە.

 

بەداخەوە مەهاباد لەچاو ڕابردووی خۆی نەک وەپێش نەکەوتووە، بەڵکوو لە چاو بەخش و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زۆر بەجێماوە. حەوتووی دەوڵەت هات و ڕابرد و لە چاو زۆر شاران قوڵینگی کاری بنەڕەتی لێنەدرا. بەڵام با هەر چاوەڕوانیمان لە دەوڵەت و بەرپرسان نەبێ و نقورچێکیش لە خۆمان دەین وبۆخۆمان قوڵی هیممەت هەڵماڵین. ئەوەی دەتوانێ لایەکی شەقامی شاپوور بۆ خۆنواندن بکڕێتەوە، ناتوانێ قوتابخانەیەکی وا لە پشت تەپ و باغی شایگان، یا سەیدئاوا و کوی هەژار و.... سازکا؟! کە ئێستاکە لە ناعیلاجیان بڕیارە قوتابی پۆلی شەش و پۆلی دوازدە لە گەڕەکی لای سەرێ لە چوارچێوەی یەک قوتابخانە دابن؟! ئەرخەیانم تاقمێک هیممەت بکەن ، دەتوانن زۆر کاری گەورە وەستۆ بگرن و کەمایەسێکان تا ڕادەیەک قەرەبوو کەنەوە. ئێستاکە بەرەوپیری ساڵی تازە دەڕۆین ، با هاریکار و هاوکاری قوتابخانەکان بین و لە هەر شوێنێ کەمایەسیکان و کەم و کوڕێکانمان پێ لادرێ، بە پیاوەتی بیکەین کە چاکەکەمان بۆ جێگایەکی دوور ناڕوا و هەر ڕۆڵەی ئەو گەلە کەلکی لێ وەردەگرێ.

 

  بەداخەوە مەهاباد لە باری گەشە و تەوسعەی هەمەلایەنە لە زۆر بەشی وەک بێهداشت، پەروەردە و بارهێنان و زانستگا و نەخۆشخانە وگەشتیاری و.... لە شارەکانی دەورووبەر وەدوایە کەوتووە و سەرەڕای حەولی دڵسۆزان و بەدواداچوونی تاقمێک لە بەرپرسان لە سەرێ ڕا کە هەنگاوی بنەڕەتی و ئەوتۆمان بۆ هەڵناگیرێ، لە خوارێش بۆخۆمان لە گوێی گای دا نەنووین، با ئێستا کە بەرەوپیری ساڵی خوێندنی نوێ دەچین، بەرەی داهاتوومان لە بارودۆخێکی شیاوتردا پەروەردە بن. بە هیوای ئاسۆیەکی ڕوون بۆ نیشتمان و بارودۆخێکی گونجاوتر بۆ مناڵە چاوگەشەکانمان.

 

ئەم گرتە ڤیدیۆیە کاری بنەرەتی بەنرخ وئاکامدار و خێرۆدەری ئاغای سەییدی خێرخوازێکی خەڵکی خۆیە کە بە سازکردنی قوتابخانەکانی خۆڕایی بۆ قوتابیان داهاتوویەکی باشتری مسۆگەر کردووە. هیوادارم نموونەیان لە مەهاباد، پارێزگا، وڵات و جیهان زۆر بێ!



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
0
پاسخ به این اظهارنظر

فواد ۱۴۰۱/۶/۱۷
ده ست خوشی له و برادر ه به ریز ه ده که م بو اگادار یکانی .

نظر خود را براي ما ارسال كنيد