تاريخ: ۱۴۰۱ شنبه ۲۲ مرداد ساعت ۱۹:۳۰ بازدید: 830      نظرات: 0      کد مطلب: 20013

شوێندانەری گەرما و وشكەساڵی لەسەر گۆل و کانیاوەکانی پارێزگای کرماشان


بە پێی هەواڵی هاژە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی، کاریگەریی لەسەر سرووشتی کوردستان بەتایبەت گۆل و کانیاوەکانی پارێزگای کرماشان داناوە و جوانترین کانیاو و تاڤگە و سەراوەکان خەریکی وشک بوونن.

سەراوی ڕوانسەر، سەراو یاوەری، سەراوی هەشیڵان و سەراو نیلووپەر کە ساڵانی ڕابردوو سەرەنجی زیاترین گەشتیارانیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا، لەئێستادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە وشک بوون نزیک دەبنەوە. لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی کرماشان دەڵێت: "لە پارێزگای کرماشان نزیکەی ٨٠ کانیاو و سەرچاوەی ئاومان هەیە کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدیان وشک بوون یان خەریکی وشکبوونن."

فەلاحەتی هەروەها ڕاشیگەیاند: "ڕووباری ڕەزاوەر بەتەواوی وشکبووە و کانیاوی تاقۆسان، ڕوانسەر و نیلووپەر خەریکی وشکبوونن."

ئەو سەراو و کانیاوانە جیا لەوەی سەرچاوەی گرنگن بۆ ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە کوردستان، جوانییان بە سروشتی کوردستان بەخشیوە و هۆکاری ژیانەوەی دارستان و سروشتی ناوچەکەن.

سەراوی نیلووپەر، یەکێک لەو سەرچاوانەیە کەوتووەتە ٢٠ کیلۆمیتری شاری کرماشان و بە گوڵی نیلووپەڕ داپۆشراوە و دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە. قووڵایی سەراوەکە ٣٢ میترە و ساڵانە هەزاران گەشتیار و وێنەگر بۆ بینینی گوڵە نیلووپەڕ سەردانی ئەو سەراوە دەکەن.

هەشیڵان بە مانای هێلانەمار، گۆلە ئاوێکە لە نزیک گوندی هەشیڵان و ٢٦ کیلۆمیتر لە کرماشان دوورە و ١١٠ دوورگەی گەورە و بچووکی لەخۆ گرتووە. ناوچەیەکی پارێزراوە بۆ پڵنگ، گورگ، بەراز، بزنەکێوی، ڕێوی و پشیلەی کەژی. چەندین جۆر ماراوی و باڵندە، جوانی زیاتریان بەم سروشتە بەخشیوە و گەورەترین شوێنە بۆ مانەوەی باڵندە کۆچەرییەکان، بەڵام گەرمای ئەمساڵ خەریکە وشکی دەکات.

سەراوی ڕوانسەر یەکێکی دیکە لەو سەراوانەیە وشکەساڵی و گەرما تەنگی پێهەڵچنیوە، ئەم سەراوە کەوتووەتە ناوەندی شاری ڕوانسەر و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە بۆ شاری ڕوانسەر و بەشێک لە شاری جوانڕۆ و گۆندەکانی دەوروبەری. ئەم سەراوە وەکوو كەلەپوورێكی نیشتمانی ناوی لە ڕیزبەندی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە و مێژووی بۆ چل هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە.

 

سەرچاوە: باسنیوز




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد