تاريخ: ۱۳۹۴ چهارشنبه ۵ اسفند ساعت ۱۱:۳۸ | بازدید: 1194 نظرات: 0 کد مطلب: 1289 |
لێکدانهوهی: عهبدولقادر نیازی
لێکدانهوهی: عهبدولقادر نیازی
هاژه| بە تێفکرین و ڕۆچوون له ناخی پێکهاته سیاسیهکاندا بهو دهرئهنجامه دهگهین که تهواوی ئهو پێکهاته سیاسیانهی وا لایان وایه سهرچاوهیان له خهڵکسالاریگرتووە، وهک گرینگترین و سەرەکیترین و بەهێزترین پرەنسیپی خۆیان دەڕواننە ڕادەی بەشداری خهڵک لەو هەڵبژاردنانەی کە خٶیان بەڕێوەی دەبەن، ئەگەرچی دێمۆکراسی و ڕادە و چلۆنایەتی بەشداری کردنی جەماوەر لە هەڵبژاردندا لە زۆر ڕوانگەوە دەتوانێ سەیری بکردرێ بەڵام ناکرێ نکۆڵی لەوە بکرێ کە هەڵبژاردن بەرجەستەترین جیلوەی پێکهاتەیەکی سیاسیە و گرینگترین فاکتەرێک کە بناغەکانی مەشڕووعییەتی ئەو پێکهاتەیە پێک دێنێ. ئەوەی کە ئێستا لە وڵاتانی لانیکەم ڕوو دە پێشکەوتووییدا، چارەنووسی جەماوەر و پێشکەوتن گرێدراوی هەڵبژاردنە مژارێکە کە بایخێکی ئەوتۆی به هەڵبژاردن داوە.
گرینگی هەڵبژاردن لەوەدایە که کردە و شێوه ڕوانینێکی سیاسی لێ دەکەوێتەوە کە پێوەندێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سترەکتۆر و بنەماکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگا هەیە. هەڵبەت بە سرنجدان بەو یاسا و ڕێسا گەلەی کە هەڵبژاردن هەیەتی، ئەوە بۆ هەموومان ئاشکرایە کە هەڵبژاردن لە گۆشەنیگایێکی شازدا ڕەنگە ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی ڕێفڕاندۆمێک بگێڕێ بۆ مەشڕووعییەتدان بە پێکهاتە سیاسێکان ، دیارە ئەوەش ڕاستەوخۆ پێوەندی بە کارئامەیی و ڕاندۆمانی پێکهاتەکان هەیە ئەگەر نەختێک ڕەشبینانە بڕوانین ئەو مژارە ڕەنگە لە بەرانبەر ئەوەشدا بگەینە ئەو قەناعەتە کە لە پێکهاتە تۆتالیتەکان دا، بە هۆی نەبوونی حیزب و لایەن و بەرە گەلێک بە بیرو بۆچوون و مانیفێستی جیاوازەوە و پێداگرنەبوونی کاندیداکان لەسەر پرسە قەومییەکان، شێوازی بەشداری کردنی جەماوەریش ڕێک نیشاندەری داوا و تەقازا سیاسی و قەومی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتەکانیان بێ، هەر ئەوەش وای کردووە کە زۆر جار هەڵوێستی جەماوەر سەبارەت بە هەڵبژاردن تا ڕادەیێک گۆڕانکاری بەسەر دابێ، گرینگایەتی ئەو بابەتەش ئەوکات دەردەکەوێ کە پێکهاتە سیاسیەکان بتوانن ئاگاداری ئەو هەڵوێستەی جەماوەر بن و قەرائەت و خوێندنەوەیان لە بەشداری کردن یا نەکردنی جەماوەر بەپێی نیاز و خواستی جەماوەر و کۆمەڵگا ڕێک بخەن.
بۆ ئەو مەبەستەش ڕەنگە پێویستیان بە وەڵامدانەوە بە دوو پرسیاری سەرەکی هەبێت:
١-ڕادەی بەشداری کردنی خەڵک چەندە و چۆنە؟
٢-جەماوەر پتر خوازیاری دەنگدان بە کام بیرۆکەن؟
هەڵبەت پێویستی بە وەبیرهێنانەوە نیە کە ڕادەو چلۆنایەتی بەشداری کردنی جەماوەر لە هەڵبژاردندا بە پێی بەستەری سیاسی و ڕوو کردە قەومی و ئەتنیکییەکانی پێکهاتە سیاسیەکان گۆڕانکاری بەسەردادێ.
ڕەنگە لەسەر ئەوەی کوترا تا ئێستا لێکۆڵینەوە و تەحقیقێکی مەیدانی نەکرابێ بەڵام ناشکرێ ڕادە و شێواز و چلۆنایەتی بەشداری کردنی جەماوەر تا ڕادەیەک تاوتوێ نەکرێ. بێشک ڕادە وشێوازو چلۆنایەتی و چەندایەتی بەشداری کردنی جەماوەر پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کارئامەیی و ڕاندۆمانی ئەو کاندیدا گەلە هەیە کە بەرهەم هێنەرترین چالاکیان لە پارڵماندا هەبێ،هەربۆ ئەوەش دەتوانین نیاز و خواستەکانی جەماوەر بەپێی دروشم و پڕۆگرامی کاندیداکان لە چەند خاڵی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پۆلێن بەندی بکەین، هەرچەند هەڵوێستی ئەوڕۆکەی جەماوەر لانیکەم لە نێو ئێمەدا تا ڕادەیەکی زۆر لەو ئیدەئالیزمە دابەزیوە و چۆتە ژێرخانی ئارمانگەرایی قەومی و قەبیلەیی وعەشیرەیی. خۆکاندیدکردنی ڕادەیەکی زۆر لە کاندیداکان لە شاری مەهاباد لە خولی پێشووی شۆڕای شار لە مۆبایل فرۆش و دایکی مێهرەبان بۆکچەکەی ومکانیک و...چەندین تەخەسوسیتر کەهیچ پێوەندییەکی بە شووڕاو ئاوەدانی شار نەبوو هەم شایەتی ئەو بۆچوونەیە کە نە پێکهاتە نە کاندیداکان توانیویانە ئەو نیازوخواستانەی جەماوەر بەراوەردە بکەن کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد هەم سەلمێنەری ئەو ئیدعایەیە کە ئەگەرجەماوەر لەڕێگایەکی لۆژیکی و لەباردا نەیانتوانی بەوئامانجانەیان بگەن بەناچار ڕوو دەکەنە هەندێ هەڵوێستی نالۆژیکی وپترئیدێئۆلۆژیکی بۆ پاساوکردنی کردەوە خووخدەیان و هەڵوێستیان بەرانبەر بە هەڵبژاردن کە لەودا خێڵەکی بوون و عەشیرەگەرایی و... مەیدان بە دەرک و تێگەیشتنی عەقڵانی ومۆدێرن لە هەڵبژاردن چۆڵ دەکا.
بەداخەوە لەشاری مەهاباد ئەوە بە ئاشکرایی دیارە هۆی زاڵبوونی ئەوشێوە ڕوانینە ڕەنگە لە لایەکەوە ڕاستەوخۆ داوێنی پێکهاتە و کاندیداکان بگرێتەوە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە جەماوەریش دە خوڵقانی ئەو کارێشەیەدا بەشدارنین. ناشارەزایی و نەناسیاوی کاندیداکان لە لایەن جەماوەر لە لایەکیترەوە دەستیان داوەتە دەستی یەک کە هەڵبژاردن لە نێوئێمەدا یا زووم بکاتە سەرتەنیا لایەنی ئابووری یا ئیسفاڵتی ڕێگاوبانی ئاوایی وگوندەکان، بێ ئەوەی بەرهەمێکی سیاسی، فەرهەنگی وکۆمەڵایەتی و یا لانیکەم ئەتنیکی لێبکەوێتەوە.
ڕەنگە دەو نێوەشدا جەماوەر بەوقەناعەتە گەیشتبن کە دەنگدانیان لەو بەستەر و فەزایەدا هیچ هێز و وزەیەک بەلایەنی فەرهەنگی و سیاسی وئەتنیکیان نابەخشێ، بۆیە تووشی چەشنێک(درماندگی آموختە شدە)بوونە کە دەرەنجامەکەی یا بەشداری نه کردنێکی ئەو تۆیە لە هەڵبژاردندا یا بەشداری کردنێکی خێڵەکی وعەشیرەتییە. تەجرەبە و ئەزموونی بەشداری کردنی جەماوەر لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەروەها دەرکی لە بەرهەم و چالاکی نوێنەرانی پێشووداو هەڵوێستی پێکهاتە لە بەرانبەر ئامانجەکانیاندا گرینگترین فاکتۆرگەلێکن کە ئەو کردەوە و هەڵوێستەی جەماوەریان لێ کەوتۆتەوه.هەروەک دەزانین بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا فەرایەندێکی تاک جەمسەری نییە بەڵکوو جگە لە جەماوەر نوێنەری هەڵبژێردراو و پێکهاتەش دوو جەمسەری تری ئەو فه رایەندەن.
هەم نوێنەر هەم پێکهاتە دەبێ ئەوه بە جەماوەر بسەلمێنن کە دەنگدانیان بایەخی هەیە و لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەرکی جەماوەرە کە نوێنەری چالاک و دەست ڕۆیشتوو هەڵبژێرێ بۆ ئەوەی هێز و وزەی دەنگەکانیان بۆ ئاشکرابێ.
ڕەنگە نەتوانین کۆمەڵگای ئەوڕۆی کوردی بە کۆمەڵگایەکی مۆدیڕن و تەواو دابڕاو لەسوننەت و نەریت لەقەڵەم بدەین بەڵام هەرئەوەندەی مۆدێرنییەتەی کە ئیدعاشی دەکەین پێویستییەکی زۆر و حاشاهەڵنەگری بەکارکردن و حەول وتێکۆشانێکی عەقڵانی لە بوارەکانی تردا هەیە. کاندیدا یا نوێنەرێک کە خۆی خستۆتە ناو بازنەی هەڵبژاردن وچارەنووسی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی جەماوەر پێویستە ئاشنای موقتەزییاتی ئەوڕۆکەی جەماوەر بێ و جەماوەریش پێداگری لەسەر کاندیدا گەلێک بکەن کە ئەو کەڵکەڵەیەی هەبێت دونیای سیاسەت و پارڵەمانتاری دونیای دروشم و سەلیقەگەرایی نییە لانیکەم لەکۆمەڵگای کوردەواریدا سەرنجدان بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی وئەتنیکی زەروورەتی ئاشنایی لەگەڵ شێوە ژیانی تەواوی چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگایە، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و کاندیدا یا نوێنەری هەڵبژاردراو بە هیچ شێوەیەک دەرفەت و دەرەتانی خۆدزینەوەی لێ نییە.
عەقڵ و ویژدان و ڕووحی جەماوەرشتێک نییە کە بازرگانی پێوە بکرێ ئەگەر تا ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگای کوردی تووشی سەرخوردەگی بووە لەم بوارەوە پتر دەگەڕێتەوە سەر چلۆنایەتی ڕیشە داکوتانی کردەی ناقیس و سەقەت و پەقەتی سیاسی هەم لەلایەن کۆمەڵگاوە هەم لە لایەن نوێنەر و کاندیدا وهەم پێکهاتەوە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگا لەگەڵ ئەوەی کە شارەزایی لەسەر ئەرک و تەکلیفی نوێنەر نەبووه لە پەرڵەماندا بەو جۆرەی کە دەبێ هەبێ هاوکات پێکهاتە و سترەکتۆری خێڵەکی و عەشیرەیی و لانیکەم ئەوجۆرە قەرائەتە لە ئەرکی نوێنەر و کاندیدا و پارڵمان بۆتە لەمپەڕ وبەرهەڵستی ئەو شارەزاییە، لەگەڵ ئەوەش نەبوونی تەخەسوس و ئاگاداری پێویستی کاندیدا یا نوێنەر لەسەر ئەرکەکانی خۆی و لە پێکهاتە وسترەکتۆرو بنەمای چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا زۆرجار جەماوەری بەرەو کردەوەگەلێکی ناشیاوی ئاپۆڕەیی و شەڕەگەڕەکی گوتاری(گفتمانی)هان داوە. چەشنێک کە ئیستراتژی عەشیرەتی وتایفەگەری ڕێگای بە سەرهەڵدانی تاکتیکی تەعامولی گرتووە و لە لایەکیش بە پڕوپاگەندەیەک کە هیچ پێوەندییەکی بە ئەرکی نوێنەرەوە نییە تارمایی خستۆتە سەر فەزای سیاسی کۆمەڵگا. وێڕای هەردووی ئەم فاکتۆرگەلە پێکهاتەش ناکرێ بە تەواوی لەسازدانی وەها فەزایەکدا دوورە پەرێز بکرێ، بۆنموونە پێکهاتە بە دانانی تەنیا دوو مەرجی بە ڕواڵەت سەرەکی هەبوونی بەڵگەنامەی کارناسی باڵا(لەهەر شاخەیەک)داو نەبوونی دژایەتی لەگەڵ سیستم ونیزامی کۆماری ئیسلامی، بەئاشکرایی و ڕاستەوخۆ هۆکارەکانی ژۆڕئالیسمی بوونی سیاسەت و پاڕڵەمانتاری پێک هێناوە و ڕێگای هەڵبژاردرانی کاندیدا و نوێنەری پسپۆڕ لە بواری پێویستدا لێژ و ناهەموار کردووەکە دەرئەنجامی ئەوەش کت وپڕ دەبێتە هەوێنی سەرلێ شێواوی جەماوەر و بەر لەوەی مایەی گەشەو فڕاژۆیی کۆمەڵگاپێک بێنێ بە دەڵەمەمانەوەی وەعدە و وەعید و بەڵێنەکانی نوێنەری لێکهوتۆتهوه و دهکهوێتهوه.
ئەرکی جەماوەر و نوێنەر و پێکهاتە لە وەها فەزایەک دا چییە و دەبێ چی بێ؟ پرسیارێکە کە بە درێژایی هەڵبژاردن ئەوکی گرتووین.