تاريخ: ۱۳۹۵ شنبه ۹ بهمن ساعت ۱۱:۴۸ بازدید: 1284      نظرات: 0      کد مطلب: 2976

ئەمەریکا؛ کێشە هەرێمییەکان و پشتیوانی لە چاندە ڕەسەن و دیمۆکراتیکەکان


ئەرسەلان بورناـ شرۆڤەکاری سیاسی

 

دوابەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی و دەرکەوتنی ئەمەریکا وەکوو زلهێزێکی دەستڕۆیشتوو؛ لە دەوڵەتی کارتێرەوە هەتا ئۆباما گرینگایەتییەکی زۆریان بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوە. ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرەکی خۆیدا چەندین و چەند جار لە دژی لایەنە ئازادیخواز و دیمۆکراتیکەکان ڕاوەستاوە بەڵام بە ڕادەیەکی باش توانی پرسەکانی وەک مافی مرۆڤ، ژنان، دیمۆکراسی، ئازادی ڕادەربڕین و ... لە ئاستی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە گەشە پێ بدات. بە پێچەوانەی خاڵە ئەرێنییەکان هەتا ئەمڕۆکەش ڕەهەندە نەرێنییەکانی ئەم سیاسەتانە و هەڵسوکەوتە نادیمۆکراتیکەکانی زۆر بەرچاوترە و پێداویستە خوێندنەوە و پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە لە سیاسەتی دەرەکی ئەم وڵاتە لە گۆڕی ڕاستیی هەبوو و داخوازییەکانی گەلانی هەرێمی ڕەچاو و کردەوەیی بکرێ.

سیاسەتی ئەمەریکا سەبارەت بە کاروباری دەرەکی لە وڵاتانی دیکەدا یەکجار داخراوە و توندڕەوانە بووە. هەربۆیە، هیچ کات لە پەیوەندی لەگەڵ پرسە هەرێمییەکان بە شێوەیەک لۆژیکی و تەکووزمەند پۆلێنبەندییەکی باشیان بۆ خوێندنەوە و تاوتوێ کردنی ئەوان بە دەستەوە نەداوە. لەم چوارچێوەیەدا، زۆربەی جار خوێندنەوە و لێکدانەوەی پرسەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و تێڕوانینە ڕووت و پەتییەکانی ئەم وڵاتە پێک هاتووە کە کاریگەرییەکی گونجاو و ئەوتۆی لە سەر گۆڕانکارییەکان دانەناوە و هەتا ڕادەیەکیش دۆخەکەی تێکچنراوەتر کردووە.

بەدڵنیایی، ئەم وڵاتە بە بەردەوامی دەست تێوەردانی لە تەواوی بابەت و کێشەکان چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە. ئەم دەست تێوەردانانە لە پرسە ئۆتۆمییەکانەوە بگرە هەتا مافەکانی مرۆڤ یا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لەخۆ دەگرێ. ئەگەر چی لە ئێستادا بابەتی شەڕ لە گەڵ تیرۆریزم و پێش گرتن لە بڵاو بوونەوەی چەکە ئۆتۆمییەکان لە ڕیزی سەرەوەی ئامانجەکانی ئەم وڵاتە پێناسە کراون بەڵام لە کردەوەدا خودی ئەم سیاسەتە پەرەی بە کێشەکانی ناوچەیی داوە کە لە زۆر خاڵدا هەوڵی پەراوێز خستنی دیمۆکراسی ڕاستەقینە دراوە.

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی وڵاتە نوێ پێ گەیشتووەکان؛ ئەم وڵاتەش لە سەر سازکردنی جۆرێک هاوسەنگی پێداگری دەکات و دەستی لە بەشێک لە ئارمانەکانی بە مەبەستی هاوردە کردنی دیمۆکراسی و سەقامگرتوویی ڕێكخراوە دیمۆکراتیکەکان هەڵگرتووە. جێی حاشاکردن نییە کە داواکارییە جیهانییەکان ڕەهەندێکی جیاوازتر و نوێ تری بە خۆیەوە گرتووە و یاریچییە گەورە و بچووکەکان تێدا خەریکی دەورگێڕانن. بەپێی ئەم گۆڕانکارییانە وێدەچێ ئەمەریکا لە نێو داوە جیهانییەکانی ئیمپریالیستی هاوشێوەی بەریتانیا گیری خواردووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەواوی کێشەکان سەرنجی ئەم وڵاتە ڕادەکێشن. لە ڕاستیدا، ئەم سەرنجدان و دەست تێوەردانە سەرەتای ئاوابوونێکی نوێ و سەرهەڵدانی ئەوانی دیکەیە.

ڕووداوەکانی پاش ١١ ڕەزبەر و گۆڕانکارییەکانی دوای بەهاری عەرەبی و هاوکات کێشە و ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست باس لە زایینێکی نوێ دەکەن کە بۆ تەواوی جیهان گرینگایەتی دەبێ. جیا لەوە، دەست تێوەردانی لە ڕادەبەدەری ئەم وڵاتە دەتوانێ کێشەی جۆراوجۆر و دیاردە کاولکارانەکان لەگەڵ خۆی بهێنێت. ئەم بابەتە لە ئاکامی نەبوونی هاوسەنگییەکی باش لە لایەن ئەمەریکا لە نێوان یاریچییە کۆن و نوێ سەرهەڵداوەکان دەتوانێ تەشەنە بە ئاڵۆزییەکانی ناوچە بدات.

کەواتە، گرینگە تەواوی لایەنەکان و کۆمەڵگا مرۆڤییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەبێ هیچ چەشنە هەڵاواردن یا پشت گوێ خستنێک بەشداری تەکووزی جیهانی ببن هەتا سووڕی ناسەقامگرتوویی و کردەوە ناڕەواکان بە مەبەستی داڕزاندنی پێناسە کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و سیاسییەکان کۆتایی پێ بێ. ئەم وڵاتە کە باوەڕی بە ئارمانەکانی ئەمەریکایی و پێوەرە دیمۆکراتیکەکان لە ئاستی جیهانی هەیە پێداویستە هەڵوێستەکانی وێڕای وردبینییەکی زۆرتر لە ئاست بە لایەنە دیمۆکراتیک و ئاشتیخوازەکان ڕوون بکاتەوە. ئەگەر چی ڕوانگە یەک لایەنەکانی ئەم وڵاتە کێشەی زۆری بۆ گەلانی ئازادیخواز لە هەمبەر بەرژەوەندییە دوولایەنە و چەندلایەنەکانی لەگەڵ ڕژێمە نادیمۆکراتیکەکانی ناوچەیی ساز کردووە بەڵام لەم دۆخە ناسک و هەستیارەدا گرینگە لە سەر بەشداری و هەروەها، پشتیوانی لە ڕێکخراوە و چاندە ڕەسەن و دیمۆکراتیکەکان پێداگری بکرێ.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد