تاريخ: ۱۴۰۱ يکشنبه ۲ مرداد ساعت ۱۸:۳۱ | بازدید: 1533 نظرات: 1 کد مطلب: 19821 |
خالند عجمی
"عەبدولڕەحمان لەتیف ئیسماعیل عەبدوڵڵا لەتیف" ناسراو بە "گیوی موکریانی" ڕۆژنامەنووس و فەرهەنگنووسی کورد لەساڵی ١٢٨٢ی هەتاوی / ١٩٠٣ی زایینی لە مەهاباد لەدایک بووە. لەتەمەنی ١١ ساڵیدا دەچێتە شاری حەڵەبی سووریا و لەلای براکەی "حسێن حوزنی موکریانی" دەمێنێتەوە. لەساڵی ١٩٢٢ی زایینی بەیارمەتی براکەی چاپخانەیەک بەناوی "چاپخانەی زاری کرمانجی" لەشاری ڕەواندز دادەمەزرێنن.
حسێن حوزنی کاتێک لەساڵی ١٩٢٦ گۆڤاری "زاری کرمانجی" دەردەکرد، گیو سەرپەرەشتی ئەم گۆڤارەی لەئەستۆ بووە، دەرچوونی ئەم گۆڤارە تا ساڵی ١٩٣٢ی زایینی بەردەوام بووە و ٢٤ ژمارەی لێ دەرچووە. دواتر کە چاپخانەکە بۆ هەولێر گوازراوە، چاپخانەکە، بە نێوی "چاپخانەی کوردستان" کارەکانی گەشە پێدا. بە جۆرێک کە لەماوەی ئیش کردنی چاپخانەکەدا ٢٠٠ کتێبی جۆراوجۆر چاپ و بڵاو کرانەوە کە لەتەنیشت ئەم کارانە دەرکردنی ١١ ژمارەی گۆڤاری "ڕووناک" لەساڵی ١٩٣٥ و چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری "هەتاو" لە ١٧٩ ژمارەدا لەساڵی ١٩٥٤ هەتا ١٩٦٠ یەکێکی تر لەم حەول و تەقەلا فەرهەنگیانە ئەژمار دەکرێن.
گیو لەتەنیشت کاری چاپ و بڵاوبوونەوە، کاری وێنەگری دەکرد و ئەو پیشەیەی لەمامۆستایەکی ئەرمەنی فێر ببوو.
گیو موکریانی لەفەرهەنگنووسیدا دەستێکی باڵای هەبووە و بەرهەمی بەپێزی لەپاش خۆی بەجێ هێشتووە کە "فەرهەنگی ڕابەر، فەرهەنگی مەهاباد، فەرهەنگی نۆبەرە، فەرهەنگی کۆلکەزێڕینە، فەرهەنگی کوردستان" بەشێک لەم کارانە ئەژمار دەکرێن.
بێجگە لەم بەرهەمانە، موکریانی چەندین کتێبی دیکەی لەبواری وێژە و ناولێنانی منداڵان بەناوەکانی "مێژووی وێژە"، "ناوی کچان و کوڕان"، "گیونامە" و "کەشکۆڵی گیو" کار کردووە.
شایانی ئاماژەیە "عەبدولڕەحمان لەتیف ئیسماعیل" ناسراو بە "گیوی موکریانی" لە ٢ی گەلاوێژی ١٣٥٦ی هەتاوی ١٩٧٧ی زایینی بە هۆی نەخۆشی لەشاری مووسڵ کۆچی دوایی کردووە.