تاريخ: ۱۴۰۱ يکشنبه ۲ مرداد ساعت ۱۸:۱۹ | بازدید: 1658 نظرات: 1 کد مطلب: 19820 |
هونەرمەند عەلی مەردان لەساڵی ١٩٠٤ی زایینی لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی شاری کەرکووک لە دایک بووە. خوێندنی لە تەکیەی کەرکووک و لە لای ماموستا ساڵەح دەست پێکردووە و دواتر لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەئوف فێری تەجویدی قوڕئان و ھەندێک مەقاماتی کوردی و تورکمانی بووە.
عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ مانەوە لە تەکیە، شاری کەرکووکی بە جێھێشتووە و بە ماڵەوە لە گوندی لەیلان گیرساوەتەوە. لەو گوندەدا تەمبوور ژەنێکی لێزانی بە ناوی خدر بارام ناسیوە و سوودێکی زۆری بۆ مەقاماتی کوردی لێ وەرگرتووە. بەڵام مەردان کە دواتر بەرەو بەغدا دەڕوات، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێر دەبێت.
ناسر ڕەزازی و عەلی مەردان ساڵی ١٩٧٩ی زایینی
بەشێک لە مەقامەکانی: لەبەر چاوی بەد (مەقامی ماھوور)، چەند جارم وت (مەقامی ھەمایۆن)، با یادم کا فریادم کە (مەقامی ھیجران)، ڕەنجی بێوەرم (مەقامی بەیاتی شور)، ڕاستەی خیابان (مەقامی ئەڵاوەیسی)، لێم یاخی (مەقامی ئای ئای)، لەبەر نازی چاو بازان (مەقامی خورشیدی)، ئەی مانگ (مەقامی بەیات)، چی بکەم (مهقامی نەوا)، دڵ لە حەسرەت (مەقامی ئورفە)، مەمکوژە گیانە بە ھیجران (مەقامی دەشت)، بە داوی زۆڵفت (مەقامی ڕاست)، بە بەردی فیرقەتت (مەقامی ماڵەڵا ھیجرانی)، بە غەمزەی چاوی مەخموری (مەقامی نەوا)
عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەن ئامێری مۆسیقا بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە. ھەروەھا شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە. شێعری زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستە و مەقامات دا خوێندووەتەوە. شارەزایی و کارامەیی عەلی مەردان لە ھونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی کوردی و عەرەبی ناوبراو بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن.
مەردان بێجگە لە کارەکانی ڕادیۆ کوردی بەغدا، لە ساڵی ١٩٦٥ چەندین مەقام و گۆرانی لە ئیزگەی ڕادیۆی تاران و کرماشان تۆمار کردووە.
هونەرمەندان: تاهیر تۆفیق، حەسەن جزراوی، عەلی مەردان و ڕەسوڵ گەردی
عەلی مەردان مەقام زان و داھێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێووچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە ڕۆژی ھەینی ٢٤ی ژووییەی ١٩٨١ی زایینی لە نەخۆشخانەی نەفیسی بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لەگۆرستانی شێخ محێدینی کەرکووک ئەسپاردەی خاک کراوە.