تاريخ: ۱۴۰۱ جمعه ۲۴ تير ساعت ۱۴:۳۴ بازدید: 2134      نظرات: 0      کد مطلب: 19717

ئاوڕدانەوەیەک لەژیانی سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەڤان و زمانناسی کورد میر جەلادەت بەدرخان


میر جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان ناسراو بە "میر جەلادەت بەدرخان" لە ٢۶ی ئاپریلی ١٨٩٣ی زایینی لە ئەستەمبوڵی تورکیا لەدایکبووە، ھەر لە ئەستەمبوڵ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و فێرگەی بەرزی یاسای تەواو کردووە، دوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەماڵیزم، ئەمین پاشا و سێ کوڕەکەی ناچار بوون بچنە میسر و لەوێ نیشتەجێ ببن، بەڵام جەلادەت و کامەرانی برای چوونە وڵاتی ئاڵمان و لە ماوەی ئەو ھەشت ساڵەی لەوێ بوون خۆیان فێری زمانی ئەڵمانی کرد.

 

جەلادەت لە سووریا سەرقاڵی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی بووە، لە ١٥ی مەی‌دا گۆڤاری "ھاواری" دەرکرد کە تا ٥ی جولای ١٩٤٣ی زایینی بەردەوام بوو. پێشتر گۆڤاری ھەفتانەی "ڕۆناھی" دەردەکرد، کاری بەڕێوەبردنی ئەم گۆڤارەی لەنووسین و پیت چنین و چاپ و بڵاوکردنەوە تەنیا لەسەر شانی خۆی بووە.

 

جەلادەت بەناوی "خوازراو" نووسینەکانی بڵاو کردۆتەوە، لە پێشەنگی ئەو کەسانەیە کە پیتی لاتینییان بۆ نووسینی کوردی بەکارھێناوە. ناوبراو زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئینگلیزی و ڕووسی زۆر بەباشی زانیوە.

 

میرجه‌لاده‌ت به‌درخان و میركامه‌ران به‌درخان و نوری دێرسیمی و مه‌مدوح سه‌لیم

میر جەلادەت بەدرخان کەسێکە کە پیتی لاتینی زمانی کوردی داناوە و ئەو بیرۆکەیەی لەساڵی ١٩١٩ی زایینیەوە لەلای درووست بووە. لەسەرەتادا ئەلفبایەکی دانا کە پیتەکانی ٣٦ پیت بوون، پاشان لەساڵی ١٩٢٤ کە لەوڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بووە، دەستکاری لەم ئەلفبایەدا کردووە و ژمارەی پیتەکانی بە ٢٤ پیت کەم کردەوە، سەرەنجام لەساڵی ١٩٢٨ی زایینی پیتەکانی بۆ جاری دووهەم دەستکاری کردەوە و بە ٢٥ پیتی گەیاند، هەر ئەم ئەلفبایە بوو بەو بنەمایەی کە ناوبراو لەساڵی ١٩٣٢ی زایینیدا وتارەکانی گۆڤاری هاوار بڵاو بکاتەوە.

 

کتێبێکی لەسەر ڕێزمانی کوردی نووسیوە کە تەنھا بەشێکی چاپکراوە و بەشەکانی دیکەی ھێشتا ھەر دەستنووس ماوەتەوە. لەبواری فەرهەنگ‌نووسین‌دا فەرھەنگێکی بەکوردی و یەکێکی تری بە شێوەی کوردی  - فەڕەنسی ھەیە.

جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان لەڕێکەوتی ١٥ی ژووییەی ١٩٥١ی زایینی لە دیمەشقی سووریا کۆچی دوایی کردووە و هەر لەم شارە ئەسپاردەی خاک کراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد