بەپێی ڕاپۆڕتی پێگەی هەواڵیی هاژە، ساربانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاگرکووژێنەوەی شارستانی سەردەشت، هەواڵی لە بەردەوامبوونی گەڕان بەدوای دوو لاوی نقوومبوو لە بەنداوی سەردەشت لە پێنجومین ڕۆژی دا.
نادر ساربانی ڕۆژی سێشەممە لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری هاژەدا کوتی: گەڕان بەدوای دوو لاوی نقوومبوو لە بەنداوی سەردەشت لە پێنجومین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامه و تا ئێستا چەندین جار قووتەوانەکان(غواصان) هەوڵی دیتنەوەیان داون بەڵام بێئاکام بووه.
ئەو سەبارەت بە گەڕانی چەند ڕۆژەی قووتەوانەکان کوتی: بەهۆی نادیاربوونی شوێنی نقوومبوون و قووڵبوونی ئەم شوێنە کە تا ۳٨ میتر دەبێت تا ئەم کاتە نەتواندراوە تەرمی ئەو دوو لاوە ببیندرێتەوە و هەر ئێستا چەند کەس لەژێر ئاو خەریکی گەڕانن.
ساربانی زیادی کرد: تا ئێستا لە چەند شاری مەریوان، سەقز، بۆکان و ورمێڕا قووتەوان هاتوون و بە شێوەی گروپی سێ کەسی و چوار کەسی لە چەند نۆرەی کاریدا هەوڵی دیتنەوەیان داوە بەڵام سەرەنجامێکی نەبووە. تا دۆزینەوەی تەرمەکان تیمەکان بەردەوام دەبن.
ساربانی لە کۆتاییدا کوتی: ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارستانی سەردەشت هیچ کەرەستەیەکی دەرهێنانەوەی خنکاوان لە قوڵاییی زۆر و قووتەوانیدا نییە و دەبێ بۆ ئەم جۆرە ڕووداوانە لە شارەکانی دیکە یارمەتی وەرگرین.
بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی هاژە ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی پووشپەڕ (تیر) ۳ لاو لە بەنداوی سەردەشت بە مەبەستی سەیران، هەوڵی پەڕینەوە بە بەلەم دەدەن کە وەرگەڕانی بەلەمەکە دەبێتە هۆی خنکانی دوو کەسیان و کەسێکیش بەهۆی شارەزابوون بە مەلەکردن خۆی ڕزگار دەکات.