تاريخ: ۱۴۰۱ يکشنبه ۵ تير ساعت ۱۶:۴ بازدید: 803      نظرات: 1      کد مطلب: 19477

سرنجێک لەسەر ژیان و گۆرانییەکانی هونەرمەند مامۆستا حەسەن زیرەک


هونەرمەند مامۆستا "حەسەن زیرەک" بە پێی ناسنامەی ژمارەی ٧٣٥ی ئیدارەی سەبت و ئەحواڵی بۆکان، حەسەن زلە (بۆکانی) ناسراو بە حەسەن زیرەک لە ڕێکەوتی ٨ی سەماوەزی ١٣٠٠  _ ٢٩ی نۆڤەمبەری ١٩٢١ لەگەڕەکی سەرقەڵای شاری بۆکان لەدایک بووە.

 

زۆر کەسیش لەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناسن، دەڵێن زیرەک لە گوندی ھەرمێلە سەر بە شاری سەقز لەدایک بووە.

حەسەن زیرەک لەبەر لێھاتووی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگخۆشانی بۆکان لە زەماوندەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانی گوتووەتەوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە.

ساڵی ١٣٢٠ی ھەتاوی دێتەوە ھەرمێلە و وەک تفەنگچی لە ماڵی ئاغاوات دادەمەزرێ، و پاشان نێوانی لەگەڵ ئاغا تێکدەچێت و واز لە تفەنگچییەتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵک لە پێناو ئاغادا دێنێت، و دەچێتە سەقز و وەک شۆفیر لە نێوان سەقز _ بانەدا دەست بە کار دەکات. بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ تۆشی کێشەیەک دەبێت، لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێت و لەباشووری کوردستان دەگرسێتەوە. دواتر زیرەک دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بەھۆی چەند کەسێک لە میوانخانەی "شومال ئەلکەبیر" دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەکات بە گۆرانی گووتن و لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگ دەردەکات.

 
چەند کەس لە ناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەک لەوێ دەبینن و ناوبراو بۆ ڕادیۆ بەغدا دەبەن. بەڵام بە گووتەی میدیا زەندی کە لە کتێبەکەیدا ئەم شێعرەی حەسەن زیرەکی تێدا نووسیوە:

باش کارم ئەکرد ڕۆژ و شەوانە    لە ئوتیل شمال کە جێی کوردانە

مسافیرێکمان کە مام جەلال بوو    یەگجار گەنجێکی لەبەر دڵان بوو

خۆ پیریش نەبوو پێیان دەگووت مام   کوڕێکی شیرین وەکوو شەکری خام

مام جەلال تاڵەبانی حەسەن زیرەک لەم قاوەخانەیەدا دەبینێت و  بۆ ڕادیۆی بەغدای بردووە و لەم ناوندەدا بە هۆی دۆست ناسیاوانەوە لەبەشی "ڕادیۆ کوردی بەغدا" گیرساندوویەتەوە.

 

حەسەن زیرەک پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ئێران دەگەڕێتەوە و لە "ڕادیۆ کوردی تاران" و "ڕادیۆ کوردی کرماشان" دەست بە کاری هونەری دەکاتەوە.

لە مەقامەکانی‌دا لەشێعری شاعیرانێکی وەکوو سەید کامیل زەنبیلی (ئاوات)، هەژار، نالی، ناری، هەردی، حەریق، کوردی، گۆران، ن. ئاری، وەفایی، فایەق بێکەس، پیرەمێرد، محەممەدسەدیق مەحموودی، شێخ ڕەزا تاڵەبانی، ئەحمەد موختار و تایەر بەگی جاف کەڵکی وەرگرتووە.

"نەورۆز"، "نیزام بۆخۆم نیزام"، "کوێستانان خاڵ خاڵ"، "کرماشان شاری شیرینم"، "لەنێو سابڵاخ دا"، "مریەم بۆکانی"، "هۆ کاکی جوتیار"، "وەک قومری سەرباڵم شینە" بەشێک لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک ئەژمار دەکرێن. 

لە ئاواز و گۆرانییەکانی‌دا ئامێری عودی "حەسەن موحەقیق" و ویڵۆنی "موجتەبا میرزادە" سۆزێکی تایبەتیان بە گۆرانی و دەنگی ناوبراو داوە.

لەم چەند ساڵەدا بە هیمەتی نووسەران و توێژەران، گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک لە توێی کتێبی جۆراوجۆر لە باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان چاپ و بڵاو کراونەوە. 
 
 

شایانی ئاماژەیە لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٥١ی هەتاوی _ ٢٦ی ژووەنی ١٩٧٢ لەماڵی خوشکی خۆی لەشەقامی سەقز لەشاری بۆکان لەتەمەنی ٥١ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی جەرگ کؤچی دوایی دەکات و پاش ناشتن لە گۆڕستانی گەورەی شاری بۆکان، دوای ماوەیەک تەرمەکەی دەردەهێندرێتەوە و لەداوێنی چیای ناڵەشکێنە ئەسپاردەی خاک دەکرێت. 





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
1
پاسخ به این اظهارنظر

سلیمان ۱۴۰۱/۴/۵
شورش گلانی ایران چ سالیک بو هنرمند زیرک له سالی ۱۳۵۱ فوتی کردو؟

نظر خود را براي ما ارسال كنيد