تاريخ: ۱۴۰۱ شنبه ۲۸ خرداد ساعت ۲۱:۴۴ بازدید: 1479      نظرات: 0      کد مطلب: 19337

شاعیری کورد عەبدولخالق سەید حسێن ئەفەندی ناسراو بە "ئەسیری" کێ بوو؟


شاعیری کورد عەبدولخالق سەید حسێن ئەفەندی ناسراو بە ئەسیری، لە ساڵی ١٨٩٥ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. لە بنەماڵەیەکی ئایینی زانست پەروەردەدا ژیاوە. لە گەشتی خوێندنی مەلایەتیدا گەلێک شاری باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان کردووە، لە کۆتایی گەشتەکەیدا بەڵگەنامەی زانستی لە کەرکووک لە مەلا عەلی حیکمەت سیامەنسووری وەرگرتووە.

 

سەرەتای خوێندنی لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد ئاغای مستەفا ئاغا لای مەلا محەممەدی وەستا فەتاح بووە. بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئایینی لە ساڵی ١٩١٣ ڕووی لە ھەڵەبجە، ناوچەی جوانڕۆ، بانە، سەقز، سنە و چوڕ کردووە. لە دواییدا گەڕاوەتەوە کەرکووک و لای مەلا عەلی حیکمەت دوا قۆناغی خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی دوازدە زانستییەکەی ئایینی ئیسلامی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٢٠ چۆتە ئەستەمبوڵ و لەم گەشتەیدا بەیرووت و ئیزمیر بینیوە. لە گەشتی ئەستەمبوڵی چاوی بە نەجمەدین ئەفەندی برا بچووکی و شێخ عەبدولقادری شەمزینی کەوتووە و لەسەر دەستی ئەوان وانەی خەباتی نەتەوەیی فێربووە. لە ساڵی ١٩٢١ گەڕاوەتەوە کەرکووک و شێعری نەتەوەیی ھۆنیوەتەوە، تاکو بووەتە شاعیرێکی ناسراوی کورد و لەگەڵ شاعیرانی وەک ئەحمەد موختار جاف، فایەق بێکەس و مەلای گەورەی کۆیە جێی حاجی قادری کۆییان لە ھۆنینەوەی شێعری نەتەوەیی‌دا گرتووەتەوە.

ئەسیری لە ساڵی ١٩٣٥ بە مووچەخۆر لە دادگای شەرعی کەرکووک دامەزراوە، لە پاشاندا لە ساڵی ١٩٤٣ وەک باشکاتبی کارگێڕی ماڵی قاسیرین لە کەرکووک تا ساڵی ١٩٥١ گیرساوەتەوە. هەر لەم ساڵەوە بۆ جاری دووەم بۆ دادگای شەرعی گەڕاوەتەوە و ساڵی ١٩٥٨ خانەنشین کراوە. ئەسیری ژیانی هاوبەشی پێک نەھێناوە، ماڵی لە ناو خانەقا بچووکەکەی لە گەڕەکی ئەخی حسێن لە کەرکووک بووە. لەو کاتەدا مووچەخۆری میری بووە و کاری کشت‌وکاڵیشی کردووە.

ئەسیری لە شێعری وەسفدا گەلێک تیژبیر بووە، بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەو ھۆنراوە جوانەی کە لەسەر وەسفی کوردستانی داناوە و لە گەشتەکەی خوێندنی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان چاوی بەو دیمەنە جوانانەی نیشتمانەکەی خۆی کەوتووە، ھۆنراوەکەشی بەناوی "بێرە کوردستانە" داناوە کە لە سەرەتاکەیدا دەڵێ:

 

بێرە کوردستان عەزیزم، گەر تۆ سەیرانت دەوێ       بتبەمە قەندیل، ئەگەر گوڵزاری کوێستانت دەوێ

سەیری ئەو خێڵاتەکە، نشتووتە دامێنی چیا           بابچینە ماڵە گەورە، قەوم و خزمانت دەوێ

دەتبەمە سەر پیرەمەگروون و کاژاو و شەرا           بێ ڕەسەد سەیری مەھو بورجیس و کەیوانت دەوێ

 

شایانی ئاماژەیە ئەسیری شاعیر ساڵی ١٩٦٠ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگ بووە و لە ڕۆژی ١٨ی ژووەنی ١٩٦٢ لە تەمەنی ٧٢ ساڵی لە شاری کەرکووک کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ محیەدین ئەسپاردەی خاک کراوە.





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد