تاريخ: ۱۴۰۱ چهارشنبه ۲۵ خرداد ساعت ۲۱:۵۷ بازدید: 1356      نظرات: 0      کد مطلب: 19301

ژیاننامەی شاعری گەورەی کورد عەبدوڵڵا مەلا کەریم‌ ناسراو بە "موفتی پێنجوێنی"


شاعری گەورەی کورد عەبدوڵڵا مەلا کەریم "مەلا عەبدوڵڵای‌ توتنچی"‌ ناسراو بە "موفتی پێنجوێنی" ساڵی ١٨٨١ی زایینی لە گوندی بێستانە لە نزیک شارۆچکەی پێنجوێن لەدایک بووە.

 

هەر لەسەردەمی کۆرپەیی‌دا باوکی لەدەست داوە. بەشێک لە خوێندنی لای برا گەورەکەی مەلا ئەحمەد تەواو کردووە. دواتر بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووی لە موکریان کردووە و لە سەقز و مەھاباد و بۆکان گیرساوەتەوە. لە پاشاندا ڕووی لە مەریوان کردووە و سەرەنجام گەڕاوەتەوە گوندەکەی و لەوێش لای مەلا ئەحمەدی برای دەستی بە خوێندن کردۆتەوە. دواتر بەشێک لە خوێندنی لە بیارە لەلای مەلا عەبدولقادری بیارەیی بە ئەنجام گەیاندووە. مەلا عەبدولقادر وەک ڕێزلێنانێک بۆ موفتی ئەو سەردەمەی شاری سنە کە ناوی "مەلا عەبدوڵڵا موفتی" بووە نازناوی "موفتی" بۆ ھەڵبژاردووە. لە دوای ماوەیەک دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە. ئیتر بڕیاری داوە ئیجازەی مەلایەتی وەرنەگرێت و مەلایەتیش نەکات. بەم جۆرە گەڕاوەتەوە پێنجوێن و خەریکی کاسبی بووە و لەگەڵ فرۆشتنی شتومەکی وردەواڵە، دووکانی تووتن فرۆشی داناوە. ھەڵسوکەوتی موفتی لەناو کۆمەڵگای کۆنەپەرست و دواکەوتوودا جێی ڕەزامەندی نەبووە، تا گەیشتۆتە ئەوەی ھەوڵی کوشتنیان داوە. لە ئاگرتێبەردانەکەی ساڵی ١٩٣٦ی پێنجوێن دووکانی سووتاوە و ھەندێ لە ڕەشنووسی شیعری لەناوچووە. لە بومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٤٧ی پێنجوێن بە ماڵەوە بۆ سلێمانی باری کردووە و دواتر بۆ پێنجوێن گەڕاوەتەوە. دوای ماوەیەک هاتۆتە مەھاباد و سەرەنجام بۆ کوردستانی گەرمێن و شارۆچکەی پێنجوێن گەڕاوەتەوە.

 

موفتی پێنجوێنی چەندین چەپک ھۆنراوەی‌ نیشتمانپەروەری‌ و ڕێنمایی‌ کۆمەڵایەتی‌ نووسیوە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەیە لە پێنجوێن کە ھانی‌ خەڵکی‌ داوە تا منداڵەکانیان بە تایبەتی‌ کچان بۆ خوێندنگە بنێرن. ناوبراو ئەم کارەی لە منداڵی‌ خۆیەوە دەستی‌ پێکردووە.

موفتی بە یەکێک لە ڕەچەشکێنانی‌ ھەڵمەتی‌ قەڵەم و ھەڵگرتنی‌ چرای‌ ڕووناککەرەوەی‌ بیری‌ نەتەوایەتی‌ دادەندرێت. ناوبراو بە ئاکارەکانی بە پێشڕەو و پێشەنگی‌ بیرە نوێیەکانی‌ زانستی‌ و پەروەردەی‌ ھاوچەرخ و ڕامیاری‌ سەردەم دەناسرێت.

 

موفتی‌ پێنجوێنی‌ لەو شاعیرانەیە کە بەشێکی‌ زۆری‌ دیوانەکەی‌ لە خزمەتی‌ نەتەوەکەیدا بووە، ئەمەش بێجگە لەم شێعرە نەتەوەییەکانی‌، لە شێعرە کۆمەڵایەتی‌ و ئەو شێعرانەی‌ بۆ کوڕوکچانی‌ کوردی‌ نووسیوە، یان ئەو شێعرانەی‌ وەک وەسێتنامە بۆ کچ و کوڕانی‌ خۆی‌ نووسیوە، یان بە جوانی‌ سروشتی‌ کوردستاندا نووسیوێتی، بە ڕوونی دیار دەکەوێت.

موفتی لە شێعرەکانیدا ھانی‌ کوڕ و کچانی‌ کورد دەدات بۆ ئەوەی‌ خۆیان بە زانست و زانیارییەوە خەریک بکەن، ھاوکات لەشێعرەکانی‌دا بابەتە کۆمەڵایەتییەکانیش دەخاتە بەرباس بۆ ئەوەیە کە نەتەوەکەی‌ ھەوڵی‌ نوێبوونەوە و گۆڕان لەخۆیدا بەدی بهێنێت.

 

شاعیری کورد موفتی پێنجوێنی لە ڕێکەوتی ١٥ی ژووەنی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەیان بۆ پێنجوێن بردۆتەوە و لە گۆڕستانی حاجی شێخ بەخاک سپێردراوە. لە دوای چەند ڕۆژ لە ناشتنەکەی، وەسیەتنامەی بەدەست بنەماڵەکەی گەیشتووە. لە وەسییەتەکەیدا داوای کردووە لە گردی سەیوان لە سلێمانی تەسلیم بە خاک بکرێت.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد