تاريخ: ۱۴۰۱ چهارشنبه ۱۸ خرداد ساعت ۸:۲۹ | بازدید: 1892 نظرات: 0 کد مطلب: 19193 |
سەید ڕەحیمی قوڕەیشی ناسراو بە "دڵسۆز" دەنگخۆش، بێژەر، نووسەر، ئاوازدانەر و شانۆكار لە ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لەگەڕەكی پشت قەڵای شاری مەهاباد لە دایک بووە. لە قوتابخانەی "سەعادەت" خوێندنی سەرەتایی تەواو كردووە و هەر مەهاباد درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی دیپلۆمی بەدەست هێناوە.
دوای ئەوەی سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەم كارە هونەرییانەی زیاتر خۆی دەناسێنێت، ناوبراو وەک بەرپرسی كاری هونەری قوتابخانەكانی مەهاباد درێژە بە كاری هونەری دەدات. لەساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی ڕادیۆیەك بۆ مەبەستی پەخشكردنی بەرنامەى كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هونهرى و كلتوورییەكان له شاری مەهاباد دادەمەزرێت، لهلایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆى مەهاباد بانگهێشتی هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی دەكرێت. ناوبراو وەك بێژەری هەواڵ، كاری نمایشكردن و پێشكەشكردنی بەرنامەی كورتە چیرۆكى تەنز و كۆمیدی لەوێدا وەئەستۆ دەگرێت. ناوبراو لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو كارانە، بەرنامەیەكی هۆنراوە و موزیك بەناوی "گوڵانی گەشی كوێستانی كوردستان" لەڕادیۆ مەهاباد پێشکەش دەکات کە سەرنجی گوێگران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
لەدرێژەی بەردەوام بوونی هونەرمەند و گەشەكردنی ڕادیۆی مەهاباد و كۆكردنەوەی گوێگرێكی زۆر لەدەوری ئەو ڕادیۆیە، سەیدڕهحیمی قوڕەیشی زیاتر تێدەكۆشێت و گەشە بە توانا هونەرییەكانی دەدات تا دەگاتە ئەو بیرو ڕایەی كە هونەرمەندی گۆرانیبێژ جیا لە هونەری گۆرانی گوتن و دەنگخۆشی پێویستە شارەزایی لەئامێرەكانی موزیك و دەزگا و گۆشە و نۆتەكانی میوزیكدا هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لەكارەكانیدا سەركەوتووتر بێت. دوای ئەنجام دانی كاری نواندن و نوسینی كورتە چیرۆك و كاری بێژەری لەڕادیۆ، قوڕەیشی دەنگی خۆی لەهونەری گۆرانی گووتندا بە گوێ گوێگران دەچرپێنێت. ئەو بە دەنگە بەسۆزەكەی یەكەمین گۆرانی ئاوازی بۆ دادەنێت و دەیخوێنێ، گۆرانی "ئافرەت و جوانی" لە هۆنراوەی مامۆستا "گۆران" بووە، ئەم گۆرانیە زیاتر لەژێر ناوی "بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە" ناسراوە و لەئاوازی خۆی بووە. سەیدڕەحیمی قوڕەیشی زیاتر لە ٢٠ گۆرانی خوێندووە كە ١٠ گۆرانییان ناوبراو بۆخۆی ئاوازی بۆ داناون.
قوڕەیشی بۆ گۆرانییهكانى سوودی لە هۆنراوەی "وەفایی ، گۆران و سوارەی ئیلخانی زادە " وەرگرتووە و ئاوازی لەسەر داناون.
بەهرەی هونەری سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەردەوام لەبرەو گهشانهوهدا دهبێت و هەر بە بەشێک دەرەوەست نەبۆتەوە، هەر بۆیە لهنێوان ساڵەکانی ١٣٥٠ هەتا ١٣٥٩ شەوانە لەڕێگەی ڕادیۆ مەهابادەوە بههاوكارى كۆمهڵیك هونهرمهند و بههرهمهند وهك "پهرتهویان، ڕهحیم ئیعزازی، حسێن كهفاشیی، بههمهن مهتلوب، عهلی خزری، حسێن ڕههبهر، حهسهن شهریفی ، ستاره چیتیان و بیوك خانباغی" چیرۆكى شهوى پێشكهش كردووه.
هونهرمهند بەهۆی ئەوەی زمانزانێكی باش و بێژەرێكی بەتوانا بووە چەندین بەرنامەی ئەنجام داوە یەكێك لەو بەرنامە هونەرییانە له تەلەفزیۆنی ورمێ بۆ هونەرمەندی نەمر "حەسەن زیرەك" تۆمار كراوه. هونهرمهند سهیدڕهحیمى قوڕهیشى لەو بەرنامەیەدا بهدهنگى خۆشیی و ئهدایهكى جوان ڕۆڵى پێشكهشكارێكى بهتواناى نهخشاندووه، هونهرمهند حەسەن زیرەك لهو بهرنامهیه سێ گۆرانی بەناوی "ئەمان دكتۆر ، یاڵڵا شۆفێر و كهتانه" خوێندووە، مێژووی تۆماركردنی ئەو سێ گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵەکانی ١٣٤٩ – ١٣٤٨ی هەتاوی، ئەمانە هەمان ئەو بەرهەمە تۆماركراوانەی حەسەن زیرەكن کە بە دەنگ و ڕەنگن بڵاو دەکرێنەوە و ئێستاش وەك ئەرشیڤ ماون و لهكهناڵهكانى ڕاگهیاندنهوه پهخش دهكرێن.
هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی مرۆڤێکی هەست ناسك و قسەزان و خۆش مەشرەب و كانگای قسەی نەستەق و نوكتەوە گاڵتەو گەپ بووە، بەردەوام لەنزیكەوە ئاشنایەتی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوە قسە خۆشەكانی ناوشار هەبووە، لەهەوڵی كۆكردنەوەی ڕووداو بەسەرهات و قسەخۆشەكانی مەهاباد و دەوروبەردا بووە کە لە كتێبێكدا كۆیان بكاتەوە. بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای سەید ڕەحیم نادات و ئاواتەكەی نایەتە دی و بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی سییهوه لەڕێكەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٧٠ی هەتاوی لەتەمەنی ٦١ ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی گشتی بوداق سوڵتان ئەسپاردەی خاک دەکرێت.
شایانی ئاماژەیە دوای کۆچی سەید ڕەحیم قوڕەیشی دوو کتێب بە ناوەکانی "كوێستانی دڵ" کە لە قسەی خۆش و نەستەق پێک هاتووە و کتێبی "شەوگەڕ" (بەشێک لە چیرۆکەکانی سەوی ڕادیۆ مەهاباد لە مابەینی ساڵەکانی ١٣٥٠ هەتا ١٣٥٩) بەهەوڵ و تێكۆشانی كچى هونهرمهند "زەینەبی قوڕەیشی" چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
|