تاريخ: ۱۴۰۱ دوشنبه ۱۶ خرداد ساعت ۱۳:۴۵ بازدید: 1239      نظرات: 0      کد مطلب: 19164

د. عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد کۆچی دواییکرد


دوای چەند رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر و بەهۆی توشبونی بە نەخۆشی هەوکردنی گورچیلە، بەیانی ئەمڕۆ د. عەزیز گەردی،  نوسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد لەتەمەنی 75 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت کۆچی دوایی کرد.
 
چەند مانگێک بەر لە ئێستا، بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە عەزیز گەردی چووە دەرەوەی وڵات و لەوێ دوای چارەسەر، پزیشک ناچار بوو یەکێک لە گورچیلەکانی دەربهێنێت. دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر بە چەند رۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەی تووشی ئازار بوو.
 
تۆفیق عوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی تایبەتی ژین لە هەولێر بە رووداوی گوت، عەزیز گەردی، تووشی هەوکردنی گورچیلە ببوو. 
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لەراگەیەنراوێکدا مردنی د.عەزیز گەردی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "بە داخ و پەژارەی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی نوسەر و وەرگێڕی ناوداری كوردستان، مامۆستا (عەزیز گەردی) مان بیست، كۆچی ئەم مامۆستا و ئەدیبە گەورەیەی كورد، كەلێنێكی زۆر گەورە لەناوماندا دروست دەكات و پڕكردنەوەی ئاسان نابێت."بەم بۆنە خەمناكەوە، سەرەخۆشی لە خۆمان و تەواوی نوسەران و رۆشنبیران و كەسوكارەكەی و خەڵكی كوردستان دەكەین، لە خوای گەورە داوای رەحمەت و لێخۆشبونی بۆ دەكەین و جێگای بەهەشتی رازاوە بێت."
 
د. عەزیز گەردی، ئەدیب و نوسەر و ڕەخنەگرێکی ناوداری کوردە، ساڵی 1948 لە بەحرکەی پارێزگای هەولێر لەدایکبوە، تا ساڵی 2018 بەردەوامبو لە نوسین، بەڵام ماوەیەکە باری تەندروستیی تێکچو بو.
گەردی سەرەتای هەفتاکانی سەدەی ڕابردو لە بەغداوە بە بڵاوکردنەوەی نوسراو و دانراوەکانی دەستپێکردوە. دواتر چەندین وڵات گەڕاوە و بە درێژایی نیو سەدە، دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی نوسیوە و دەیانی تریشی لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و ڕوسییەوە وەرگێڕاوەتەسەر زمانی کوردی، کە بەشێک لەوانە شاکاری ئەدەبی جیھانیین.
 
 تۆفیق کەریم، نووسەر و وەرگێڕ و بەرپرسی ناوەندی هزری و رۆشنبیری خاڵ لەبارەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردییەوە  گوتی: "لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە و لە سەردەمی مێرمنداڵیمەوە کتێبەکانیم خوێندووەتەوە، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی لەبارەی ئەدەبیاتی بیانی چاپی کردوون؛ هەرگیز هەستم نەکردووە وەرگێڕانەکانی وەرگێڕان بووبن، چونکە ئەوەندە بە جوانی دایڕشتوون و تێکەڵاوی دەستەواژە و پەندی کوردی کردوون، هەستم دەکرد کە کورد نووسیبێتی".  
 
عەزیز گەردی لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کەموێنە بوو و شێوەزارەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خواروو و هەورامی دەزانی، چوار زمانی جیهانیشی بەباشی دەزانی. ئەو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بەغدا خوێند، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیش بەباشی دەزانی.
 
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبوو؛ لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنا.
 
هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا. 
 
ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردی دا، کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی، گەردەلولی مەرگ، داغستانی من، ئەفسانەی سلاڤی، ئەگەر خۆر بمرێت و چیرۆکەکانی کریلۆڤ بەشێکن لە کتێبە نوسراو و وەرگێڕدراوەکانی عەزیز گەردی.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد