تاريخ: ۱۳۹۵ جمعه ۱ بهمن ساعت ۱۱:۲۴ بازدید: 1661      نظرات: 0      کد مطلب: 2892

ڕۆڵی پشت گوێ خراوی مزگەوتەکان لە پلان دانان و بەڕێوەبەری شاریدا



دکتور عەلی ئەحمەدی

بێ گومان لە کۆمەڵگایەکی موسڵمان مزگەوت جێگەیەکی بە هێز بۆ کۆبوونەوەی خەڵک بە مەبەستی ئەنجامی فەریزە و ئەرکە ئایینیەکانایانە. بە درێژایی مێژووی ئێرانی پاش ئیسلام مزگەوتەکان وەک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ناو کایە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و بە گژداچوونەوەی ستەم و دەسەڵاتی ڕەهای حاکمان و دەسەڵاتداران بووە. مزگەوت تا سەردەمی قاجار بە تایبەت لە ئێراندا لە ناو شارەکانی ئێران جگە لەوەی شوێنی ڕاپەڕاندنی کار و باری ئایینی بووە جێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بووە و هەر لە مزگەوتەوە بووە دەسەڵات بە حکوومەت دراوە یا لێی سەندراوەتەوە. لە مزگەوتەوە بەرنامە بۆ چۆنیەتی بەرنگار بوونەوەی هەڕەشە لە سەر شارەکان یا گەڕەکانی ناو شارەکان داڕژاوە، مزگەوت وەک ناوەندێکی فێر کردن بۆ خەڵک بووە و خەڵک لە مزگەوتەکاندا فێری خوێندن و نووسین بوون. دواتر بە دامەزرانی قوتابخانەکان پیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان مزگەوت و قوتابخانەکاندا بووە. بەردەوام شوێنی مزگەوتەکان و بە تایبەت مزگەوتی جامیع، کە نوێژی هەینی تیا بە جێ گەیەندراوە لە ناو بازاڕدا هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی پێوەندی بازاڕ و مزگەوت وەک ناوەندێکی ئایینی بتوانێ ڕۆڵی باشی هەبێ لە کۆمەڵگای شاریدا. بەڵام پاش هاتنە سەر کاری دەوڵەتی ڕەزاشا و دەست بە کار بوونی پەهلەوی و دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی شاریدا، ئەرکی مزگەوتەکان کەم کرایەوە و درا بە دامەزراوە حکوومەتیەکان. بۆیە بەو هۆیەوە پێوەندی خەڵک و حکوومەتیش کاڵ بووەوە و مزگەوت وەک ناوەندی پێوەندی دەری خەڵک و بەڕێوەبەری شار ئیتر ڕێگەی پێ نەدرا ئەو ئەرکە بە جێ بگەیەنێت کە تا ئەمڕۆکەش جێگەی مزگەوت لە بەڕێوەبەری شارەکان و پێوەندی مزگەوت و شارەوانی و شۆڕاکانی شاردا زۆر کەم دیارە. بۆیە بە نەبوونی ناوەندێکی پێوەندیدەری خەڵک و دام و دەزگا شاریەکانەوە خەڵک تا دێت زیاتر لە بەڕێوەبەری شار دوور دەخرێنەوە و نەیانتوانیوە ئەو جۆرەی کە پێویستە ئەرکی خۆیان لە ئاستی گەڕەکاندا بە جێ بگەیەنن. بۆیە هەنگاوی یەکەمی جێ بە جێ کردنی بەرنامەدانانی هاوبەش لە نێوان خەڵک و شووڕا و شارەوانی، ئەکرێ مزگەوتەکان بن. خەڵک لە ناو مزگەوتەکان ئەتوانن لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە کە ئەتوانێت پێشەوای ئایینیان بێت داخوازی و ڕا و سەرنج و بیر و بۆچوونەکانیان بگەیەننە ناو شووڕا. لە هەمان کاتیشدا دیسان ڕۆڵی گەڕەکەکانیش لە ناو شارەکاندا دەر ئەکەوێتەوە. بێ گومان بۆ ئەوەی ڕۆڵی خەڵک لە بەڕێوەبردنی شارەکان کاراتر بکرێت پێویستی بە بایەخ دان بەو ناوەندانەیە کە توانای ئەوەیان هەیە خەڵک هان بدەن بۆ بەشداری لە ئەرکی هاووڵاتی بوونی خۆیان. هەرچەندە دامەزراوە و ڕێکخراوەی مەدەنی لە ئێستادا زۆرن و گەشەیان کردووە بەڵام ئەو جۆرەی کە پێویستە نەیانتوانیوە لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک پێوەندی بگرن. لە کاتێکدا مزگەوتەکان و مامۆستایانی ئایینی زۆر زیاتر تێکەڵاوی کۆمەڵگا و پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکانن. کە بۆ بنچینەی مێژوویی مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەگەڕێتەوە. هەر وەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا مزگەوتەکان نە تەنیا ناوەندێکی ئایینی بوون، بەڵکوو ناوەندێکی کۆمەڵایەتی- سیاسیش بوون. بۆیە ئێستاش پێویستە ئاوڕێکی زیاتر لە مزگەوتەکان و مامۆستایانی ئایینی بۆ هاوکاری لە بەڕێوەبردنی شار و بە تایبەت تێگەیشتن لە خواست و پێداویستی و کەم و کۆڕیەکانی خەڵک و بە تایبەت خەڵکی ئەو گەڕەکانەی کە لە پەراوێزدان، بدرێتەوە. کە لێرەدا یەکەم هەنگاو بۆ بە هێز کردنی شێوازی بەڕیوەبردنی شارەوانیەکان و شووڕا کەڵک وەرگرتن لە سەرنج و تێبینی و خواست و داواکاریەکانی خەڵکی ناو گەڕەکەکانی شارە. ئەو شوێنانەی کە وەک گرینگترین بەشی پێکهاتەی شار و جومگەی سەرەکی چوارچێوەی شار ئەناسرێن واتە گەڕەکان، بۆیە گەڕەک و کۆڵان و شەقام و بە گشتی هەر بەشێکی شار کە ئەبێتە هۆی درووست بوونی شار و پەیکەری شار درووست ئەکەن پێویستە جێگەی بایەخ و سەرنج بن وبە بێ بایەخ دان بە جیاوازی هەر یەک لەم بەشانە ناتوانین بەڕێوەبەرایەتیەکی کارامە و لەبارمان لە ناو شاردا هەبێت. کە ئەم کارەش وەک ئەرکێکی شووڕای شار، پێویستە بە هاوکاری و هاوبیری لەگەڵ کەسانێکدا بێت کە پێوەندیەکی زیاتریان لەگەڵ خەڵک هەیە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی ئەتوانن کەسانێکی گونجاو بن بۆ یارمەتی دانی خەڵک و شووڕای شارەکان و مزگەوتەکانیش بە هۆی تێکەڵاوی بەردەوامی خەڵک لەگەڵ مزگەوتدا، دەکرێ ببنە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی بەهێز بۆ سەر خستنی ئامانجی شووڕای شار کە هەمان بەشداری کردنی خەڵک لە بەڕێوەبەریە خۆماڵیەکانە.

 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد