تاريخ: ۱۴۰۱ دوشنبه ۲۶ ارديبهشت ساعت ۱۷:۲۳ | بازدید: 1174 نظرات: 0 کد مطلب: 18860 |
بە پێی هەواڵی هاژه، پەڕتووکی «بەرەو ڕێنووسی پێوەری کوردی» نووسراوەی بێهرووز چەمەنئارا، لە لایەن چاپەمەنی مانگ بەم زووانە دەخرێتە بەردیدی خوێنەران.
نووسەری ئەم پەڕتووکە بە هەواڵنێری هاژەی گوت: کتێبی بەرەو ڕێنووسی پێوەری کوردی لە دوای زۆرتر لە پێنج ساڵ کاری بەردەوام ئەمڕۆ لە لایەن چاپەمەنیی مانگەوە بڵاو بۆوە.
بێهرووز چەمەنئارا لەبارەی کتێبەکەیدا گوتی: ئەم کتێبە بریتییە لە پێنج بەشی سەرەکی. یەکەم: مێژووی نووسین و نووسینی کوردی؛ دووەم: پوختەی دەنگناسی بۆ ڕێنووس؛ سێیەم: پوختەی واتاناسی بۆ ڕێنووس؛ چوارەم: گیروگرفتەکان و پێنجەم: پوختەی خاڵبەندی.
ئەم نووسەرە زیادی کرد: ئامانجی سەرەکی لەم بەرهەمەدا، ڕێخۆشکردن بۆ گەیشتن بە ڕێنووسێکی یەکسان و پێوەر بۆ هەموو شێوەزار و بنزارە کوردییەکانە. هەر بۆیە، نموونەکان لە هەموو شێوەزارە کوردییەکان وەکوو کوردیی سەروو، ناوەڕاست و خواروو، هەورامی، لەکی و زازاکی هەڵبژێردراون.
دکتور چەمەنئارا سەبارەت بە کات و شوێنی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە گوتی: لەوانەیە کتێبەکە ڕۆژی چوارشەمە بگاتە پێشانگای نێونەتەوەییی کتێبی تاران. ئەوەش نەبێ، لە ڕێگای چاپەمەنیی مانگەوە بەردەستە و بە زوویی دەگاتە دەستی کتێبفرۆشییەکان.
|