تاريخ: ۱۴۰۱ دوشنبه ۲۶ ارديبهشت ساعت ۱۶:۵۷ بازدید: 1044      نظرات: 0      کد مطلب: 18858
لە هەولێر ڕێز لە شارام نازری گیرا

شارام نازری: هەمیشه کارم بۆ ناساندنی فەرهەنگ و میوزیکی کوردی کردووە


به پێی هەواڵی هاژه، شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتکرا و میدالیای زێڕینی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانیشی پێبەخشرا

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبووانی شەهرام نازری و وەزیر، ئەندام پەرلەمان و بەرپرسانی حکومی و حزبی، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16-5-2022 لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا پێشکێشکرد و گوتی "ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە حزوری بەژنێکی بڵند، دەنگێکی ئەفسوناوی، میوزسیانێکی ناوازە، فریشتەیەک لە جۆری مرۆڤدا وەستاوین، ئەویش مامۆستا شەهرام نازرییە".

دواتر بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و هونەری ئەو هەنەرمەندە پێشاندرا، تێیدا بەشێک لە کۆنسێرت و بەرهەمە هونەرییەکانی خرانەڕوو

گرووپێکی میوزیکی لە هەولێر بە سەرپەرشتی هونەرمەند سەید ئەحمەد رواندزی، ئاوازی بەشێک لە بەرهەمەکانی نازری ژەنی.

خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزیری رۆشنبیری و لاوانەوە پێیبەخشرا، دواتر میدالیای زێڕینی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لەلایەن سەرۆکی سەندیکاکەوە بەو هونەرمەندە کوردە بەخشرا.

دواتر لەلایەن چەند کەسایەتی و دەزگا و ناوەندێکەوە چەپکەگوڵی رێزلێنان بەو کەسایەتییە بەخشرا

شەهرام نازری، لە رێوڕەسمەکەدا خۆشحاڵی خۆی بۆ خەڵاتکردنیی دەربڕی، گوتیشی "یەکێک لە شانازییەکانم لە ژیانی هونەریمدا وەک هونەرمەندێکی کورد، ئەوەیە لە هەر شوێنێکی دنیا و لە هەر وڵاتێک توانام هەبووبێت کارم بۆ ناساندنی فەرهەنگ و میوزیکی کوردی کردووە".

روونیشیکردەوە "هەمووتان دەزانن لە چەندین وڵاتانی دنیا خەڵاتی گەورەم وەرگرتووە، بەڵام هیچیان وەک ئەو خەڵاتە نییە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکێشم کراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە پرسی فەرهەنگ و هونەر هەوڵی زۆری داوە، بەڵام رەنگە ئەم هەوڵدانە هێشتا کەم بێت.

ئەو هونەرمەندە کوردە، لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا چەند بەرهەمێکی خۆی لەگەڵ گرووپی میوزیک پێشکێشکرد، هەروەها بەرهەمێکی بە ژەنینی ئامێری تەموورە پێشکێشکرد.

شەهرام نازری، لە 1949 لە کرماشان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێکی هونەریدا لە دایکبووە، پێشەنگی ماڵباتەکەیان لەو بوارەدا حاجی خانی نازری بووە کە زۆربەی هونەرمەندانی کرماشانی فێری نۆتە و میوزیک کردووە.

نازری، لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا یەکەم بەرنامەی هونەریی لە رادیۆ کرماشان بەئامێری تار نەمر پێشکەشکردوو، لە 11 ساڵیدا لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چەند بەرنامەیەکی هونەری بەڕێوەبردووە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ناسراو وانەی وەرگرتووە، زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کۆنسێرتی سازکردووە.

نازری، چەندین خەڵاتی پێشکێشکراوە، لەوانە شوالیەی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە، خەڵاتی میراتی كولتووری رۆژئاوا لەلایەن رێكخراوی ئاسیا سۆسایتی كە بان كی مۆن، سكرتێری پێشووی یو ئێن خەڵاتەكەی پێبەخشی و میدالیای زێڕینی مەولانا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی توركیا و چەندین خەڵاتی دیکەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد