تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۳۰ دي ساعت ۱۱:۱۱ بازدید: 1422      نظرات: 0      کد مطلب: 2872

ڕێکخراوە سیاسییەکان یارمەتیدەری بەستێنە ئابوورییەکان!

ئەرسەلان بورنا ـ شرۆڤەکاری سیاسی


 

ئێران بەپێی پێوەرە سەردەمیی و دیمۆکراتیکەکانی نێودەوڵەتی لە ڕیزی وڵاتانی بەرەو پێشکەوتن جێگەی گرتووە کە هەڵگری خاڵی نەرێنی و کەموکووڕی بەرچاوە. دەسەڵاتی ناوەندی ئێران وەک پێکهاتەیەکی سیاسی خاوەن مێژوویەکی بنەچەدار لە ڕێوەبەرایەتی سیاسی و تەنانەت سەرچەشنێکی ئابووری تایبەت بە خۆی بووە. سەرەڕای ئەوانە، وڵاتی ئێران لە سەر ناوی دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆدێڕن لە سەردەمی مەشرووتەوە تاکوو ئێستا لە قۆناغی دەرباز بووندا ماوەتەوە. هەربۆیە، ئەم بابەتە لە ڕووی سیاسی و ئابووری زۆر خاڵی گرینگ و چارەنووسساز لەخۆ دەگرێ کە پێداویستی بە شی کردنەوە و لێکدانەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەیە. لە ڕاستیدا، لە گۆڕی پێناسە بەردەستەکان ئەم خاڵانە کاریگەری نەرێنی و ڕاستەوخۆیان لە سەر دیمۆکراتیزاسیۆن و پێشکەوتوویی ئێران داناوە.

جێی دوودڵی نییە ئێمە لە جیهانێکی نایەکسان لە دەست پێ ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و ئاسوودەیی ژیان دەکەین. ئەوە بەم واتایە دێ کە جیا لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و چەند وڵاتێکی ئاسیایی دۆخی سیاسی و ئابووریی ئەوانی دیکە ناسەقامگیر و نالەبارە. هەروەها، وڵاتانی مۆدێڕن دەوڵەمەندتر، تەندرووستتر و لە ڕووی پێوەرەکانی ژیان یا پەروەردە و ڕاهێنان لە ئاستێکی باشتر جێگەیان گرتووە. هاووڵاتییانی ئەوان لە چاو بە خەڵکانی دیکە دەستیان بە خزمەتگوزاری بەربڵاوتر و بژاردەی جۆراوجۆرتر ڕادەگات. هەروەها، بە هۆی بوونی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییە دیمۆکراتیک و وەڵامدەرەکان داهاتووی کارییان دابین کراوە کە ئەم پرسە لە لایەن دامەزراوەکانی ئێمەوە گرینگایەتییەکی ئەوتۆی پی نەدراوە.

بەشداری لە کۆمەڵگا و دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی لە سەر بنەوانی شارەزایی و لێهاتوویی نەک پارتی بازی یا خزمایەتی دەتوانێ یارمەتی بە ڕەوتێکی گونجاوی ڕێکخراوە سیاسی و ئابوورییەکان لە ئاست بە تەکووزی بزوێنەرەکان بدات. ئەم شێوەیە لە نزیکایەتی نیشانی داوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر پەیوەندییەکان هەیە و دەتوانێ وەڵامدەری داخوازییەکان ببێ. گرینگە ئاماژە بەم خاڵەش بدرێ کە کۆمەڵگا ئازاد و دیمۆکراتیکەکان بە بەردەوامی خەریکی گۆڕانکاری بنەڕەتینە. کەوایە، کاری ڕێکخراوە سیاسی و ئابوورییەکان لە گۆڕی ئەو یاسایانە دەبێ کە بەرهەمی حکوومەت و هاووڵاتییانە و لە سەر بنەمای ئەوان خۆیان بەڕێوە دەبن.

ڕەوتێکی سیاسی سالم و تەندرووست دەتوانێ هەبوون بە ڕێکخراوە ئابوورییەکان بدات و ناوەرۆکی ئەوان دیاری و دەست نیشان بکات. هاووڵاتیان لەم چوارچێوەیەدا هێز و دەسەڵات بە سیاسەتمەداران دەدەن و لە هەمبەر ئەوە لێپرسینەوەیان لە ڕێگە یاسایییەکان لەگەڵدا دەکەن و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە. ئەم گرێدراویی و پەیوەندییە تەنیا لە کۆمەڵگا دیمۆکراتیکەکان بەدی دەکرێ و جیا لەوەش، ئێمە شایەتی گەندەڵی بەربڵاو، خۆداسەپاندن، کۆ کردنەوەی سامانی زۆرتر یا گەیشتن بە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان نین.

لەم ڕوویەوە، شێوەکانی دابەش کردنی هێزی سیاسی و بەشداری لایەنەکان بۆ بەدواداچوون و وەدی هێنانی ئامانجە دیاری کراوەکان کاریگەردانێرترە. بەشداری هەر دوو ڕەگەز بە دوور لە هەڵاواردن یارمەتییەکی باش بە کۆمەڵگا دەدات کە مافە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو بە باشی دەپارێزێ. ئەگەرچی بایەخ پێدان بە توانایی و لێهاتووییە تاکەکەسییەکان لە تەواوی بوار و ئاستەکانی کۆمەڵگادا گرینگە بەڵام واباشترە بۆ کارتێکەری زۆرتر لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکان پێناسەیان بۆ بکرێ.

بەگشتی، ڕێکخراوە سیاسییە دیمۆکراتیکەکان و دامەزراو لە سەر داواکاری و داخوازییەکانی کۆمەڵگا و جڤاتە مرۆڤییەکان دەتوانێ هۆکاری سەقامگرتوویی و بەردەوامی دۆخێکی لەبار و گونجاو بۆ وڵاتان ببێ. ئەم پرسە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ڕێکخراوە ئابوورییەکان دادەنێ کە دەورگێڕانێکی هەمەلایەنەیان لە ئاست بە دەڵەمەندی یا هەژاری گەلان لە ئەستۆیە. بە کورتی، ئەوە سیاسەت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی وڵاتێکن کە دەتوانن سامانەکانی نەتەوەی خۆیان لە بەستێنە ئابوورییەکان دابین و دەستەبەر بکەن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد