تاريخ: ۱۴۰۱ پنج شنبه ۲۲ ارديبهشت ساعت ۲۲:۳۰ بازدید: 880      نظرات: 0      کد مطلب: 18785

ڕزگارکردنی ئاژەڵدارە کۆچەرییەکانی هەکاری کە بەھۆی بەفرەوە گیریان خواردبوو


بە پێی هەواڵیی هاژە، بە گێڕانەوە لەمیدیاکانی باکووری کوردستان، بەھەوڵی تیمەکانی ڕزگارکردن توانرا ئەو کۆچەرییانەی کە دەیانویست ئاژەڵەکانیان لە شرناخەوە بۆ کوێستانەکانی ھەکاری بگوازنەوە کە بەھۆی بەفرەوە لە کوێستانی فاڕاشین گیریان خورادبوو، ڕزگار بکرێن.

کۆچەرییەکان به‌ر له‌ ٢٠ ڕۆژ لە شارۆچکەی جزیرە سەر بە پارێزگای شرناخ باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا بە مەبەستی چوون بۆ ھەکاری بەڕێکەوتوون و لە نزیک گوندی یەشلیئۆز ڕووبەڕووی بەفر بارین بوونەتەوە.

دوای گەیشتنی زانیاری گیرخواردنی ھەشت کۆچەر لەگەڵ نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ سەر مەڕ بەھۆی نالەباریی کەشوھەواوە، ئیدارەی پارێزگا لە ھەکاری و تیمەکانی فریاکەوتن لەگەڵ تیمەکانی نیشتەجێی ناوچەکە بۆ ڕزگارکردنیان حەول و تەقەلایان داوە.

کۆچەرییەکان دوای ھەوڵێکی زۆر رزگار کران و مێگەلە مەڕەکانیان گەیاندرانە ئاوایی یاپراکڵیی و لە گوندی ئیشکی سەبەر ناوەندی شارۆچکەکە گیرسانەوە.

ئەحمەد بۆزکورت، تەمەن ٥٧ ساڵان، یەکێک لە کۆچبەرەکان ئاماژەی بەوەی کردووە کە لەکاتی ھاتنیان لە گوندی بۆزئاڵان سەربە جزیرە، بەھۆی نالەباریی کەشوھەواوە تووشی گرفت بوونەته‌وە.

ئەحمەد بۆزکورت باسی لەوە کرد سێ رۆژ لە شرنەخ گیریان خواردووە و گوتی: "ھاوڵاتییانی ئەوێ ھاوکارییان کردین و ڕزگارمان بوو. دوای رۆژێک لە ناوچەی گردی یەشیلئۆز بەھۆی بەفرەوە گیرمان خوارد. تیمەکانی ئیدارەی پارێزگا لە ھەکاری ھاوکارمان بوون. لە ڕێگای بۆلدزێر و کەرەسەکانی ڕێگا ماڵین ڕزگاریان کردین".

ناوبراو ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە نزیکەی ٢٤ کاتژمێر لە ناوچەیەکی سەختدا گیریان خواردووە بە جۆرێک کە بەھۆی زۆری بەفرەوە نەیانتوانیوە میگەلە مەڕەکانیان بەرەو دەشتایی و مێرگەکان بەرن، شەوگاریان زۆر بە سەختی بەسەر بردووە و داریان بۆ سووتاندن پێ نەبووە.

شایانی ئاماژەیە تەڕە ساڵی ئەم ساڵ و لێزمەی بەفر و باران لە ناوچەکە بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان ئێستاش مەترسی چوونیان لەسەرە، بەجۆرێک کە ئێستاشی لەگەڵ بێ زۆر یەک لە کێوەکان تارای سپی بەفریان پۆشیوە و خاڵ و بەڵەکیان تێنەکەوتووە و ڕەش نەبوونەتەوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد