تاريخ: ۱۴۰۰ چهارشنبه ۱۱ اسفند ساعت ۲۳:۱۵ بازدید: 1699      نظرات: 4      کد مطلب: 17773

ئەو ڕێبەرانەی میراتگری شکستە گەورەکانن کارەسات دەخووڵقێنن

نووسین‌: دوکتور خالەق جەلیل‌نژاد


پووتین نۆنەری شۆوێنیسمی مێژوویی ڕووسیە بەئەژمار دێت. ئەو شۆوێنیسمە لە هەمبەر دوو جەمسەری سیاسەتی چەپ و ڕاست هەست بە کەمی و بچووکی دەکات. لە هەمبەر مێژوو و ئارمانەکانی بڵۆکی چەپ هەست بە بچووکی دەکات بەو هۆیە کاتێک ڕێبەر و پێشەنگی ئارمانشاری کمۆنیسم بەده‌ست ڕێبەرانی پێشوویان بوو بەشێکی گەورە لە ڕیبەران ، گەڵان و ڕووناکبیرانی جیهان هیوایان لەسەر ئەو فکرە هەڵبەستبوو بەڵام لەو پەڕی سەرسوورمان‌دا تێکڕما‌. ئەو تێکشکانە بۆ ڕێبەرانی ڕووس بێ گوومان گریمانەیەکی ساکار و بێ لێکەوتە نەبوو. ئەوان پاش تێکچوونی یەکێتی سۆڤیەت وەک ڕێبەرانی شکست‌خواردووی جەمسەری کۆمۆنیسم نێوبانگیان دەرکرد. ئەو ڕێبەرانەی بڕیار بوو ئارامانشارێکی پڕ داد و یەکسانی بۆ مڕۆڤایەتی بە دیاری بێنن‌ لە مێژووی جیهان و لە نێو دەوڵەتانی جیهان وەک ڕێبەرانی مایەپووچ پێناسە دەکران. ئەو پێناسەیە وایکرد ڕێبەرانی ڕووس هەست بە خۆبەکەم زانینێکی قوورس بکەن و لە موونازعاتی پاش تەواوبوونی شەڕی سارد بەرەو پاشەکشە لە هەموو ململانێک بڕۆن و دەفکری قەرەبوو کردنەوەی ئه‌و تێکشکانە نائاسای و مێژووییە دابن.
هەر بەو ئاست و ڕێژەیە ، شۆوێنیسمی ڕووسی لە هەمبەر ڕەوتی ڕاست و لیبرالیستی هەست بە کەمی و بچووکی دەکات. بەو هۆیە لە پاش تەواو بوونی شەڕی دووهەمی جیهانی بەردەوام خۆی وەک تاکە قارەمانی ئەفسانەیی ڕووخانی سەرمایەداری پێناسەدەکرد تەنانەت ئەده‌بیاتێکی سیاسی تایبەت بەو ڕیسالەتە مێژوویە درووست کرابوو‌. لەو فەرهەنگە سیاسێ‌دا جیهان بە دوو جەمسەری شۆرشگێر و ئازادیخواز کە باوەڕمەندان بە کۆمونیسم بە ڕێبەری یەکێتی سۆڤیەت لایەنێکی بوون ، جەمسەرەکەی‌تر ، بە جیهانی دژە شۆڕش و ئیمپرالیسم  و داگیرکاری نێوزەد کرابوو کە باوەڕمەندان بە لیبرالیسم بە ڕێبەری ئەمریکا و ئۆرووپا پێشەنگایەتیان دەکرد.‌ بەڵام ، لە کۆتایەکانی دەیەی نەوەدی زایەنی لە هەمبەر جەمسەری ڕاست ، ئۆردووگای کۆمۆنیسم  تووشی دۆڕان و شکستی مێژوویی بوو. ئەو شکستە تەنیا شکستێکی نیزامی یان هەرێمی نەبوو بەڵکە ئەو شکستە خۆیی لە قەوارەیەکی فکری و ئیدئۆلۆژیکی و جیهانی‌دا دەدیتەوە کە له سەر ده‌ستی ڕێبەرانی یەکێتی سۆڤیەت ڕووی‌دابوو.
ئەو شکستە مێژووییە بوو بە گریمانەیەکی گەورە لە بیر و نەستی کەسایەتی و ئیلیتی سیاسی ڕووسیەیی پاش شکست‌. هەر بۆیە بەردەوام لە ڕێگا چارە و میکانیزمێک دەگەران مەجاڵێک بۆ دەربازبوون و قەرەبوو‌کردنەوەی "گریمانەی شکست" بدۆزنەوە. لە بێست سالی ڕابردوو ، ڕەوتێکی توندئاژۆ بە مەیل و فکری تۆتالیتاریستی لە دوو ئاستی نێو خۆیی و نێودەوڵەتی هەموو بەشەکانی هێز و دەسەڵاتی وڵاتی ڕووسیان لە دەستی خۆیی‌دا مۆنۆپۆل کرد. پێگەی سەرهەڵدان و پەیدابوونی ئەو دستە لە ئیلیتە سیاسێی ڕووس ناوەندەکانی ئەمنی ڕووسیە بوو.
ئەو ئۆلیگارشێ دەسهەڵات‌دارە لە نێو خۆی وڵات‌دا هەموو پرەنسیپەکانی دێمۆکراسیان بە ئاشکرا و بێ‌منەت لە هەموو چین و تۆژەکان خستە‌ ژێر پێیان‌. هەر چەشنە جووڵەیه‌کی دێمۆکراتیک یان هەر جووڕە خواستێکی سیاسی کە دەگەڵ فکر و ئاییدییای ئەو ئۆلیگارشێ سیاسێ -‌ئەمنییەتێ یەکی نەگرتبایەوە بە تووندترین شێوە سزای لە ناوچوونی بە نەسیب دەبوو. لە نەستی سیاسی ئەو دەستەیە‌دا ، بۆ دەربازبوون لە "گریمانەی شکست" گەڕاندنەوەی شکۆ نەک سیستمێکی‌"دێمۆکراتیک" بەڵکە گەڕانەوە بۆ "تزاریسم" بوو. لای ئەو ڕێبەرانە ، شەرعیەت و گەورەیی سیاسی تەنیا کاتێک دەتوانێ بوونی هەبێ کە ئەوان بتوانن بە کۆمەڵانی خەڵک بڵێن :" ئەی خەڵکینە ئێمە وەک سەرۆک کۆمار و سەرکردەی ئاسایی مەبینن ئێمە نەهاتووین تەنیا بۆ ماوەیک لەسەر کورسی دەسهەڵات بین ، ئێمە هاتووین شکۆی تێک‌شکێندراوی مێژووتان بۆ بگەڕێنینەوە". ئەو شێوە بیرکردنەوە لە مێژوویی کۆن و نۆیی سیاست دا یەکجار زۆرن. بۆ نموونە: پاش شکستی ئاڵمان لە شەری یەکەم و ئەو سزایانەی بەسەریان‌دا سەپاند ڕەنگدانەوەکەی لە نەستی گشتی کۆمەڵگادا چەشنێک خۆ بەکەم زانی و پەیدابوونی گریمانەی شکست بوو لەو باروو دۆخەدایە ، هیتلێر خۆیی کرد بە پاڵەوانی گەراندنەوەی شکۆیی شکاوی ئاڵمان و کارەساتی شەڕی دوهەمی جیهانی سازکرد. یان کاتێک خەڵکی لیبی لە سەرهەنگ قەزافی ڕاست‌بوونەوە قەزافی دەیکوت نازانم خەڵک دەڵێن چی !!! خۆ من سەرۆک کۆمار نیم "ئەمن ڕێبەرە گەورەکەم" بۆتان نێ دژی من بوەستن‌. یان سەدام له دوای شکستەکانی لە شەڕی ئێران و کۆوەیت بۆ قەرەبوو کردنەوەی "گریمانەی شکست " دەڵێ ئەمن نێردراوی شای ئەفسانەیی بابێلم. ئەو ڕێبەرانە میراتگری لێکەوتەی شکستە گەوەراکانن هەمووشیان بە جێگای گەڕاندنەوەی شکۆی شکاو مێژوویی وڵاتەکەیان بوون بە خوڵقێنەری کارەسات.
کاتێک مێژوویی ڕووسیە چاولێدەکەین بۆمان دەردەکەوێ ، لە کاتی "شەڕی سارد" هۆکاری سەرەکی تێشکان و دۆڕانی ئەو بڵۆکە ئارمان‌خوازێ ئیدئۆڵۆژیک لە لایەک و ململانێی نیزامی دەگەڵ ڕۆژئاوا لە ڵایەکی‌تر بوو. ئەوکات ژێرخانەکانی ئابووری و سیاسی یەکێتی سۆڤیەت بە هیچ شێوەیەک توانایی ئەوەی نەبوو ئەو ململانێ تاسەر بەرێتە پێش بەڵام ، ئاڕمانخوازی ئیدئۆلۆژیک چاوی ڕێبەرانی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەتی سەبارەت بە دەرک و فامی ڕاستەقینەی ژێرخانەکانی هێزی خۆیی کۆر کردبوو‌. ڕێبەرانی ڕۆژئاواش بە ئاگادار بوون لەو بابەتە داوێنی ئەو ململانێیان تا ئاستێک گەورە کردەوە کە یەکێتی سۆڤیەت به‌رگەیی نەگرت و لەبەریێک هەڵوەشا. هەموو ئاڕمانەکانیشی بوون بە میراتێکی ئارەزوویی و بەرهەمەکەشی ئافەتێکی ڕووحی و فکرێ بەنێوی "گریمانەی شکست" بوو‌. هەڵبەت دەبێ ئاماژە بکەیین ، هەموو ئەو وڵاتانەی خوولیای ئاڕمانشارێکی ئیدئۆلۆژیک هەڵیان‌ دەگرێ لە ئاست بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتی خۆیان تووشی هەڵەی کوشەندە دەبن‌. ڕێبەرانی ئەو جوورە سیستمانە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە ویست و داخوازێکانی کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان لە ئاست ئاڕمانەکانی ئیدئۆلۆژیکی بە هاسانی وەلادەنێن. واتا لە فکری سیاسی ڕێبەرانی ئەو جوورە سیستمانە بەرژەوەندی ئایدئۆلۆژیک لە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوەییە. ئەزموون و مێژوویی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێمان دەڵێت ئەو شێوە فکرە هەمیشە دۆڕاو و مایە پووچ لە مەیدان هاتوونەده‌ر. 
ئێستاش کاتێک خوێندنەوەیەک بۆ بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتی ڕووسیە به ڕێبەری ئیلیتەکانی میراتگری"گریمانەی شکست" بکەین هێندێک ڕاستی سەرسوورهێنەرمان بۆ ده‌ردەکەوێ. بۆ وێنە ، وڵاتی ڕووسیە لە ژێر ڕێبەری ئەو ئۆلیگارشێ سیاسێ‌دا ، ئابوورێکی تەواو لاوازی هەیە وەکی بەراوەردیان کردووە ، کۆیی گشتی سەروەت و سامانی ئابووری ئەو وڵاتە ڕەنگە کەمتر لە هێندێک هەرێمی وەک تێگزاس و کالیفۆرنیا بێ‌. هەموو ئەو ئاڕمانخوازێی کە ئەو تاقمە بانگەشەیان بۆ دەکرد بۆ گەڕاندنەوەی شکۆیی مێژوویی ڕووسیە ئێستا جگە لە خەونێکی بەتاڵ شتێکی دیکە نێ. تەنیا ڕێگای هەتڵەکردن و چەواشەکردنی بیر و ڕای گشتی کۆمەڵگا لە لایەک و خۆشاردنەوە لە وەستۆگرتنی بەرپرسیارەتی وەدینەهاتنی ئەو ئاڕمان و ئامانجانەی کە بڕیار بوو گەیشتن بە شکۆی لە دەست چووی ڕووسیە دستەبەری بکەن وەگەر خستنی"‌شەرە‌". مێژوو پێمان دەڵێ بۆ ڕێبەرانی شۆوێنیست شەر تەنیا مەیدانێکە دەتوانن شکستەکانی خۆیانی تێدا بشارنەوە. شەر دەتوانی هێزێک بەنێوی"سیاسەتی سۆز" بەرهەم بێنێ و لە ژێر سێبەر و هەیمەنی ئەو دۆخە پۆپۆلیستێ بۆ ماوەیەک ڕاستەقینەی کێشەکان ڵە خەڵک هەتڵە و چەواشە بکا.  
بەڵام جێی پرسیارە "چۆنە ڕۆژئاوا لە سەروویی هەمووان ئامریکا و وڵاتانی یەکێتی ئۆرووپا هیچ کردەیەکی توندی نیزامیان بەرامبەر بە ڕووسیە لە خۆیان نیشان نەدا‌؟ "
بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە چەند بابەتی گرینگ لە دوورەدیمەنی ستراتژی ئەو وڵاتانە هەیە پێویستە سرنجیان بدەینێ کە بریتین لە:
١- ڕووسەکان بەو هێرشە جارێکی دیکە لە بیر و مێشکی وڵاتانی یەکێتی ئۆرووپا ، پێگەی ئامریکایان بۆ پاراستنی نەزم نیزامی نێونەتەویی وەک هێزێکی پێویست و سەرەکێ‌ نۆژەن‌کردەوە. ئەو بابەتە بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا بایەخی گەوڕەیی هەیە دەتوانێ مەجاله‌کانی هێژمۆنی نۆیی لەسەر دامەزرێنێ.. 
٢-پاش ئەو شەرە ئەمریکا دەتوانی بەر لەوەی ڕووسیە مەترسێکی گەورە بۆ بەرژەوەندێکانی لە ئاستی جیهانی‌ درووست‌بکا بەهاسانی کۆدەنگی نێودەوڵەتی بەرانبەری سازکا. بەو شێوەیە لە ڕوویی سیاسی و ئابووری جارێکی دیکە ڕووسیە تووشی قووڵترین قەیرانی سەردەم بکاتەوە‌. 
٣-ڕووسیەی لە ڕوویی ئابووری و ئێعتباری سیاسی لە سەر ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی تووشی قەیرانی گەورە دەبێت و بەرە بەرە ناچار دەبێ لەو شوێنانەی لە چەند سالی ڕابردوو تێاندا جێگر ببوو وەک "ڕۆژهەڵاتی ناوەراست" بەهاسانی پاشەکشە بکات. دیاره ، ئیزۆلە و پاشەکشە کردنی ڕووسەکان نەک بۆ ئامریکا و یەکێتی ئۆرووپا جێگایی پەسەندە بگرە بۆ وڵاتانی وەک هێندیا و چینیش کە بەڕواڵەت بێلایەنن دەسکەوتێکی ستراتژیکی هەیە.
٤-لە هەمووی ئەوانەش گرینگ‌تر ئەوەیە ڕووسیە بە هێرشکردنە سەر ئۆکرایین دەرفەتێکی زێرینی ئیستراتژیکی بە ئەمریکا بەخشی تا جارێکی دیکە بتوانێ چوارچێوەیەکی هێژمۆنیک لە ئاستی نێودەوڵەتی ڕێک‌‌بخات واتا دەتوانین بڵێین ئەمریکا دەرفەتێکی نۆێی بەهاسانی بۆ ساز بوو تا بتوانێ جەمسەربەندێکی نۆیی نێودەوڵەتی لە ئاستی جیهانی‌دا درووست بکات تا ئەو ئانارشیسمەی پاش کۆتایی شەری سارد درووست ببوو لانیکەم بۆ ماوەیەک پڕیبکاتەوە.
کۆیی ئەو خاڵانە بەرهەم و ئاکامی ویستی ئارمانخوازانەی شۆوێنیسمی ڕووسیەن کە ئامریکا و ڕۆژئاوا لێی بەهرەمەند دەبن. واتا ڕێبەرانی ئێستای ڕووسیە کەوتونەتە باروو دۆخێک کە خەریکن دیسان وەک ڕابردوو بە هەڵەکانی خۆیان دەدۆڕێنن. ڕۆژئاوایەکان ، خەریکن بەپێی ئەو پرنسپە هەنگاو هەڵدەگرن کە دڵێت" کاتێک دەبینی دووشمنەکەت خەریکە هەڵە دەکا دەستی مەگرە تا زیاتر لە هەڵەکانی‌دا نووقم بێ.
بەو پێیە ، دەکرێ بڵەیین ، بیر و نەستی ڕێبەرانی گرفتار بە گریمانەی شکست جارێکی دیکە بە شێوەی تراژیک مرۆڤایەتی بەرەو کارەسات دەبا‌. ڕەنگە لە داهاتوو‌دا بتوانین لەسەر ئەو ڕستەیە کە دەڵێ‌: ئەو ڕێبه‌رانەی میراتگری شکستە گەورەکانن کارەسات دەخوولقێنن وەک پرەنسیپیکی سیاسی قسەی لەسه‌ر بکرێ.
لە کۆتایی‌دا دەکرێ وەک ئاکام و لێکەوتەی ئەو شەرە بۆ داهاتوو‌ ئاماژە بە چەند بابەت بکەیین :
١-وڵاتی ڕووسیە لە ڕوویی ئابووری و نیزامی لە دوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی‌ تووشی لاوازی و قەیرای بەرفراوان دەبێ.
٢-بەهێزکردنەوەی ناتۆ وەک بەشێک لە ستراتژی ئەمنی نۆ لە ئاستی نێودەوڵەتی.
٣-‌ڕووخانی شەرعییەتی کۆمەڵاتی شۆێنیسمی ڕووسی و سەرهەڵدانی چینێکی سیاسی نۆ بە بیر و هزرێکی نه‌رمتر بەرامبەر بە دێمۆکراسی‌. 
٤-درووست بوونی یەکێتی و هابەشی ئابووری و سیاسی زیاتر لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی ئۆڕووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی پێش‌رەوێکانی وڵاتی چین‌.
٥-ئەگەر جاران لە شەڕەکان‌دا زۆرتر هێندێک فاکتۆری وەک : توانایی ڵۆجێستیک و چەک و چۆڵی نیزامی ، ڕێژەی هێزی نیزامی ئەرتەشەکان ، چەندایەتی و چۆنایەتی پێگەی ژێئۆپۆلۆتیکی وڵات ، پێگەی کۆمەڵایەتی ڕێبەران و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوخۆیی وڵات ، ئاستی هێز و توانایی پشتیوان و هاوپەیمانانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گرینگی ستراتژیکیان بۆ سەرکەوت یان بەرەنگاری هەبوو ئێستا لە پەنا ئەوانە عامیلێکی نۆیی دیکەیش پەیدا بوە کە لە یەکلاکردنەوەی مەیدانی شەڕ نەک هەر لە کاتی  پێکدادان گرینگە بگرە بۆ پاش تەواو بوونی شەڕیش دەتوانێ دڕێژەی هەبێ ئەویش کزکردن و پێش‌گرتنی پەیوەندێ ئابوورێکانە لە چوارچێوی ناوەندێکی ئابووری جیهانی کە بە" سووئیڤت" بەنێوبانگە. سووئیڤت لە سالی ١٩٧٣ لە وڵاتی بێلژیک دەستی بەکار کردوە کە تا ئێستا یازدە هەزار بنکە و ناوەندی ماڵی لە هەموو ولاتانی جیهان تێدا ئەندامن‌. کاتێک وڵاتێک لە سۆنگەی ئەو ناوەندەوە  تەحریم بکرێ پەییوەندێ ماڵێکانی دەگەڵ شبەکەی ئابووری جیهان تووشی پچڕان و ڕاوەستان دەبێ‌. کارناسان بەو کارەدەڵێن "شەری بێ تەقە "(جنگ بدون شلیک). ئەو فاکتۆە گووشارێکی گەورەی ئابووری لە ئاستی نێوخۆیی درووست‌دەکا. لە هەمان کات دا لە ئاستی نێودەوڵەتیش ، وڵاتی تەحریم‌کراو تووشی گۆشەگیری و بێ‌متمانەیی بەرفراوان دەکا. پێش‌بینی دەکرێ لە داهاتوودا هێزی ئەو ناوەندە نۆیە لە یەک لاکردنەوەی شەڕەکان یان پێش‌گرتنی لە شەڕەکان زیاتر بێت.
٦-ئۆکراین پاش ئەو هێرشە پرۆسەی نەتەوەسازی لەسەر ئەساس و بنەمایی بەشداری دێمۆکراتیک هەموو چین و تۆژەکانی نێۆ کۆمەڵگای خۆیی زیاتر جێبەجێ دەکات. واتا ئەگەر ئیلیتە سیاسی و فکرێکانی ئۆکراینیا وردبین بن لە ڕوویی مێژوویی ئەو هێرشە بیر و زەیینی گشتی کۆمەڵگای بۆ یەکێتی دێمۆکراتیک خۆش‌کردوە. 
٧-لاواز بوونی ڕووسیە لە ڕوویی ئابووری ، نیزامی و دابەزینی پێگەی کۆمەڵاتی ئیلیتی سیاسی خاوەن دەسهەلات ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باندۆری لە سەر پرس و مۆنازعاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێ. هێندێک هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە لاواز بوونی ڕووسیە توانست و هێزیان دادەبەزێت ئەوەش فۆرماسیونی و باڵانسی هێزەکانی حازر له مەیدانی کیشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین تووشی ئاڵووگۆری دەکات.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
0
پاسخ به این اظهارنظر

ابوبکرشم ۱۴۰۰/۱۲/۱۳
ئەگەر ڕوسیا لە ئۆکرانیا شکا
بـ ٢٠٢٢/٣/٤
دوو ڕێکخراو یان دوو پەیمانی سەربازی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە دروستبوو، یەکێکیان پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بوو و، ئەوی تریان پەیمانی وارشۆ بوو. پەیمانی ناتۆ لە نیسانی ساڵی ١٩٤٩ دروستبوو. پەیمانی وارشۆ لە مایسی ساڵی ١٩٥٥ دروستبوو. پەیمانی ناتۆ بلۆکی ڕۆژاوا بوو و بەسەرۆکایەتی ئەمریکا بوو، پەیمانی وارشۆ بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو و بەسەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەت بوو و، هەردووکیان دوو جەمسەرەکەی جەنگی سارد بوون.
لەساڵی ١٩٥٤ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پێشنیازی کرد کە ببێتە ئەندام لە پەیمانی ناتۆدا بۆ ئەوەی بە هەموویان ئاشتی ئەوروپا بپارێزن، بەڵام وڵاتانی ناتۆ ئەو پێشنیازەیان ڕەت کردەوە، چونکە پێیانوابوو کە یەکێتی سۆڤیەت دەیەوێت پەیمانی ناتۆ لاواز بکات. ئیتر لەو کاتەوە (Tom and Jerry) دەستی پێکرد و، هەردوو بلؤک کەوتنە ململانێی یەکتر.
لە ١٧/کانوونی یەکەمی ١٩٥٤دا پەیمانی ناتۆ بەڵگەنامەیەکی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی بیروهزری ئەتۆم و، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ چەکی ئەتۆم بەرانبەر یەکێتی سۆڤیەت بەکاربهێنرێت، ئیتر یەکێتی سۆڤیەت دەیەوێت یان نایەوێت.
لەسەرەتاوە ١٢ دەوڵەت پەیمانی ناتۆیان دروستکرد، ئەوانیش بریتی بوون لە: ئەمریکا و بەریتانیا و بەلچیک و کەندا و دانیمارک و فەرەنسا و ئایسلەندا و ئیتالیا و لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا و نەرویج و پورتوگال.
لەدوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەتەوە پەیمانی ناتۆ دەستیکرد بە فراوانبوون لە ئەوروپای رۆژهەڵاتدا و ئێستا ژمارەی وڵاتانی ئەندام تیایدا گەیشتووەتە ٣٠ دەوڵەت، لە کاتێکدا پەیمانی وارشۆ توایەوە و، زۆربەی دەوڵەتانی ئەندام تیایدا بوونە ئەندام لە پەیمانی ناتۆدا.
لەم ساڵانەی دواییدا سێ دەوڵەت داوایان کردوە کە ببنە ئەندام لە پەیمانی ناتۆدا. ئەوانیش بۆسنە و هەرسەک و، جۆرجیا و، ئۆکرانیا بوون.
لەوە ناچیت بوونە ئەندامی بۆسنە و هەرسک هێندەی ئۆکرانیا کارتێکردنی لەسەر ڕوسیا هەبێت. خۆ ئەگەر دوای ئۆکرانیا فەرموو لە جۆرجیاش بکرێت بۆ ناو پەیمانی ناتۆ، ئەوا ڕوسیا بەتەواوی گەرمارۆ دەدرێت و، سنووری پەیمانی ناتۆ و ئەوروپا دەلکێت بە سنووری ڕوسیاوە و،
وەک هەندێک دەڵێن هەمووی ٤٠٠ کیلۆمەتر دەمێنێت بۆ مۆسکۆ.
بەو شەڕەی ئێستای لە ئۆکرانیادا، ڕوسیا دەیەوێت پشتێنەیەک لە خاکێکی بێ چەکی هێرشبەر لەنێوان خۆی و ئەوروپادا دروست بکات، کە ئەویش خاکی ئۆکرانیایە.
لەبەرئەوە شەڕی ئۆکرانیا بۆ ڕوسیا و ناتۆ شەڕی مان و نەمانە. ئەگەر ڕوسیا لەو شەڕەدا بشکێت، ئیتر یەکێتی ڕوسیاش هەڵدەوەشێتەوە و، دوورنییە مۆسکۆ نەگەڕێتەوە ساڵانی ٩٠٠ی زایینی کە ئیمارەتێک بوو.
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سیروان مجیدی ۱۴۰۰/۱۲/۱۲
بژی جوان و جیاواز بوو. هاژە گیان ، لەو فکرە زیاتر کەڵک وەرگرە
جەلیل‌نژاد ۱۴۰۰/۱۲/۱۴
کاک ئەبووبەکر گیان دەستت خۆش بێ.سپاس بۆ باس‌کردنی ئەو پێشینەیە کە سەبارەت بە ناتۆ باست کردوە. دڵنیام بۆ خوێنەران بەسوود دەبێ. دیسان سپاس و ڕێزم بۆت هەیە. "جەلیل‌نژاد"
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

زانکو احمدی ۱۴۰۰/۱۲/۱۲
دستت درد نکنە ، مثل همیشە متفاوت بود
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

هیوا ۱۴۰۰/۱۲/۱۲
بژی بۆ نووسینت ، شڕۆڤەیەکی جیاواز و جوان بوو

نظر خود را براي ما ارسال كنيد