بە پێی هەواڵی هاژە، دانیشتنی مانگانەی "ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد" ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان بە لێکدانەوە و شرۆڤەی یەکێک لە بەرهەمەکانی سلینجر لە ئێدارەی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی مەهاباد بەڕێوە چوو.
ئەم دانیشتنە لەسەر شیکاری کتێبی "ناتور دشت" نووسراوەی "جی.دی.سلینجر" نووسەری هاوچەرخی ئامریکایی لە وەرگێڕانی "ئەحمەد کەریمی" ئەنجام دراوە.
لەسەرەتا دا کۆڕەکە بە بەڕێوەبەرایەتی "چرۆ پەرویزنیا" وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، پانێلی کاری ئەنجومەن لەمەڕ شیکاری ئەم بەرهەمە ڕاگەیەندرا.
لەدرێژەی کۆڕەکەدا هەر یەکە لە "فەرەح پیران" و "وەنەوشە چۆگانی" بە لێدوانێک لە سەر شوێندانەری کۆمەڵگا لەسەر گەنج و لاوەکان و کێشەی دەروونی هۆڵدێن و ئەو دەرد و ئازارانە کە بۆ تێپەربوونی لە تافی مێر مناڵی و چوونە نێو دنیای گەورەکان ڕوانگەکان ئاڵوگۆڕ کران.
هەر وەها لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە "گەلاوێژ بەیگ نیا" لە خوێندنەوەی خۆیدا بە ڕوانگەیەکی دەروونناسانە و هەستی شناسانە ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر شی کردەوە.
لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا "عێشرەت موشفێق" ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بە ڕەخنەیەکی تۆند و تیژ لە کۆمەڵگای مودێڕنی ڕۆژئاوایی یا کردنەوەی دەلاقەیەکە بە ڕووی دنیای تەنیایی لاوێکی لاسار و سەرکەش لێکدایەوە و باسەکەی خۆی ئاراستەی بەشداربووان کرد.
شایانی ئاماژەیە کە ئەم دانیشتنە لە ژووری ئەدەبی دیالۆگ لە دنیای مەجازیشدا هەر بەردەوام بووە کە "تروسکە بەرخانە"، "شازاد ڕیحانی"، "هاجەر هووشیار"، "مەلی قادری"، "لەیلا عەباسی تاهیر"، "سنەوبەر فەتاحی" و "چرۆ پەرویزنیا" تەوەر و ناوەرۆکی شیکردنەوەی ئەم ڕۆمانەیان دەوڵەمەندتر کرد.
بۆ دانیشتنی مانگی داهاتوو، "ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگ" بڕیاری داوە کە لەسەر کتێبی (سێ هەنگاو و سێدارەیەک لە جان دۆست) بیر و بۆچوونی ئەدیبان و هەستیاران وەربگرێت.