تاريخ: ۱۴۰۰ يکشنبه ۳ بهمن ساعت ۲۲:۸ بازدید: 1318      نظرات: 0      کد مطلب: 17492

چاوێک لە ڕۆچنەی ژیانی هونەری مامۆستای مۆسیقای کوردی محەممەد ماملێ


مامۆستا محەممەد ماملێ، هونەرمەندی ئاواز و گۆرانی کوردی  کوڕی میرزا سەعید ماملێ (مام عەلی) ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەند و نیشتمان‌پەروەر، لە گەڕەکی "خڕێ"ی مەھاباد لەدایك ‌بووە.

ماملێ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەهلەوی و سەعادەت لەمەهاباد تەواو کردووە.

هونەرمەند ماملێ، نازناوی "ماملێ"ی لە باپیرییەوە بۆ گەڕاوەتەوە، وەک خۆی دەڵێ: "باوکی نەخوێندەوار بووە و کاتێک کە سەرژمێری گشتی بۆ ناونووسی هاتووە، لێی پرسیوە ناوی خۆت و باوکت چییە؟ ئەویش وتوویەتی سەعید مام‌عەلی. ئەوانیش نووسیویانە (سەعید ماملێ) لەبەر ئەوە کە فارس پیتی (ع) لە قسەکەدن دا بەکار ناهێنن، ئیتر لەوە بەملاوە  پێیان کوتووە ماملێ".

میرزا سەعید ھەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە ھۆی ھونەری دەنگ‌خۆشی و مەقام‌زانی و شێعرخوێنی (بەتایبەت شێعرەکانی وەفایی) لە کۆڕەکانی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێز و حورمەتێکی زۆری لێ گیراوە و لە گەڕەک و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.

ھەر‌چەند بنەماڵەی ماملێ بە تێکڕایی ھونەرمەند و دەنگ‌خۆش و گۆرانیبێژن، بەڵام محەممەد ماملێ ھونەرمەندێکی دەگمەن و ھەڵکەوتە بوو کە لە دوای میرزا سەعیدی بابی و ھەروەھا میرزا حسێنی برای کە دە ساڵێک لە خۆی گەورەتر بووە، توانی وەک بەرپرس و نوێنەری ھونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، مەقام و گۆرانی کوردی بەرەو پێش بەرێت.

مامۆستا محەممەد ماملێ لەماوەی ژیانیدا سێ جار ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە کە بەرهەمی ئەمانە نۆ منداڵ بووە کە تاقمێک لەوان وەک مامۆستا ماملێ دەنگ خۆشن و گۆرانییەکانی ماملێ یان بەرهەمی خۆیان بڵاو دەکەنەوە.

مامۆستا محەممەد ماملێ لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی هەوەڵین گۆرانی خۆی تۆمار دەکات و تا ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی بە ماوەی ٥٤ ساڵ کاری هونەری زیاتر لە ٣٠٠ گۆرانی پێشکەش بە دنیای هونەر و گۆرانی کوردی کردووە.

هونەرمەند ماملێ لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات و لە شارەکانی قەڵادزێ و سلێمانی چەند ئاهەنگێک دەگێڕێت.

ماملێ لە گۆرانییەکانیدا کەڵکی لە شێعری شاعیرانی کورد وەک مامۆستایان "وەفایی"، "هێمن"، "هەژار"، "هاشمی نانەوازادەگان" و... وەرگرتووە.

تا ئێستا دوو کتێب لەسەر کۆی گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ بە نێوی "یادی بەخێر" لە کۆکردنەوەی هیوا قارەمانی لە ساڵی ١٣٩٠ و "بازی بێریان" لە ساڵی ١٣٩٤ چاپ و بڵاو کراونەوە.

محەممەد ماملێ لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشی ئاڵزایمێر لە شاری مەهاباد لەناو ئاپۆرەی ئەویندارانی مۆسیقی کوردی دا کۆچی دوایی دەکات و لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی لە خانەقای شەمزینان دا لەسەر شانی خەڵک بەرەو گۆڕستانی شاعیران دەبردرێت و لەوێ تەسلیم بە خاک دەکرێت.

شایانی باسە خەڵاتی ماملێ کە لەلایان مەڵبەندی هونەری ماملێ سەرپەرەشتی دەکرێت، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١٣ ساڵە وەک پێزانینێک لەچالاکی هونەروەران و هونەرمەندای کوردستان کە ماندوونەناسانە لە خزمەت کردنی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە، پێیان دەدرێت.

تا ئێستا مامۆستایان قالەمەڕە، ئەندریاس خەمۆ، عەبباس کەمەندی، عەزیز شاروخ، ناسر ڕەزازی، زۆزان، تیپی مۆسیقای سلێمانی، مەزهەر خالەقی، خەلیل خەمگین، حسێن سەفامەنش، محەممەدڕەزا دارابی، دڵشاد سەعید و کاوە فەقێ‌زادە خەڵاتی ماملێان لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢٢ پێ بەخشراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد