تاريخ: ۱۴۰۰ جمعه ۱ بهمن ساعت ۱۵:۵۹ بازدید: 1310      نظرات: 0      کد مطلب: 17471

خوێندنەوەیەک لەسەر ژیانی شاعیری کورد شێخ ڕەزا تاڵەبانی


ڕەزای کوڕی‌ شێخ عەبدولڕەحمانی‌ تاڵەبانی ناسراو بە "شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی"  سـاڵی‌ ١٨٣١ی زایینی لە گوندی‌ قرخی‌ نزیک چەمچەماڵ لەدایک بووە، بابی نێوی شێخ عەبدولڕەحمان و دایکی نێوی سافیە بووە. لە تەمەنی‌ حەوت ساڵیدا لای‌ شێخی‌ باوکی‌ دەستی‌ بە خوێندن کردووە و لەپاشان لە لای مەلا محەممەدی بڵاغ و حاجی مەلا سەعید زانیاری نەحو و سەرف و مەنتیق و بەدیع و بەیان و فێقهی خوێندووە. لەپاشان بۆ تەواو کردنی ئەو زانیارییانە دەچێتە شاری کۆیە و لە لای مەلا ئەسعەدی جەلیزادە دەگیرسێتەوە.

شێخ ڕەزا لەتەمەنی‌ بیست و پێنج ساڵی‌یەوە خۆی‌ بە خوێندنی‌ ئەدەبیاتی‌ عەرەبی و فارسی و تورکی خەریک کردووە ، ساڵی‌ ١٨٦٠ چووە بۆ ئەستەمبوڵ و ماوەی‌ دوو ساڵ لەوێ‌ ئەبێ‌ و پاشان بۆ کەرکوک دەگەڕێتەوە. دوای‌ مردنی‌ بابی‌ دەچێت بۆ کۆیە و لای‌ شێخ غەفوری‌ مامی‌ زیاتر لەشەش مانگ دەمێنێتەوە و بەتەمای‌ کچەکەی‌ دەبێت بەڵام مامی‌ ڕازی‌ نابێت‌ و ئەویش بەرەو کەرکوک دەگەڕێتەوە، ساڵی‌ ١٨٦٦دا بۆ جاری‌ دووەم دەچێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، لەڕێگەی‌ میسرەوە بۆ حەج دەچێت. ساڵی‌ ١٨٨٤ دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و زۆر جار ھات و چۆی‌ وەسمان پاشا و مەحمود پاشای‌ جاف و پیاوە گەورەکانی‌ ئەو ناوچەیەی‌ کردووە. ساڵی‌ ١٨٩٨ دەچێتە‌ بەغدا و لە تەکیەی‌ تاڵەبانی‌ هەتا کۆتایی ژیانی لەوێ ماوەتەوە.

تاڵەبانی جگە لە زمانی کوردی، شارەزاییەکی زۆری لەسەر زمانی تورکی و فارسی و عەڕەبیدا پەیدا کردووە و بەم چوار زمانە شێعری نووسیوە. زانای بلیمەت "مەحموود شوکری ئالوسی" لەسەر شێعرەکانی شێخ ڕەزا دەڵێت: "شێعرەکانی شێخ ڕەزا زۆربەیان بە زوبانی غەیری عەرەبیی، هەندێکی بە تورکی و هەندێکی بە فارسی و بە کوردین. ئەو بە گوێرەی ڕەواجی ئەو زوبانەی لەو شارەدا شێعر دەڵێت. شێعرە عەرەبییەکانیشی بێ‌گەردن و هیچ لەنگ نین، بەڵکوو بە هەموو ئەو زوبانانە شاعیرە. ئەمە خاوەنی ئەدەب و فەساحەت و بەیان دەیسەلمێنن".

شێعرەکانی شێخ ڕەزا تاڵەبانی لەبواری ناوەرۆکەوە بە چەند بەشی کۆمەڵایەتی، نیشتمان‌پەروەری، دڵداری و هەجوو دابەش دەبن.

لە ئەدەبیاتی هەر گەلێکدا هەجو جێی خۆی هەیە، ئەدەبی کوردیش بە دوو بەشی زارەکی و نووسراوەوە لەم بەشەدا هەمبانەکەی پڕە. یەکێک لەم کەسانەی کە زۆربەی‌ شیعرەکانی‌ لە بابەتی‌ ھەجووکردن بووە، شێخ رەزای‌ تاڵەبانییە کە جێ پەنجەی لەم بوارەدا دیارە.‌

شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە ڕۆژی هەینی ١٠ی موحەڕەمی ١٣٢٨ی کۆچی بەرامبەر لەگەڵ ٢١ی ژانویەی ١٩١٠ی زایینی لە شاری بەغدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی "شێخ عەبدولقادری گەیلانی" ئەسپاردەی خاک دەکرێت.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد