ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کەسێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیار دەکەن.
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ تا ئێوارە کەسێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلا دەکرێتەوە و کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە دیار دەکرێت، دەسەڵات دراوە بە شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی کە ئێستا لە بەغدان".
دەربارەی دیارکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سوننەکانەوە ئاماژەی بەوەدا: "پێدەچێت سوننەکان کەسێکیان دیارکردبێت، بەڵام رەنگە پێیان باشبێت لەکاتی خۆی رایبگەیەنن".
سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتەبێژی پارتی گوتی: "لە کۆبوونەوەی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی پارتی باسیان لە پۆستەکان و بەشداری کردنمان لە حکومەتی داهاتوو عێراق کردووە، بۆ بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار هێشتا کات ماوە و گفتوگۆی لەسەر دەکەین، چونکە ئەگەر سبەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دیار بکرێت، هێشتا کات بۆ دیارکردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دەمێنێت".
ئەو گوتانەی وتەبێژی پارتی دوای کۆبوونەوەی شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بوو لەگەڵ محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر، کە ئەمڕۆ بە یاوەری شاندێک گەیشتنە هەولێر.
سهرچاوه: کوردستان 24