تاريخ: ۱۴۰۰ جمعه ۱۰ دي ساعت ۲۱:۵۳ بازدید: 1322      نظرات: 0      کد مطلب: 17294

ناسینی "بەختیار زێوەر" لە دەلاقەی ژیاننامەوە


"بەختیار زێوەر" شاعیرێكی دیاری كوردستانە‌ و لەچەند لەقێکی ئەدەبی وەک شێعر، چیرۆک و وەرگێڕان خزمەتی كردووە. بەڵام ناوبراو زیاتر وەک شاعیر ناسراوە‌ و پشكی شێری بەرهەمەكانی شێعرن کە لەدیوانێک‌دا کۆ کراونەتەوە.
 
 
"فایەق كوڕی عەبدوڵڵا زێوەر" بە "بەختیار زێوەر" ناسراوە. لەساڵی ١٩٠٨ی زایینی لەشاری سلێمانی لەدایک بووە. سەرەتا چۆتە حوجرە‌ی فەقێقیان و وانە ئاینییەكانی خوێندووە. دواتر چۆتە قوتابخانەی ئاسایی و قۆناغی سەرەتایی تەواو كردووە‌، پاشان لە قوتابخانەی شەوانەدا قۆناغی ناوەندی خوێندووە.
"بەختیار زێوەر" خولێكی برینپێچی بەیتاڵی لەبەغدا دیوە‌ و بەهۆی ئەوەوە وەک فەرمانبەر دامەزراوە‌ و لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان خزمەتی كردووە.
"بەختیار زێوەر"، بەهۆی ئەوەی كوڕی "زێوەر"ی شاعیر بووە‌ و لە بنەماڵەیەکی ڕووناكبیردا پەروەردە بووە، هەر زوو لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای دنیای ئەدەب و نووسین بووە‌ و لەتەمەنی حەڤدە ساڵییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر كردووە‌ و خاوەنی چەندین شێعری بەرز‌ و جوانە‌ و چەندین سروودی نیشتمانی لەپاش خۆی بەجێ هێشتووە. هەموو ئەم شێعرانە لەدوو توێی دیوانەكەیدا چاپ كراون كە "مەحمود زێوەر" كۆی كردۆتەوە‌ و دوکتور عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ پێشەكی بۆ نووسیوە‌ و له ساڵی ١٩٨٩دا لە چاپخانەی زەمانی بەغدا چاپ كراوە. هەر ئەم دیوانە ساڵی ٢٠٠٣ ِبۆ جاری دووهەم لەلایەن "دەزگای ئاراس"ەوە چاپ كراوەتەوە.
 
 
بێجگە لەشێعر، "بەختیار زێوەر" بایەخی بە نووسینی چیرۆک داوە‌ و ساڵی ١٩۴۵ چیرۆكی "شەوێک لەسەر لوتكەی ئەڤەرەست"ی نووسیوە‌ و هەمان ساڵ بە پێنج بەش لەگۆڤاری "دەنگی گێتیی تازە"دا بڵاوی كردۆتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە "زێوەر" سەرنج و بایەخی بۆ وەرگێڕان داناوە و لەگەڵ "شێرکۆ بێكەس"ی شاعیردا پێكەوە وتارێكی جەماڵەددینی ئەفغانیان بە ناونیشانی "شەرەف" بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە‌ و لەگۆڤاری گەلاوێژدا بڵاویان كردۆتەوە.
"بەختیار زێوەر" كەسایەتییەكی گەورەی كەلتوورییە‌ و خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە گەلەكەی كردووە، بەڵام زۆر بایەخی پێنەدراوە‌ و وەک پێویست تیشک نەخراوەتە سەر ژیان‌ و بەرهەمەكانی و لێکدانەوەیان بۆ نەکراوە.
ئەم شاعیر و ڕووناكبیرەی كوردستان لە ۳۱ی دێسامبەری ١٩۵٢ی زایینی بەهۆی نەخۆشییەوە لەتەمەنی ۴۴ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌ووە و لەگۆڕستانی "گردی جۆگە"ی سلێمانی بە تەنیشت گۆڕی بابی‌یەوە نێژراوە. بەھۆی تێکدانی گۆڕستانی "گردی جۆگە" لە ساڵی ٢٠٠٨دا تەرمی ناوبراو و باوکی ڕاگوێزراون و لە گۆڕستانی "ئابڵاخ" بەخاک ئەسپێردرانەوە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد