تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۷ دي ساعت ۱۳:۳۲ | بازدید: 1728 نظرات: 2 کد مطلب: 17262 |
پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا رێککەوتنێکی 14 خاڵیان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان واژۆکرد.
شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبووون لە پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ئێران و بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران و بەرپرسی پەیوەندییەکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە و رێککەوتنێکی 14 خاڵی لەنێوان هەولێر و ورمێ واژۆ کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، دانیشتنی هاوبەشی نێوان پارێزگارەکانى پارێزگاى هەولێر و پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژئاواى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ناوەندى پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژئاوا لە 2021/12/26 بە سەرۆکایەتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و محەمەد سادق معتمدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى رۆژئاوا ئەنجامدرا. هەردوولا لە دواى دوپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکانى رابردوو و بەردەوامى پەرەپێدانى پەیوەندییە دوولایەنەکان، لە دواى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بیروڕاى پسپۆرى بەمەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە رێککەوتن:
1-هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئاسانکارى بۆ فراوانکردنى جوڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانى کۆمپانیاى هاوبەشى گواستنەوە کە ڕێکارەکانى لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەش لەفەرمانگە پەیوەندارەکانى هەردوو پارێزگاکە بە زووترین کات دیراسە بکرێت.
هەروەها هەردوولا ڕەزامەند بوون تاکو پێکهێنانى کۆمپانیای هاوبەشى گواستنەوە، بەشێوەى تاقیکردنەوە بۆ ماوەى 3 مانگ سەرەڕای ئەو ڕێکارانەى کە پێشتر لەهەردوو سنوورى تەمەرچین-حاجى ئۆمەران گیراوەتەبەر، ڕۆژانە 10 بارهەڵگرى ئێرانى کە کاڵاکانیان ماوەى بەسەرچوونیان خێرایە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان، هەروەها 10 بارهەڵگرى هەرێمى کوردستان کاڵای هەناردەى هەرێمى کوردستان بەشێوەى ڕاستەوخۆ بگوازێتەوە بۆناو شارەکانى ئێران و لەدواى 3 مانگ دووبارە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى هەردوولا دیراسە بکرێت.
2- هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕى لە پێناو فراوانکردنى بوارى گەشتیارى و هاوکاریەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوە پێشانگاى بازرگانى، پسپۆرى، ئاڵۆگۆڕى بوارەکانى ڕۆشنبیرى، کەللتورى، گەشتیارى و وەرزشى.
3-هەردوولا هاوڕابوون بە دامەزراندنى ناوچەى پیشەسازیی هاوبەش لەناوچە سنووریەکانى پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا لەدواى دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو وڵات.
4-بڕیاردرا کە کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتى فرۆکەخانەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا ڕێکبخرێت بە مەبەستى کاراکردنەوەى گەشتى ئاسمانى لە نێوان شارەکانى هەولێر و ئورمیە.
5- هەردوولا بەڵێنیاندا بەپێدانى زانیارى پێویست لەسەر ڕێنماییەکانى کوالێتى کۆنتڕۆڵ بەیەکترى.
6- پشتبەستن بە ئەزموونەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەپەرەپێدان لەبوارى پیشەسازى بچووک و مامناوەند، لایەنى ئێرانى ئامادەی خۆیان دەربڕى بەدەستپێکردن و دانانى کارگەکانى پیشەسازى گۆڕینى خۆراک، لەقوتوونان، شەربەتى میوە، بەرهەمە شیرەمەنیەکان لەڕێگاى بەشداریکردنى کەرتى تایبەت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەپێى پێداویستیەکانى هەرێم لەم بوارانەوە.
7- بڕیاردرا کۆبوونەوەکانى دوولایەنە بەشێوەى مانگانە لەنێوان بەرپرسانى دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین ئەنجامبدرێت بەمەبەستى دیراسە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، لەپێناو زیادکردن و خێراکردنى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى لەنێوان هەردوو دەروازە.
8- هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنى هاوکارییەکانى هاوبەشى کەرتى تایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕى زانیارى لەبوارەکانى پێداویستیەکان و کەمکردنەوە (مناقصات) و توانا هونەرییەکان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا بەهەردوو زمان ئامادەبکرێت و لەڕێگاى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڵگۆڕ بکرێت.
9- هەرێمى کوردستان بەدواداچوون لاى حکومەتى فیدرالى عێراق بکات سەبارەت بە پێشنیارى لایەنى ئێرانى لەسەر ترانزێتى کاڵا بۆ وڵاتى سێیەم.
10-هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لەدەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى ڕێکار و ڕێنماییەکانى بەرکارى هەردوو وڵات.
11-هەردوولا رێککەوتن کاروبارى بازرگانى و گەشتیارى لەدەروازەکانى تەمەرچین - حاجی ئۆمەران بەشێوەى (24) کاتژمێربێت، هەروەها لایەنى ئێرانى پابەند بوونى خۆیان نیشاندا بەپێدانى تابلۆ (پلاک) بەئۆتۆمبێلەکانى گەشتیارى هەرێمى کوردستان لەناو دەروازەى تەمەر چیندا.
12- هەردوولا رێککەوتن هەموو ئەو کاڵایانەى کە بەشێوەى ترانزێت لە ئێرانەوە لەدەروازەکانى ترى هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت، بەهەمانشێوە لەدەروازەى حاجى ئۆمەرانیشەوە ڕێگایان پێبدرێت هاوردەبکرێت.
13-هەردوولا ڕێککەوتن ڕاستاندنى (تصدیق) گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى گواستنەوەى گەشتیارى هەردوو وڵات، لەلایەن هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەنجامبدرێت.
14-ئەم یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنە بەدوو زمانى کوردى و فارسى کە لە(چواردە) خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن هەردوو پارێزگارەوە واژوو کرا.
لایەنى ئێرانى
محەمەد صادق معتمدیان
پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا
لایەنى هەرێمى کوردستانى عێراق
ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن خۆشناو
پارێزگارى هەولێر