تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۳۰ آذر ساعت ۱۶:۲۶ بازدید: 934      نظرات: 0      کد مطلب: 17212

یەڵــــــــــدا و خۆنـــــــــوێنی

عەبدۆڵڵا حەمزە ـ سەردەشت


ئەو کات و سات و ڕۆژانەی کە مرۆڤەکان تێیدا دڵخۆشن، پێی دەڵێن: جێــــــــــــژن.
مرۆڤەکان بە پێی بیر و باوەڕ و ئایین و ئایدیا و سەرکەوتن و  گەییشتن بە مەبەست و ویست و ئارەزوو، یا ڕۆژی لە دایک بوونی خۆیان و خۆشەویستان و کەسایەتییە شویندانەرەکان، لە کات و سەردەم و ڕۆژ و شەوانی دیاریکراودا، دەمێک پێکەوە هەڵدەکەن و پێکەوە بەسەردەبەن و وێکڕا شادی و خۆشی و ڕابواردن دەکەن و پۆشاکی جوان و خاوێن دەپۆشن و خۆراک و ئاوەکی و میوەی دڵخواز و بەنرخ دەخۆن و ڕەنگە لە ڕۆژێک دا بارتەقای مانگێک تێچوویان هەبێ!
یەڵدا...
یەکێک لەو شەوانەیە کە ئایا چەندە مۆرکی بۆنەی کوردی پێوە یا پێوە نیه؟ بۆتە شەوێکی پڕ تێچوو و شەوێک کە دارا و دەوڵەمەندەکان  سەری کیسەکانیان دەکەنەوە و هەموو چەرە و خۆراکێک لە پێش خۆ ڕێز دەکەن و ماڵ و شوێنی دانیشتنیان دەڕازێننەوە!
چەندە زۆرن ئەوانەی کە نەک هەر دەوڵەمەند نین، بەڵکو بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ و خوان و سفرەیان قەرز دەکەن و بە لاسایی لە دەوڵەمەندان چزە و بزە و شیرنی و خۆشاو و شەوچەرەی گرانبەها و دەگمەن دێننە سەر کەوڵ و سفرە و خوان و مێز.
ئەوجار دەوڵەمەند و لاساکەرەوەکانیان، بە موبایل فیلم و وێنەی لەوەڕ و خواردن و خواردنەوەکانیان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕادەگوێزن!
ئێستا لە هەموو ماڵێک نێت و لانیکەم موبایلێکی پێشکەوتوو هەیە کە نە تەنیا گەورەکان، بەڵکو منداڵە وردەکانیش لە دەستیان دایە و ئەوەی لە جیهان دەگوزەرێ،  بە پیس و خاوێن و جوان و ناحەزی دەیبینن و لە مێشک و دڵیان دا شڕۆڤەی دەکەن و ئاواتی بۆ هەڵدەخوازن یا واهەیە بێزاری لێ دەردەبڕن!
بەڵام کەس لە ئامێر و کەرەسە و پۆشاکی جوان و خۆراکی خۆش و بەتام بێزاری دەرنابڕێ، بەڵکو ئاواتی بۆ دەخوازن!
چەندە زۆرن ئەو منداڵ و گەورەساڵانەی لە خێزانە هەژار و دەستکورت و بێ دەرەتان و بێ بژیو و نێو کەلاوەکان دا کە ماڵی تەڕ و شێدار و سارد و سڕیان هەیە، یا لە مانگێک دا ڕەنگە جارێک خۆراکی بەتام و شیرنی و پستە و بادام نەخۆن، بەڵام ئێستا لە فیلمی سفرە و خوانی شەوی یەڵدای ئێمەدا، تامەتامە دەدرێن و بە دڵێکی تژی خەم و پەژارەو چاوێکی پڕ لە گریان و ئەوک و قوڕگی پڕ لە هەنیسک و ناخێکی پڕ لە داخ، ئاخ بۆ خۆراک و پۆشاکی مەمانان هەڵدەخوازن و بەهەزاران ئاواتەوە سەر وەسەرینی هەژاری دەکەن و بە لەشێکی لاواز و بێ هێز و هەناسە هەڵکێشانەوە لێی دەخەون!
بەڵام ئایا ئەوە کۆتایی چیرۆکە!
نەخێر!
بەیانیش کە لە خەو هەستان، موبایلەکەیان دەکەنەوە و چاو دە لاپەڕە مەجازیەکانی ئینستــــــاوە زەق دەکەن و دەرد و ئێش و برک و ژانی شەوێ دەیانگرێتەوە و بیانوو بە دایک و باوکی گیرفان بەتاڵ دەگرن!
یا دەچن بۆیان قەرز دەکەن و بە شتێکی کەم بیانوویان دەبڕن، یادەدرێنە بەر شەق و زللە و بێڕێزی!
ئەو دایک و بابانە چ تاوانێکیان هەیە؟
منداڵەکانیان بە دیتنی وێنەی ماڵ و سفرەی دەوڵەمەندان، دەیاندەنە بەر سێڵاوی ڕق و بێزاری و وادەزانن کە باوک و دایکی ئەوان لێهاتوویی (عورزە) و مشووری پەیداکردنی پارە و دارایی و پێداویستی ئەوانیان نیە!
"ئەو هەویرە ئاوێ زۆر هەڵدەگرێ"!
له کورتی وەبڕین! ئەگەر سفرەکانتان دەڕازێننەوە و خواردنە بەچێژ و تامەکان لە پەنا یەک ڕێز دەکەن! تکایە ...! مڵچەمڵج و پارووبادانەکانتان بە وێنەی خۆگر(سێڵفی) و فیلمی موبایلەکانتان بۆ بەرچاوی منداڵە هەژار و برسی و ڕووت و بێ سەیوان و بێ سەرپاناکان لە تۆڕەکومەڵایەتیەکان ڕامەگوێزن!
هەر خۆنواندن و بەڕوودادان و ڕواڵەت سازیەکی ئێوە، تیرێکە بەرەو مێشک و دڵی ژن و منداڵی هەژاران ئاراستە دەکرێ و ڕەنگە ئەو تامەزرۆیی و هەناسەساردیەی ئەوان، ئەوەندە لە مێشک و ناخیان کاریگەر بێ کە بە لاساری و دەست بردن بۆ کاری نەشیاو و ناحەز، چارەنووسی بنەماڵە و داهاتووی خۆیان پێ ڕەش بکەن و ببنە هۆی ئاکار و کرداری زۆر نەشیاو و تۆڵەی ئەو بەڕووکێشان و خۆنویێنیەی ئێوەش لە دایک و باوک و لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە؟؟؟؟
وەرن تا ئەو کاتەی ژیانی هەمووان دەگاتە ئاستی تێر و تەسەلی، تف لە یەڵدا بکەین و ئەو بۆنە و ڕەسمە نامۆ و بێگانە لە خۆمان دوور خەینەوە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد