تاريخ: ۱۴۰۰ دوشنبه ۲۹ آذر ساعت ۲۲:۵ بازدید: 850      نظرات: 0      کد مطلب: 17209

"سامی عەوداڵ"ی چەوساوە لەدەلاقەی ژیاننامەوە


ناسناوی شاعیری چەوساوەکانی کورد مەلاحوسێنی کوڕی بابە ڕەسوولی کوڕی خەلیفە ئەحمەدە، لە ساڵی ١٩١٠دا لە شاری کۆیە لە دایک بووە. لە خێزانێکی ئاینپەروەر پەروەردە بووە، لە حوجرەی مزگەوتەکانی کۆیە خوێندوویەتی و لە دوایدا لەپێناو تەواوکردنی خوێندنی مەلایەتی گەلێک شار و دێهاتی کوردستان گەڕاوە و گەیشتووەتە پلەی مەلایەتی بەڵام ئیجازەی وەرنەگرتووە و دەستی بەکارو کاسبی کردووە. بەپیشەی پینەدۆزی ژیانێکی پڕ لە کوێرەوەری و دەربەدەری ژیاوە و ماڵ و خێزانی پێکەوە ناوە و بەکڵۆڵی ژیاوە.
 
سامی لەبارەی مێژووی لە دایکبوونییەوە دەڵێت:
لە نۆسەت و دەی بووم لە داکی خۆم
لە ناو شاری کۆیە، بۆیە خەڵقی کۆم
بەڵام دانیشتووی شاری هەولێرم
لەوێدا دەژیم لەسەر ڕەنجی خۆم
عەوداڵ لە خێزانیکی هەژار گەورە بووە، هەر لە تەمەنی چوار ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، لە لای مامی مەلا محەدین لە تەکیەی خۆیان سیپارەی خوێندووە، هەروەها هەر لەلای خۆیان لای ئەحمەد شنۆیی وانەی ئاینی خوێندووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە، دایکی، کە ناوی گوڵێ بووە، بە هەتیوی بە ساوار هاڕین و تەشی ڕێسی و کورەی حەمام سووتاندن بەخێوی کردووە.
سامی عەوداڵ، ئەو ناوەی لە "سامی" کوڕی نەریمان، کە پاڵەوانێکی ئەفسانەی کوردییە، وەرگرتووە؛ "عەوداڵ" پاشناوی بنەماڵەکەیەتی، کە گوندی عەوداڵانی دروست کردووە، زۆر عەوداڵی ئاین بوون.
سامی دەڵێت: "هەرچەند دایکم مێردی بە خەلیفەی مامم کرد، کە بەخێومان بکات، گوایە مامە و واریسە حەقی بەخێوکردنی لەسەرە، کەچی بەخۆی و کوڕێکی بە ملی دایکی هەژارم داهاتن و ئەوانیشی بەخێو دەکرد، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە کاری پینەدۆزییان پێ کردووە، بە شەوان مامی مەلا محەدین دەرسی پێ گوتووە و پاشی ئەوەی مامی مرد بەیانیان دەچووە کەوش درووی، بە شەویش لای مام حەمەدەمین کتێبە فارسییەکانی خوێندووە، گەلێک حەزی لە خوێندنەوەی شانامەکان بووە. 
پاش ئەوەی فێری پینەدۆزی دەبێ، ئەو کارە بەسەر دەچێت، دەستی بە کاری قوڕکاری و کەتیرەیی کردووە. لە ساڵی ١٩٣٥ بۆ کەتیرەکردن لەگەڵ تۆفیق وەردی شاعیر چوونەتە ناوچەی سیکەنە و سەرخان، کە دەکەوێتە نێوان سنووری ئێران و عێراق، شوێنێکی شاخاوی زۆر خۆش و سەرنج ڕاکێشە، شاعیر ئەم دیمەنە ڕەنگین و جوانە دەبینێت، کاریگەری لەسەر دروست دەکات و دەڵێت:
بەبیرت نایێ ساڵی کەتیران
لە شاخی نێوان عێراق و ئیران
لەناو کۆچەری مەنگوڕ و ئاکۆ
هەندێ جار لە ناو مامەش و پیران
پاشان دەستی داوەتەوە کاری پینەدۆزی تا شەڕی دووەمی جیهانی، دوای ئەوە ڕووی لە تەق تەق کردووە و چایخانەی داناوە، حاڵی زۆر خۆش بووە. سامی دەڵێت: دایکم زۆر حەزی دەکرد بەردەوام بخوێنم، بە شەو لەلای مامۆستا مەلا عومەری سۆفی دەمخوێند، کە زاواشمان بوو، لە کۆیەیش هەر لەلای خوێندبووم. لە تەق تەقیش لە ناوەڕاستی شەڕی هیتلەردا، مامۆستا عومەر گوتی هەر دەبێ بچین بۆ تووتنەوانی، منیش لەبەر ئەوەی مامۆستام بوو، دڵم نەشکاند و چووم لەگەڵی، بوومە تووتنەوان. بەم بۆنەیەوە، ئەم شیعرەی داناوە:
خۆم و بەخت و ناوچەوان
ساڵێ بوومە تووتنەوان
بارمان کرد بۆ بیتوێنێ
یاخوا کافر نەیبینێ
سامی لەبەر هەژاری و نەداری و نەبوونی بەناچاری کۆیە بەجێ دەهێڵێ و بەرەو هەولێر کۆچ دەکات، بەم بۆنەیەوە، ئەم شیعرەی داناوە:
من فەقیر و دڵ حەزینم بۆ هەژاریم خەم دەخۆم
ڕووت و برسی و دەردەدارم ساڵی جارێ خۆم دەشۆم
لە کۆتایی هۆنراوەکەیدا "سامی عەوداڵ" دەڵێت:
هەژار و دەردەداری تاکەی دەنۆشی سامی
تۆ فەقیر و بێ مەکانی قەت مەڵێ من خەڵقی کۆم
سامی تاکو ساڵی ١٩٥٠ لە کۆیە ژیاوە لە دوایدا لەبەر کزی باری ژیانی و غەدری مامەکانی بە داگیرکردنی بەشە موڵکەکەی ڕوودەکاتە هەولێر و هەر بە پیشەی پینەدۆزی ژیاوە، تا ساڵی ١٩٧٢ ئینجا دووپاتە چووەتەوە شاری کۆیە و ژیانی لێ بەسەر بردووە تا لە ٢٠ی دێسامبەری ١٩٨٥ کۆچی دوایی دەکات.
سامی عەوداڵ وەک لە پێشەکی چەپکە شیعرە چاپ کراوەکەیدا، هاتووە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە ئاشنای شیعری کوردی بووە و دەستی کردووە بەهۆنینەوەی شیعری غەزەل و بەرکاریگەری هۆنراوە بەرزەکانی نالی و کوردی و حاجی قادری کۆیی و سافی و قانیع و بەرە و هۆنینەوەی شیعری پڕسۆزیان بردووە و بەپێی بیر و باوەڕی سیاسی خۆی پتر بەرەو شیعری چینایەتی و کۆمەڵایەتییەوە چووە وەک قانیع بووەتە شاعیری چەوساوەکانی کوردستان و لە سەرەتادا وەک ڕۆڵەیەکی خاکی کوردستان خۆی بەبێچووە کوردێکی دڵسۆزی خاکی وڵاتەکەی دادەنێ، کە هەردەم مات و مەلوول و چاو بەفرمێسکە لەو خاکە خۆشەی، لەو باخە ڕەنگینەکەی کوردستانەکەی،  بێدەرەتان ماوەتەوە و دەڵێت:
بێچووە کوردێکی خاکی کوردانم
داییم مەلوول و چاو بەگریانم
خەم وەکو زنجیر لەدەست و پێمە
وەک باری گران کەوتە سەرشانم
لەوخاکی واخۆش باخاتی ڕەنگین
بەبێ جێگامەو بێ دەرەتانم



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد