ئەو دوایانە کە هەواڵی گیرانی چەند کەس لە ئەندامانی شووڕای شاری مەهاباد کوتوپڕ کەوتەوە سەردێڕی میدیاکان، من بیرەوەرییەکم هاتەوە بیر کە پێموایە گێڕانەوەکەی بابەتێکی شیاوی خوێندنەوەی لێ هەڵکەوێ. بەهاری ساڵی ١٣٩٧ بۆ سەفەر و سەردان چوومە وڵاتی ئوتریش. خانەخوێکەم دانیشتووی شاری ویەن بوو. بەچاوساغی وی سەری زۆر شوێنەواری مێژوویی و تووریستیمان دا . لە دوور و نزیکی شاری ویەن لە قەراغ چۆمی دانوب چووینە قەڵای ئاگگشتاین.
قەڵای ئاگگشتاین بە کەرەسەگەلێکی شیاو و بەشێوەیەکی بتەو وەک تاجێکی نرابۆ سەر بەرزترین و چڕ و ئاستەمترین لوتکەی تەنیشت ڕووبارەکە. چیاکە لە تۆقی سەرییەوە تا داوێنی کە لۆیەکی لە ئاوی دانوب دەخشا، بە زرێی دار داپۆشرا بوو. ئەو بەرگە کەسکە سامێکی مەزنانەی بە چیا و قەڵاکە بەخشی بوو، کە دەس بەجێ مرۆڤی دەگرت. ئێمە بۆ ئەوەی تێر بەچاوان تەماشای دیمەنە دڵڕفێنەکانی دەور و بەری قەڵا کەین و ساممان وەسەر چیا خەین لە ئۆتۆمبیلەکەمان دابەزین و ملی یەکێک لە ڕێچکانەمان گرت کە بە نێو دارستانەکەدا بەرەو لوتکە و قەڵا هەڵدەکشا. ڕێچکە و دیمەن دەستیان گرتین نازانم بە کوێدا گەیاندیانینە قەڵا.
قەڵا چ قەڵا شیوەی داڕشت و شوێنی هەڵکەوتن و ئەو ئیرادەیەی ئەو کەرسانەی گەیاندبووە ئەو لووتکەیە و سەر لەبەری، زار و زمانی مرۆڤی پڕ لە ئافەرین دەکرد. تۆ بەنایەک بنیاد بنێی سەدان ساڵ عومر بکا! تۆ شتێک سازکەی ئەوەندەت شایی پێی بێ کە سەدان ساڵ ئاگات لێی بێ و بیپارێزی! تۆ شتێک ساز کەی دوای سەدان ساڵ زیندوو بێ و داهاتی لێ بکەوێتەوە! ئەو قەڵایە لە سۆنگەی سەردانی تووریستانەوە بەقەد کارخانەیەکی داهات هەبوو!
بەڵام ئەوەی لە هەموو بابەتێکی زێدەتر منی سەرسام کرد فەلسەفەی خودانی قەڵا، واتا ئاگگشتاین بوو. وەک تێکستەکانی ناو قەڵا باسیان دەکرد، ئەو شوێنە وێڕای چەند قەڵای دیکە لەمبەر و ئەوبەری ئاوەکە، بۆ پاراستنی هێمنایەتی کەشتی ڕانی لە دانوب دا ساز کرابوون. دانوب تەنیا هەر ڕووبارێک نییە بەڕێبواری بە ئورووپا دا بڕوا، بەڵکە شاڕێیەکی بازرگانییە.
گوایە ئاگگشتاین دوو دەستە مرۆڤی لەبەر دەست دابوون. تاقمێک سەرباز بۆ پاراستنی هێمنایەتی، کە ئەرکی سەرەکی قەڵا بوو. تاقمێکیش دز کە کاریان تێکدانی هێمنایەتی بوو. ئەو جار نا جارێک دزەکانی دەنارد کەشتییەکانیان ڕووت دەکرد. بازرگان و خەڵک هاواریان بڵیند دەبوو. ئاگگشتاین سەربازەکانی دەنارد دزەکانیان دەگرت و لە زیندانی قەڵایەیان دەکردن . هێمنایەتی مسۆگەر دەبوو. پاش ماوەیەک دزەکان زیندانیان دەشکاند و هیمنایەتیان سەر لەنوێ دەبەزاندەوە و چیرۆکەکە بەو شێوەیە درێژەی دەستاند. خودانی قەڵا نانی پاراستنی هێمنایەتی دەخوارد. ئەگەر ناهێمنی نەبا، هێمنایەتی وەبەر چاو نەدەهات، بۆیە ناچار بوو هەردووکیان بەیەکەوە بحاوێنێتەوە.
چیرۆکی شووڕای شاری ئێمەش هەر دەڵێی چیرۆکی قەڵای ئاگگشتاینە. هەر دوو دەستە، هەم دز و هەم دزگرەکان مرۆڤ و دەسکردی دەسەڵاتێکن. ئەرکی تاقمێک دزی و ئەرکی تاقمەکەی دیکە دز گرتنە. بۆ بەرز ڕاگرتنی نرخی کارەکەی خۆیان دەبێ کەسانێکیان هەبێ یان کەسانێک هەبن کە هێمنایەتی گشتی تێک بدەن و ئەوانیش بەرقەراری کەنەوە. هەڵبەت ئاشکرایە لەو کۆمەڵگایەی ئێمە تێدا دەژین هەر بەتەنیا ساختاری سیاسی نەخۆش و گەندەڵ نییە، بەڵکە ساختاری کۆمەڵایەتیش گیرۆدەی گەندەڵی جۆراوجۆرە و دەبێ بە شێوەیەکی شیاو بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵی بکرێ.
تا تەکلیفی پەروەندەی شووڕاکانی دەوری پێش ڕوون نەبێتەوە چیرۆکی ئاگگشتاین گومانی یەکەمە.