تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۲۳ آذر ساعت ۹:۱۸ بازدید: 1230      نظرات: 0      کد مطلب: 17149

زیانەکانی زۆر کەڵک وەرگرتن لە مۆبایل بۆ منداڵان و تازەلاوان


مۆبایل هەرچەند ئامرازێکی باشە بەڵام زۆر بەکارهێنانی وێڕای ئەوەیکە بۆ گەورەساڵان زیانی هەیە بۆ منداڵان و تازەلاوان زیانێکی زیاتری هەیە.
منداڵێکی کە دایمە خەریکی بزۆزییە ئاسایشی لە ئێوه هەڵگرتووە، بەسێتی کە مۆبایلێک یا تەبلێتێکی بدەنە دەستی و ببینن کە چۆن چەندین کاتژمێر گۆشەنشین دەبێت و خەریک بە یاریکردن، بێ ئەوەیکە قسەیەکی بکات.
بەڵام گرینگە کە بزانن ئایا ئەو زیانانەی مۆبایل لەسەر منداڵی ئێوەی دەبێت بایەخی هەیە بەم شێوە بیخافڵێنن؟
 ئەمجارە هاژە بە هەشت بژاردە باس لەسەر ئەم زیانانەی کە مۆبایل لەسەر منداڵەکانتانی دادەنێت و قەرەبوو نابنەوە دەکات.
۱. لاوازی بینایی
بەسەرنجدان بەوەیکە کەڵک وەرگرتنی منداڵان لە مۆبایل یا تەبلێت ماوەیەکی درێژ دەخایێنێت، بیرمەندانی ئوروپایی لە نوێترین تاوتوێیەکی کە کردوویانە بەو ئاکامە گەیشتوون کە زۆر کارکردن بە مۆبایل دەتوانێت زیانی مەترسیدار لەسەر سیستەمی دەماری(عصبی) و چاوی منداڵان دانێت.
۲. وەدیهاتنی گرفتی دەماری لە منداڵان
لە یەک‌ شوێن دانیشتن و لەبیربردنەوەی یارییەکانی منداڵانە دەبێتە هۆی کێشەگەلی دەماری. زۆر کارکردن بە کۆمپیتەر، تەبلێت، مۆبایل و یا حەتا زۆر چاو لە تلویزیۆنکردن لە مەودای کەم‌ڕا، کاریگەری خراپ لەسەر مێشک و دەمارەکان دادەنێت.
کۆڕی پسپۆڕانی منداڵان لە وڵاتی ئامریکا دەڵێن کە منداڵانی کەمتر لە تەمەنی دووساڵ نابێ چاو لە هیچ شاشەیەکی بکەن بەڵام لە کۆمەڵگای ئەوڕۆیی ۹۰ لە سەدی منداڵانی کەمتر لە ۲ساڵ لەسەریەک بینەری بەرنامەکانی تلیزیۆنن.
۳. دابەزینی ئاستی چۆنییەتی خەو
 کەسێک کە لە تاریکیدا چاو لە مۆبایلی زیرەک یا تەبلێت دەکات، درێژی شەپۆلی قوڵەی تیشکی شینی مۆبایل، دەبێتە هۆی وەدرەنگ کەوتنی دەردانی مێلاتۆنین و پڕۆسەی خەولێکەوتن سەختتر دەکات.
پسپۆڕانی زانکۆی هوستوون بۆیان دەرکەوتووە کە نەبوونی خەوێکی ڕێکوپێک مەترسی خەمۆکی، قەڵەوی، وەستانی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشی شەکرەی بە دواوەیە.
٤. تێکچوونی زەینی
بە گوتەی لێکۆڵەرانی ڕووسی، ناردنی زیادە لەحەدی کورتە پەیام، جۆرێک وازواز و تێکچوونی زەینی بەدواوه‌یه کە لە کۆمەڵگای ئەوڕۆیی بەداخەوە لەنێو تازەلاوان زۆر باوتره.
زۆر کەڵک وەرگرتنی ناپێویست لە مۆبایل بۆ بەکارهێنەر، دڵەڕاوکێ و پەشۆکاوی دێنێتە پێش، ئەم نەخۆشینە جۆرێک نەخۆشی دەروونی و دەمارییە و تاکی تووشبوو لە درێژایی ڕۆژدا چەندین جار هەست دەکات مۆبایلەکەی زەنگ دەخوا.
٥. قەڵەوی منداڵان
لێکۆڵەرانی ئامریکایی بە پێداچوونەوە بەسەر زانیارییەکانی زیاتر لە هەزار منداڵی قەڵەو کوتیان:  بە زۆربوونی تەبلێتەکان و مۆبایلە زیرەکەکان، قەڵەوی لە نێو منداڵاندا زیاتر لە جاران زیادی کردووە.
زۆر چاو لە شاشەکانکردن، زۆر دانیشتن، که‌م جوڵانەوە، دابەزینی چۆنییەتی خەو و خواردن لە کاتی یاریکردن بە مۆبایل پەرەی بە قەڵەوی منداڵان داوە.
٦. گرێی مێشکی (تومور مغزی)
پسپۆڕانی ئینگلیسی دەڵێن گرێی مێشکی لە تەمنی تازەلاوی و گەورەساڵیدا، حاسڵی کەڵک وەرگرتنی زیادە لەحەد لە کەلوپەلی ئەلکتڕۆنی لە تەمەنی منداڵیدایە.
هەرچەند منداڵ زیاتر لە کەلوپەلی ئەلەکتڕۆنی کەڵک وەرگرێت لە تەمەنی گەورەساڵیدا ئەگەری تووشبونی بە گرێی مێشک زیاترە.
۷. مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە
 پەیوەندی گرتن یا زەنگ لێدان بە مۆبایل دەبێتە هۆی درووستبوونی شەپۆلی ڕادیۆیی، زۆربوونی ئەم شەپۆلانە یەکێک لە گرینگترین نیگەرانییەکانه له‌سه‌ر زۆربوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.
٨. زیانەکانی جسمی بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە هێندزفێری
پسپۆڕانی کالیفۆڕنیایی بۆیان دەرکەوتووە کە بە دەنگی بڵیند گوێدان بە مۆسیقا بە کەڵک وەرگرتن لە هێندزفێری بە مەودای زۆر، دەبێتە هۆی نەخۆشیگەلی جۆراوجۆر، بۆ نموونە دابەزینی ئاستی بیستن بە شێوەی کاتی یا هەمیشەیی.
هێدفۆن بە هۆی گواستنەوەی دەنگ بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لەسەر سیستەمی بیستن کاریگەری خراپی دەبێت.
۹. خووگرتن بە مۆبایل (اعتیاد بە تلفن همراە)
زۆرێک لە منداڵان خوویان به مۆبایلەکەیانەوە گرتووە، بەیانی کە لە خەو هەڵدەستن پێش ئەوەیکە نانی بەیانی بخۆن دەست‌ دەکەن بە یاریکردنی سەرهێڵ بە مۆبایل یا تەبلێت.
لێرەدا ئەگەر دایک‌وباب نەتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن منداڵان بەڕاحەتی گیرۆدەی مۆبایل دەبن و ڕزگارکردنیان ئەستەم دەبێت.
وێڕای ئەوەیکە زۆرێک لە یارییە سەرهێڵەکان(آنلاین) بۆ بەرزکردنەوەی پلە و پایەی یاریزان پێویستی بە پووڵ تێکردنە، هەندێک جار دەبینین کە منداڵان لە کارتی بانکی بنەماڵەیان پووڵ هەڵدەگرن تا پلەی خۆیان بەرز بکەنەوە. زۆرێکی دیکە لەم یارییانە وێنەی دزێو و ناپەسەندی تێدایە کە منداڵی دەگەڵ شتێکی ئاشنا دەکا کە بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە و بێگومان لێکەوتەی خراپی هەیە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد